رووسیه، ئیسرائیل و ئێران سه‌باره‌ت به سزا نوێیه‌كانی یه‌كێتی ئوروپا له دژی رژیمی ئێران، كاردانه‌وه‌یان له خۆیان نیشاندا. رووسیه سزاكانی به ناكارساز ناو لێبرد، ئێران مه‌حكوومی كرد و ئیسرائیل پێشوازی له سزا نوێیه‌كان كرد.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: سزاكانی یه‌كێتی ئوروپا هه‌وڵه دیپلۆماتیكه‌كان له‌م بواردا لاواز ده‌كات. مۆسكۆ له‌م بواره‌دا ره‌خنه‌ی له ئه‌مریكاش گرت و ئاشكرای كرد كه ئه‌و شێوازه گوشار خستنه‌سه‌ره، باوه‌ڕ نه‌بوونه به بنه‌ماكانی هاوكاریكردن.
به‌ڵام ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه هه‌ڵوێست گرتن و سه‌پاندنی سزا یه‌كلایه‌نه‌كان له راستای بڕیارنامه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه. هیلاری كلینتۆن و تیمۆتی گایتنێر، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌و خه‌زانه‌داری ئه‌مریكا وێڕای پێشوازی كردن له هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی ئوروپا و كانادا ئاشكرایان كرد كه جێی داخه كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ناچاره ده‌ست بداته وه‌ها هه‌وڵێك. به‌ڵام وه‌زاره‌تی خه‌زانه‌داری ئیسرائیلیش له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: هه‌وڵی یه‌كێتی ئوروپا په‌یامێكی روون و ئاشكرایه بۆ رژیمی ئێران و وڵاتانی دیكه‌ش ده‌بێ ده‌ست بده‌نه هه‌وڵێكی له‌و چه‌شنه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی ئوروپای به په‌یڕه‌وی كردن له ئه‌مریكا ناولێبرد و ئاشكراشی كردووه كه سزاكان كه‌ش و هه‌وا بۆ وتووێژ خه‌وشدار ده‌كات.
كاترین شتۆن، به‌رپرسی سیاسه‌تگوزاری یه‌كێتی ئوروپا، په‌یڕه‌وی نه‌كردنی رژیمی ئێرانی له بڕیارنامه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم به هۆكاری سه‌پاندنی سزاكان زانی. فرانكۆ فراتینی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا له برۆكسێل رایگه‌یاند: رژیمی ئێران گه‌لێك جار به‌ڵێنیدا بوو كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ وتووێژه‌كان، به‌ڵام به‌ڵێنه‌كه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرد و ئه‌وه‌ش قه‌بوڵ ناكرێت. فراتینی روونیشی كرده‌وه كه یه‌كێتی ئوروپا ده‌یهه‌وێ به رژیمی تاران بڵێ كه ئێمه چاوه‌ڕوانی وتووێژین.
له لایه‌كی دیكه‌وه، رووسیه وێڕای ئه‌وه‌ی كه ره‌خنه‌گری سزاكانه، رۆژی سێ شه‌ممه له به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌دا ره‌خنه‌ی له سه‌رۆك كۆماری ئێران گرت. رۆژی هه‌ینی رابردوو ئه‌حمه‌دی نژاد رایگه‌یاند: مۆسكۆ له دژی ئێران كار ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كانی ئه‌و وڵاته درۆ و شتی ناڕاست بڵاو ده‌كاته‌وه.
به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیه ئه‌و لێدوانانه‌ی ئه‌حمه‌دی نژادی به درووشمی نابه‌رپرسان له قه‌ڵه‌م داوه و رایگه‌یاندووه كه له جیاتی ئه‌و قسانه باشتر وایه كۆماری ئیسلامی بگه‌ڕێته‌وه بۆ وتووێژه‌كان له‌گه‌ڵ گرووپی پێنج زێده یه‌ك.
نوێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران له ئاژانسی ئه‌تۆمی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له دوای پێشكه‌ش كردنی وه‌ڵامی ئه‌و وڵاته سه‌باره‌ت به گۆڕینه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی، رایگه‌یاند كه ئێران ئاماده‌یه به خێرایی بگه‌ڕێته‌وه بۆ وتووێژه‌كان.