مێژوو لێوانلێو‌ه له كرده‌وه‌ی تێرۆریستی،كاریگه‌ری راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆی له سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی، به‌له ناو بردن یان به مه‌ترسی له‌ناوبردن هه‌بووه و مرۆڤی له ماف وئازادیه ره‌واكانی دوور خستوه‌ته‌وه.
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، تێرۆریزم چیه؟ تێرۆریزم له وشه‌ی تێرۆر، تێرس ی ters لاتینی به مانای ترس و چاوتۆقاندن، و ئیزم به مانای قوتابخانه پێكهاتوه و له فه‌رهه‌نگۆكی زانسته‌كانی فه‌رانسه‌دا به سیسته‌م یان رژیمی ترس و چاوتۆقان دانراوه و نوسراوه. هه‌ندێكجار ژاكۆبنه‌كان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یان به خوێندنه‌وه‌یه‌كی پۆزێتیڤ له‌مه‌ڕ كرده‌و‌ه‌كانیان به‌كار هێناوه، به‌ڵام به‌دوای نۆی تێرمیدۆردا ئه‌م وشه‌یه مانایه‌كی خراپی له‌خۆ گرت و بوو به جنێوێكی وه‌بیرهێنه‌ری كرده‌وه‌ی پیس وناشیرین. تێرۆریست به كه‌سێك د‌ه‌گوترا كه به یارمه‌تی سیسته‌مێكی چاوتۆقێنه‌ر ده‌یهه‌ویست روانگه‌ی خۆی به‌ره‌و پێش به‌رێت.
وه‌زاره‌تی به‌رگری ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له سالی 1990ی زایینی پێناسه‌ی»به‌كارهێنانی نایاسایی زۆر و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی زۆر یان چاوتۆقێنی له دژی دارایی و تاكه‌كان بۆ ترساندنی حكومه‌ت یان كۆمه‌لگا جیاوازه‌كان، به‌هیوای ده‌سته‌به‌ر كردنی مه‌به‌سته سیاسی، ئایینی، ئایدۆلۆژیكه‌كان» بۆ تێرۆریزم دیاری كردوه. به گشتی بنه‌مای فیكری تێرۆریزم ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌رچاوه‌ی جیاوازی بزوتنه‌وه ئایینیه ناڕازیه‌كان، سه‌رهه‌ڵدانه سیاسییه‌كان و بزاڤه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.
كوژرانی ژوولیوسی سێزار به‌ده‌ستی برۆتێئۆس‌ی برازای به‌پێی پیلانی سێناتۆره‌كانی سینای رووم، و كوشتنی نۆزده برای سوڵتان محه‌مه‌د‌ی عوسمانی به ده‌ستی سوڵتان له سه‌ر وه‌لانانی نه‌یارانی ده‌سه‌ڵاتی، دوو نموونه‌ی كۆن له چه‌شنی كرده‌وه تێرۆریستیه‌كانی مێژوو وه‌بیرمان دێننه‌و‌ه، كۆنترین بزوتنه‌و‌ه‌ی تێرۆریستی مێژوویی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ خه‌باتی گروپێكی ئایینی،پێكهاتوو له پیاوانی پله خواری كۆمه‌ڵگای جووله‌كه‌كانی فه‌له‌ستینی یان سه‌هیۆنی كۆن له دژی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی رۆمیه‌كان به‌سه‌ر فه‌له‌ستیندا له سالانی 66-73 زایینی، ناسراو به سیكاری. له هێندوستانیش هه‌ندێك له فۆڕمی ئه‌نجومه‌نێكی نهێنیدا قوربانیه‌كانی خۆیان به په‌تی هه‌ورێشمی ده‌خنكاند و «تاگی» یان خنكاندنیان به كرده‌وه‌یه‌كی پیرۆز بۆ خواژنی كالی ده‌زانی كه ناسراون به تاگ.
تێرۆریسمی سه‌رده‌می نوێ پاش شۆڕشی مه‌زنی فه‌ڕا‌نسه و سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه‌خوازی ئه‌وروپا سه‌ری هه‌ڵدا و هاوكات له‌گه‌ڵ پێكهاتنی كۆنگره‌ی ڤییه‌ن له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، و سه‌ركوتی رزگاریخوازی و یه‌كگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان شه‌پۆلێكی به‌رفراوانی تێرۆر ئه‌وروپای داپۆشاند و بزووتنه‌وه‌ی كاربۆنێری ئیتاڵی و بۆرشن شافت‌ی ئه‌ڵمانی(ئه‌نجومه‌نی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا)وبزاڤی خوێندكاری یووگ-ئۆسلۆ(بۆ وه‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی سێربستانی گه‌وره) پێكهاتن.
سكاڵا و ره‌نجه‌رۆیی، سه‌ركوتی كه‌مینه‌كان، راگرتنی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كان، بڵاوه‌ی هزره روناكی به‌خشه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنی بیری نه‌ته‌وه‌خوازی، ئه‌مانه پێكه‌وه سه‌رجه‌م بوون به هۆكاری ملكه‌ج نه‌كردن و هه‌وڵدان بۆ تێكشكاندنی بارودۆخێكی سه‌پێندراو به سه‌ر خه‌ڵكدا و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به‌ره‌و هزر و كرده‌وه و سه‌رهه‌ڵدان و بزوتنه‌وه مۆدێرنه‌كان.
تێرۆریزم له سۆڤیه‌تدا سێ شه‌پۆلی له‌خۆ گرتوه، شه‌پۆلی یه‌كه‌م بزاڤی نارۆدنایا و لیا له ساڵانی 1878-1881زائینی دا، شه‌پۆلی دووهه‌م به سه‌رهه‌ڵدانی حیزبی شۆڕشگێڕانی كۆمه‌لایه‌تی و تێرۆری سیپاگین له1902 زائینی ده‌ستی پێكرد و له ساڵانی 1905-1907 زائینی 207 كرده‌وه‌ی تیرۆریستیان به یارمه‌تی باڵی چه‌كداریان ئه‌نجامدا، شه‌پۆلی سێهه‌م دوابه‌دوای سه‌ركه‌وتنی 1917 هاته ئاراوه و رووی له سه‌ركرده كۆمۆنیسته‌كان بوو-كوژرانی ولۆدارسكی و بریندار بوونی لنین- به‌ڵام بێ كێشه‌یه‌كی تایبه‌ت تواندرا چاره‌سه‌ر بكرێت.
له رۆژئاوای ئه‌وروپادا، ئاڵای هه‌ڵكراوی تێرۆریزم به ده‌ستی ئانارشیسته‌كانه‌وه بوو و به كرده‌وه بانگه‌وازی تێرۆریان ده‌كرد و باشترین رێگای ده‌سته‌به‌ر كردن و به‌دیهێنانی ئاڵوگۆری سیاسی-كۆمه‌ڵایه‌تی و شۆرشگێرانه یان، له كوشتنی ده‌سه‌ڵاتداراندا ده‌بینیه‌وه.
دوابه‌دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی واته ساڵانی 1920-1930 زایینی تێرۆریزمی سیستماتیك له په‌ڕاوێزی بزووتنه‌وه فاشیستیه‌كان وه‌كوو ئه‌رته‌شی ئازاد‌ی ئه‌ڵمانیا و قه‌ڵغانی ئاسنی رۆمانیدا به‌دی هات.
شه‌پۆلی نوێی تێرۆریزم به دوای خوێندنه‌وه‌ێكی فه‌نده‌مه‌نتاڵ له نه‌ته‌وه‌خوازی،ئایین و سیاسه‌ت له 1980 دا زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی ته‌نیو تێرۆری ئه‌نوه‌ر سادات به ده‌ستی خالید ئیستانبۆلی، ته‌قاندنه‌وه‌ی ماشێنێكی بۆمبڕێژكراو له ده‌میشق له لایه‌ن ئه‌خوان‌المسلمین ،تێرۆری گاندی به ده‌ستی سیكه‌كان، ته‌قاندنه‌وه‌ی بینای ئاوڵ‌دوانه بازرگانیه جیهانیه‌كانی ئه‌مریكا له لایه‌ن ئه‌لقاعیده‌وه ، ئاماژه به‌و راستییه‌یه .
«به‌كارهێنانی توندوتیژی به پێی پلانی له پێشداڕێژراو، به مه‌به‌ستی سیاسییه‌وه له لایه‌ن كارگیڕانی نهێنی حكومه‌ت له دژی ئامانجه ناسه‌ربازییه‌كان» به پێناسه‌ی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی ده‌ناسێندرێت. وه‌كو ئاڵمانی هیتلێری ،ئه‌ندۆنیسیایی سوهارتۆ، سۆڤیه‌تی ئێستالین و كۆماری ئیسلامی ئێرانی خۆمه‌ینی و خامنه‌یی، عێراقی سه‌رده‌می به‌عسی سه‌دام ، وڵاتگه‌لێكی كۆمۆنیستی، كاپیتاڵیستی و ئیسلامین كه به چه‌مكی هاوبه‌شی دیكتاتۆرییه‌تی سیاسییه‌وه، ته‌نیا بۆ راگرتنی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌ستیان داوه‌ته كوشتن و تۆقاندنی خه‌ڵك.
تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی به پشتیوانی ده‌زگایه‌كی زانیاری، پۆلیسی و سه‌ربازی ده‌خوڵقێت و له به‌راورد له‌گه‌ڵ شێوه‌كانی دیكه‌ی تێرۆریسمدا قۆربانی زۆرتری داوه. سیمایه‌كی دیكه‌ی تێرۆریسمی ده‌وڵه‌تی تێرۆریسمی ده‌ره‌كییه‌و به واتای دزین، به بارمته‌گرتن و كوشتنه له لایه‌ن تێرۆریستێكی ده‌ست‌نیشانكراوی پشت ئه‌ستوور به پشتیوانی ده‌وڵه‌تیكه‌وه.
تێرۆریزم له ئێران‌دا:
كوژرانی خه‌سره‌و په‌رویزی ساسانی به ده‌ستی ده‌وروبه‌رییه‌كانی له سالی 628زائینی كۆنترین دیارده‌ی پیلانگیڕی له دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیه، به‌ڵام كرده‌وه‌ی تێرۆریستی رێكخراوه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می سه‌لجوقیه‌كان و هه‌ڵسوكه‌وتی گروپی ئیسماعیلییه به رێبه‌رایه‌تی «حسن صباح» كه به حه‌شاشین و فداییانی ئیسماعیلییه ناسراون و كوشتنی قوربانییه‌كانیان به كرده‌وه‌یه‌كی ئایینی و پیرۆز زانیوه. تێرۆری سه‌ركه‌وتوانه‌ی «ناصرالدین» شای قاجار به ده‌ستی میرزا ره‌زای كرمانی و به هاندانی سه‌ید جماڵ ئه‌سه‌د ئابادی، یه‌كه‌م دیارده‌ی تێرۆری سیاسی له مێژووی سه‌رده‌می ئێراندایه. له سه‌رده‌می ره‌زا شای په‌هله‌ویدا حكومه‌ت ده‌ستی دایه كرده‌وه‌ی تێرۆریستی و هه‌وڵی له‌ناوبردنی ناڕازیان و نه‌یارانی خۆیدا، نمونه‌ش تێرۆری میرزاده‌ی عێشقی، واعز كه‌یوانی و سه‌ردار ئه‌سعه‌دی به‌ختیاری و ئیسماعیل ئاغای سمكۆ یه. له سه‌روبه‌ندی ده‌ستبه‌كاربونی حه‌مه‌ره‌زا شا، ئاڵای تێرۆر به پشتیوانی «نواب صفوی» و به ده‌ستی براكانی ئیمامی ، زوالقدر، خه‌لیل ته‌هماسبی و هتد به ناوی فیداییانی ئیسلامه‌وه، ده‌شه‌كایه‌وه و له بواری ئایدیالۆژیكه‌وه پشت ئه‌ستور به ئایتوڵڵا كاشانیه‌وه بوون. تێرۆری ئه‌حمه‌دی كه‌سره‌وی ، ره‌زم‌ئارا به ده‌ستی ئه‌وان روویدا. دوابه‌دوای تێرۆری سه‌رنه‌كه‌وتوانه‌ی حسێن عه‌لا، گروپه‌كه‌ی «نواب صفوی» و خۆیشی كوژران و له سێداره دران. كۆمه‌ڵی موئته‌لفه‌ی ئیسلامی كه لایه‌نگری روانگه‌و ئامانجه‌كانی فیداییان بوو، ده‌ستی دایه تێرۆری حه‌سن عه‌لی مه‌نسور سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكات كه مۆحه‌مه‌دی بوخارایی به یارمه‌تی نیكنژاد،ئه‌مانی و سه‌فار هه‌رندی به پشتیوانی بڕیاری ئایینی ئایه‌توڵڵا میلانی ئه‌و كاره‌یان كرد.
تێرۆری ده‌وڵه‌تی پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1979 زاینی و هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی، راسته‌وخۆ یان به یارمه‌تیدان به گروپه تێرۆریستیه‌كان به‌رده‌وام له كرده‌وه تێرۆریستیه‌كاندا ده‌ستی هه‌بوه‌و به ته‌واوی له فۆرمی تێرۆریستیكی ده‌وڵه‌تیدا له جیهاندا ناسراوه و به‌شێكی زۆری بودجه‌ی ساڵانه‌ی ئێران بۆ مه‌به‌سته تێرۆریستییه‌كان ته‌رخان كراوه. ئه‌م دۆسیه هه‌ردوو سیمای تێرۆری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له خۆ گرتوه و له تیرۆری ده‌ره‌كیدا پشتیوانی كردن له گروپی حه‌ماس، حیزبوڵڵا و سپای به‌در، كه‌ره‌سته‌و ئامرازی جێبه‌جێكردنی مه‌به‌سته تێرۆریستییه‌كانین. به واتایه‌كی تر، بنه‌مای سیاسه‌تی ده‌ره‌كی كۆماری ئیسلامی له سه‌ر تێرۆر داڕێژراوه. بۆ نموونه ته‌قاندنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌ی جوله‌كه‌كانی بۆینێس ئایرێسی ئارژانتین، ته‌قینه‌وه‌كانی عێراق و ئه‌فغانستان، تێرۆری ئێرانیانی دانیشتووی هه‌نده‌ران وه‌كو ئۆوه‌یسی 1984 پاریس، بیژن فاچلی 1986لندن، سدیق كه‌مانگه‌ر له 1988 له باشوری كوردستان، ته‌وه‌كولی وكوڕه‌كه‌ی1987 ، عبدالرحمن قاسملو 1989 ڤییه‌ن،كازم ره‌جه‌وی 1990ژێنێڤ، شاپور بخت‌یار 1991پاریس،سادق شه‌ره‌فكه‌ندی و هاوڕێیانی1992 بێڕڵین،هه‌روه‌ها تێرۆری زێده‌تر له ده‌یان كادری حیزبه‌كانی رۆژهه‌لاَت له باشووری كوردستان به شێوازگه‌لی جوارجۆر كه ئه‌توانین بڵێین كۆماری ئیسلامی نوێنه‌ری خۆڵقاندنی ئه‌م شێوازه‌ی تێرۆر بووه له ناوچه‌كه.
هه‌روه‌ها كۆماری ئیسلامی له ناوخۆیش به سیاسه‌تی تێرۆر هه‌وڵی له‌ناوبردنی كه‌سایه‌تیه ناسراوو روناكبیر‌و ره‌خنه‌گره‌كانی داوه بۆ نمونه جعفر پوینده، محمد مختاری، مجید شریف، داریوش فروه‌ر و خێزانه‌كه‌ی. ته‌نانه‌ت به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه‌و به شێوازی به ناو ده‌ستوری،ده‌ستی داوه‌ته تێرۆری هاوڵاتیانی بۆ نموونه تیربارانه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی شاری سنه و شاره‌كانی تری كوردستان، گۆڕستانی خاوه‌ران و تۆركه‌مه‌ن سه‌حرا و هتد.
هه‌ر بۆیه وه‌ها رێژیمێك كه خۆی داهێنه‌ری تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تییه له هه‌موو ناوچه‌كه و جیهان، بیگومان كاردانه‌وه‌ی هه‌رچه‌شنه توندوتێژییه‌ك له ناوخۆی ئێران له لایه‌ن به‌رهه‌ڵستكارانیه‌وه راسته‌وخۆ هۆكاره سه‌ركییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌م سیسته‌مه تێرۆریست په‌روه‌ره.