لە پێشمەرگایەتییەوە تاوەکوو پەیکەرتاشی
08/11/2012
ئازاد ئاخکەند

سازدان: ئاسۆی رۆژهەڵات

لەوانەیە ئەزموون کردنی دوو جۆر لە ژیان کە تایبەتمەندی جیاوازی هەبێت و کارەکتەری جیاواز ببەخشێت بە مرۆڤ بۆ هەموو کەس ئاسایی نەبێت و نەتوانێ خۆی لەگەڵ بگونجێنێت. بەڵام لە دەوروبەری ئێمەدا هەن کەسانێک کە ئەو ژیانەیان ئەزموون کردوەو لەوانەیە ونیش بن لێمان. ئازاد ئاخکەند یەکێکە لەو کەسانە کە دوو جۆر ژیانی بە تەواوی لێک جیاوازی ئەزموون کردوە، یەکیان ژیانی پێشمەرگایەتی کە پڕە لە سەختی و چەرمەسەری و بەتەواوی گیان لەسەر دەست دانانە و ئەوی تریش ژیانی هونەرییە کە بە پێچەوانە پڕە لە هەستی ناسک و رۆمانتیک و روانگەی جوانیناسی فرە رەهەند. بەڵام هەر وەک خۆشی لەم وتووێژەدا باسی دەکات ئەو دوو ژیانە یەک شت دیسانەوە پێکەوە گرێیان دەدات ئەویش خۆشەویستی نیشتمان و کوردستانە و دەکرێ لەم دوو ستایلە لە ژیان خزمەت بە نیشتمان بکەین.

ئازاد ئاخکەند، لە دایک بووی ساڵی 1963ی ز لە گوندی ئاخکەندی سەر بە شاری سەقز، ماوەی 4 ساڵ پێشمەرگەی کۆمەڵە بووەو دواتر لە ساڵی 1984 لە شەرێک لە گوندی تورجان بریندار دەبێت و پاشان بۆ دەرمان و چارەسەری برینەکەی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، بەکالۆریۆسی هەیە لە بواری هونەری پەیکەرتاشی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی وڵاتی دانمارک، ماوەی 23 ساڵە سەرقاڵی هونەری پەیکەرتاشیە و ئێستاکەش ماوەی 27 ساڵە دانیشتوی وڵاتی دانمارکە.

پەیکەرتاشی لە بنەڕەتدا بۆ کەی دەگەرێتەوەو هونەرێکی رۆژئاواییە یان لە رۆژهەڵاتیشدا بەدیدەکرێت:
لە راستیدا پەیکەر تاشی تەنیا تایبەت نییە بە رۆژئاواوەو لە رۆژهەڵاتیشدا بەدی دەکرێت و ئاسەوارەکانی دیارن. راستییەکەی ئەوەیە کە مرۆڤ لەسەر بنەمای سێ پێویستی خواردن، سێکس و هونەر گیرساوەتەوە یانی هونەر بەشێکە لە پێداویستی ئینسان بە تایبەت هۆنەری پەیکەر تاشی کە بە پێی بەڵگە مێژووییەکان لە یەکەم هونەرەکان بووە کە مرۆڤ دەستی پێکردوە. مرۆڤ لەوانەیە پێش ئەوەی زمانیشی گرتبێت دەستی دابێتە وینا کردن و داتاشینی هەندێ هێما کە لای ئەو مانای تایبەتی هەبووبێت.پەیکەر تاشی لەوانەیە بۆ 70 هەزار ساڵ لەمەو پێش بگەڕێتەوە کە بێگومان مێژووی بوونی ئینسان کە لە ملوێنێک ساڵ زۆرترە لەو زۆر کۆنترە.

پەیکەر تاشی لە سەرەتاوە تا ئێستا چەند قۆناغی بڕیوە؟
راستیەکەی برێک زەحمەتە کە باس لە سەر رابردوو و مێژووی هونەری پەیکەرتاشی بکرێت، بەڵام بە شێوەی سەرەکی دەتوانین دوو یان سێ قوناغ باس بکەین کە تا بەئەمرۆکەش زۆر جیاوازی فیکری لە سەر نییە و دەتوانین ئاماژە بە سێ قۆناغ بکەین: 1.قۆناغی سەرەتایی 2.قۆناغی کلاسیک 3.قۆناغی مۆدێرنیزم.

قۆناغی یەکەم یان هەمان سەردەمی سەرەتایی: لەم سەردەمەدا ئەو کەسانەی وا کاری پەیکەرتاشییان ئەکرد بە هەستێکی زۆر ورد و زۆر قوڵ و ناسک پەیکەریان دروست ئەکرد. زیاتر سەردەمی راوچی گەری لە خۆ دەگریت و زۆر سیستیماتیک نەبووە، یەکەم جار لە شارستانیەتی میسر دەست پێدەکات. میسریەکان روانینی تایبەتیان دەبێت بۆ پەیکەر، ئەوان واتە میسریەکان بۆ وێناکردنی هێز و توانایی فێرعەونەکان لە شکڵی شێر و هەڵۆ و .. سازی دەکەن و کاتێک لە شوێنێکی گشتیدا پەیکەرەکانیان دادەنێن و هەڵگری ئەوە دەبێت کە خەڵکی بیانپەرەستێت و ئێستاکەش ئەو پەیکەرە گەورانەی وا لە میسردا ماون بۆ ئەوە بوون کە خەڵک سەری کڕنۆشیان بۆ دانەوێنن و بترسن لە خواکانیان. ئەوەش بڵێم کە دژایەتی کردنی ئیسلام لە مەڕ هونەری پەیکەر تاشی زیاتر بە بۆنەی ئەم جۆر بیرکرنەوەیە بوو، پەیکەر تاشی لەم سەردەمەدا شکڵێک بە خۆ دەگرێت کە ئەبێتە تەواو کەری کاری فێرعەونەکان. بەڵام بۆچون و روانینی یونانیەکان لە پەیکەر جیاوازی هەیە لە گەڵ میسر، یۆنانیەکان چەندین خوای جیاجیایان هەیە و ئەوان لە حاڵەتی پەرستین دێنە دەرەوەو پەیکەرەکانیان ئەو حاڵەتە وشک و رەقە بە خۆوە ناگرێت و زۆرتر دەچێتە قاڵبی نزیک بە ئینسان بوون و خەسڵەتە مرۆڤیەکان، یانی ئەو پەیکەرانەی وا یۆنانیەکان سازیان دەکرد تایبەتمەندی ئادەمیزادی تێدا بوو. ئەم شێوازە درێژەی دەبێت تا هاتنی مەسیحیەت کە ماوەی نزیک بە 1000هەزار ساڵ ئەخایێنێـت، لەم سەردەمە هەموو هونەر لە خزمەتی دیندا دەبێت. ئەگەر کەسێک پەیکەرەکانی ئەو کاتەی بینیبت بۆی دەردەکەوێـت کە تەواوی فیگۆرەکانی پەیکەرەکان یان مەسیحە، یان مریەمە، یان بەهەشت و جەهەنەم چۆنەو فریشتە چیەو ..هتد کە ئەمە تا سەردەمی رێنسانس درێژەی دەبێت. هەر لە سەرەتای ناوەراستی رنێسانسە کە خەڵک دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوە لە سەر مێژووی رابردووی خۆیان و بۆ یەکەم جار ئاڵمانییەکان ئەم کارە دەکەن و ئەو قۆناغ بەندیەش هەر لەم کاتەوە باس دەکریت کە ئەم باسێکی فەلسەفییانە بە خۆوە دەگرێت و لێرەدا ناکرێت لە چەند رەستەدا باسی ئەو کاتە زۆر بکەین بەهۆی ئەوەیکە باست و خواستێکی زۆر درێژ هەڵدەگرێت.

ئاستی پەیکەرتاشی لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا چۆن دەبینی؟ ئایا پێشکەوتنی هەبووە؟
من لاموایە ناتوانێت ئاستی پەیکەر تاشی لە ئێران بە گشیتی و کوردستان بە تایبەتی زۆر بەرز بێت هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بە درێژایی 1000ساڵ بگرە زیاتریش ئەگەر بە تەوای بەر لە کاری هونەری نەگیرابێت لانیکەم زۆر کۆت و بەندیان لە سەر داناوە و بە داخەوە زۆر زۆر کەم توانیویەتی خۆی بنوێنێـت. ئەمەش ئەو راونینەی دینە بەرامبەر بە هونەری نواندن، ئیسلام کە دەڵێت شەریک دروستکردن بۆ خودا دەبێـت رۆحێکی تێدا بێـت ولە غەیری ئەو حەرامەو .. هتد. کاتێک ئەم فەلسەفە زاڵە بوونی هەیە دیارە کەس بایەخ بە کاری وانادات، بەڵام بە تەواویش نەخراوەتە پەراوێزەوە هونەری پەیکەرتاشی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ پێوەندی بە مێعماریشەوە هەیە کە ئێمە دەیببینین کاتێک بینایەکی گەورە یان کۆشکێک ساز دەکریت لە هونەری پەیکەرتاشی بۆ رازاندنەوەی کەڵک وەردەگرن. بەڵام رۆژئاوا بە هۆکاری زۆر مێژووییەوە پێشڕەوی ئەم رەوتە هوونەریە بووە و ئەگەر بە پێوانەی ئەوان حیساب بکەین ئێمە هونەرێکی پەیکەرتاشی وا سەیرو سەمەرمان نەبووە. ئەوە راستە لە ماوەی 120ساڵی رابردوودا بە هۆی بوونی دەوڵەتی مۆدێرن بە تایبەت لە ئێران و تورکیە هەندێک ئاکادمیای پەیکەر تاشی دامەزراون. بەڵام ئەم ماوەیە زۆر کورتە ئێوە ئەگەر سەیری وڵاتانێک وەک دانمارک و سکاندیناڤی بکەن دەبینن کە مێژووی ئاکادمیای هونەرییەکەیان نزیک بە پێنسەد یان چووارسەد ساڵە بۆیە وڵاتی ئێمە هێشتا زۆر لە دواوەیە. بەڵام سەڕەرای ئەمانەش تا ئەو جێگای من ئاگادار بم کەسانێک سەرقاڵی راهینان و فێر بوونن کە من دەتوانم ئاماژە بە هونەرمەندی بەڕێز هادی زیائۆدینی بکەم کە ئەمانە خۆ رسکن و خۆیان خۆیانیان بار هێناوەو دیارە زۆر ئاکادێمیایان نەخوێندوە. ئێمە شوێنی راهێنان و ئاکادیمیای هونەرییمان نییە دیارە ئەمە بەراستی بۆشاییەکی یەکجار گەورەیە.

ئێوە وەک هونەرمەندێکی پەیکەر تاش تا ئێستا لە چەند پێشنگادا بەشداریتان کردووە؟
من سەرەتا ئەوە بڵێم کە زۆر حەز و پێویستی مەعیشەتییم نەبووە لە هونەری پەیکەرتاشی، چەند جارێک رێککەوتووە کە لە پیشانگادا بەشداری بکەم بۆ نمونە لە سوید و دانمارک بەشداریی پیشانگام کردووە. من زۆرتر کاری پرۆژەییم کردووەو کارم بۆ ئەو کەسانە کردووەو کە داخوازییان هەبووە، پرۆژەی وا هەبووە کە نزیک بە 6ساڵ من سەرقاڵی بووم و ئێستاش لە چەند خوێندنگاو کتێب خانەی دانمارک کارەکانم ماون. بەڵام هەوڵم ئەوەیە کە لەمەو بەدوا زیاتر بایەخ بدەم بە کاری پێشانگا.
من بڕوام بەو دابەشکارییە نییە بڕوام بەوە نییە کە بڵێم "دەبێ" هونەرمەند دەربەست بێت بەڵام هونەرمەند ناتوانێ لە بەرانبەر ئەو شتانەی کە لە دەورو بەریدا روودەدات گۆی خۆی لێ بخەوێنێت


بەرهەمە هونەرییەکانی ئێوە لە چ ستایلێک نزیکە؟
ستایلێکی تایبەتم نییە، قەت پرسیاری ئەوش ناکەم کە بۆچی نیمە. دیارە لە دونیای واقێعدا شتێک هەیە بە ناوی ستایل بەڵام لام وایە کە فریوکارییە و چونکە هەموو شتێک تێکەڵ پێکەڵە، بە کورتی ئەوە بڵێم کە من نە هەوڵ ئەدەم کە بۆ خۆم ستایلم هەبێت، نە لاینگەری ستایلم و نە کاریشم بە ستایلە.

بڕوات بە هونەری دەربەست هەیە یان هونەر بۆ هونەر؟
من بڕوام بەو دابەشکارییە نییە بڕوام بەوە نییە کە بڵێم "دەبێ" هونەرمەند دەربەست بێت بەڵام هونەرمەند ناتوانێ لە بەرانبەر ئەو شتانەی کە لە دەورو بەریدا روودەدات گۆی خۆی لێ بخەوێنێت.

پرۆژەی داهاتووت چییە و بە چیەوە سەرقاڵی؟
ئەگەر تەمەن مەودا بدات بەنیازم لەمەوبەدوا زۆرتر کار لە سەر وڵاتەکەم و خۆشەیستی خاک و نیشتمانەکەی خۆم بکەم. دەمهەوی کارەکانم روانگەی کوردی و بەروە کوردی هەبێت و مایەی کارەکانم کەسایەتی و ئەو روداوانە بێت کە بە سەر گەلی کورد هاتووە. ئێستاکەش سەرقاڵی پرۆژەی سازکردنی (نیم رخ)ێک لە رابەری گیانبەختکردووی کۆمەڵە کاک فۆئادم کە هیوادارم بتوانم ئەم کارە گەورەیە کۆتایی پێ بێنم.



  :ناو
    :ئیمه‌یڵ
:بۆچوون
 
 
www.Asoyroj.com Copyright © 2012 All Rights Reserved