خۆکوژی دیاردەیەک بە باڵای کۆماری ئیسلامی

خۆکوژی دیاردەیەک بە باڵای کۆماری ئیسلامی

موختار ئەحمەدی

هەبوونی سیستەمی نادیمۆکراتیک و داخراوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و لەمپەردانان لە پێش گەشەو پێشکەوتنی تاکی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا چەندین قەیرانی جۆراوجۆر لەگەڵ خۆیدا دێنێت و لە ئاکامدا هیوا بە ژیان و ئۆمێد بە داهاتووکەم دەکاتەوە. بەردەوامی و بەرەوپێش چوونی ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی هیوا بە دوارۆژ و مرۆڤی ئەو کۆمەڵگا دەخاتە چوارچێوەی قەفەسێکی تەنگی بیرکردنەوە کە تەنیا رێگای دەرباز بوون لەو نەهامەتییانەی کە تووشی بووە یا لە حاڵی تووشبوونیدایە مەرگ و کۆتایی هێنان بە ژیانە.

لە ئێران کە لە ناو وڵاتانی ئیسلامی لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوو پلەی سێهەمی دیاردەی خۆکوژی هەبوو بە حوکمی زۆر بوونی دەبێت ئێستا لە پلەی دوهەمدا بێت.

لە بواری تەمەنی خۆکوژییەکان کە ساڵان لە نێوان ١٧ بۆ ٣٥ ساڵدا بوو ئێستا دەبینین خۆکوژی لە پاڵ دیاردەی لەشفرۆشی گەیشتووەتە تەمەنی 13 ساڵ و ئاخرین قوربانی ئەم دیاردەیە ئاریان رۆستەمیان ١٤ ساڵ تەمەن و پیاوێکی ٥٠ ساڵەیە کە دوێنێ لە شاری مەریوان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دیاردەی خۆکوژی و کۆتایی هێنان بە ژیان پێشتر بە هۆی هەبوونی هەڵاواردنی ڕەگەزی و زاڵبوونی یاسای پیاو سالاری و گوێ نەدان بە خواستەکانیان زیاتر لە ناو ژنان و کچاندا باو بوو. کێشە ئابووری، دەروونی، لەدەست دانی دەرفەتی کار، هەبوونی بێکاری، زۆربوونی بۆشایی نێوان چینی هەژارو دەوڵەمەند.

نەخۆشی وکێشە کۆمەڵایوتیەکان هۆکارەکانی خۆکوژین لە ئێراندا کە هەموویان هەڵقوڵاوی سیستمێکە کە بە شێوازی نادادپەروەرانە سەروەت و سامانی نەتەوەیی دابەش دەکات.

بەهۆی هەڵاواردنە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات و زاڵکردنی ڕوانگەی ئەمنییەتی بەسەر کوردستاندا، لە زۆربوونی دیاردە دزێوەکانی وەک خۆکوژی،گیرۆدە بوون بە مادە هۆشبەرەکان، نائۆمێد بوون بە داهاتوو پشکی شێری بەرکەوتووەو بەوجۆرێک پارێزگای ئیلام لە کوردستانی رۆژهەڵات لە گەڵ کرماشان و سنە زۆرترین رێژەی ئەو دیاردانە تێدایە کە بە شێوازی راستەوخۆ دەسەڵات و سیستم تاوانباری سەرەکین.

چوون بەهۆی زاڵبوونی ئەو ڕوانگە دوژمنکارانە بێبەشکراوە لە هەبوونی ناوەندەکانی کار، دەرفەت و رەخساندی هەلی کار کە بناغەی ژیانێکی بەختەوەر دادەڕێژن بۆ هەر کۆمەڵگایەک کە لە کوردستان بوونی نییە. بە پێی ئاماری ناوەندە پێوەندیدارەکانی رژیم ٦٩٪ی خوێندکارانی ئێرانی هیوایان بە داهاتووی خۆیان نییە.لە هەر ٢٨ خۆکوژی ٧یان کوڕان پێکی دێنن و ٢١یشی کچان بوون.

دۆرکهایم کۆمەڵناسی سەدەی ١٩ ئاوا باسی خۆکوژی دەکات و دەڵێت بریتییە لە هەر جۆرە مەرگێک کە مرۆڤ بەشێوازی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ دەستی هەیەو لە ئاکامی هەوڵەکانی خۆی کە مەرگ کۆتاییە.

خۆکوژی ناڕەزایەتی بێدەنگانە بەو دۆخەی کە مرۆڤ تێیدا دەژیت و بەقەولی فارسەکان" مرگی در اوج خاموشی" یە کە مرۆڤ ناتوانێت بەشێوازی کردەوە ناڕەزایەتی بەو دۆخەی کە تێیدا هەڵکەوتووە دەرببڕێت یا هەنگاوی هەڵگرتووە بەڵام ناسەرکەوتو بووەو تووشی بێهیوایی و لە ئاکامدا نائۆمێدو تەنیا بژاردەیەک کە بۆی ماوەتەوە خۆکوژیە ئێستا هەرکام لە جۆرەکانی وەک خۆسوتاندن،خۆهەڵواسین، دەرمانخوارکردن، خۆسوتاندن یا پەنا بردن بۆ بە چەکی گەرم بێت..

دیاردەی خۆکوژی تەوەر و بابەتێکی گرینگی کۆمەڵایەتییە کە نابێت بە شێوەیەکی هاسان لەگەڵی بجوڵێینەوە، ئەگەر لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان نەکرێت و بە پێی پلانی تۆکمەو داڕێژراو هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی هەڵنەگیرێت کاریگەریە نەرێنییەکانی لە کۆمەڵگا زیاتر خۆیان دەردەخەن.

دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین کە ببێتە کلتورێکی سەقەت و بە جێگای هەوڵدان بۆ چارەسەر و کەمکردنەوەو لابردنی هۆکارەکان شاهێدی زیاتر بوونی دەبین.

هەبوونی وەها دیاردەیەک لە هەر کۆمەڵگایەک نیشاندەری لاوازی بیرکردنەوە، لەخوارەوە بوونی ئاستی رۆشنبیری ئەو کۆمەڵگایەیە.

دیاردەی خۆکوژی لە ئێران پاش کوژران بە کارەساتی ماشین لە پلەی دوهەمدا هەڵکەوتووە ئەگەر ئەو کەسانە بە جێگای هەوڵ بۆ خۆکشتن دەبەن لە دژی ئەو یاساو سیستەمە حکوومەتدارییەی کە هۆکاری خوڵقانی ئەو قەیرانانەیە خەبات بکەندۆخی کۆمەڵگا لە بواری پتەوکردنی سەنگەری ئازادی و عەداڵەتخوازی دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە.

هاوکاتیش باشترین هەنگاوە کە هەم خزمەت بە کۆمەڵگا دەکات و هەم هەنگاوە لە پێناو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی ئەم دیاردە کوشەندە بێدەنگەیە کە رۆژلەدوای رۆژ قوربانی لێدەکەوێتەوە.


ئه‌م بابه‌ته 1334 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:21:26/12/2018