ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سپاسی خەڵک دەکات بۆ بەشداری بەرفراوانیان لە رێ و رەسمی نەورۆز

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سپاسی خەڵک دەکات بۆ بەشداری بەرفراوانیان لە رێ و رەسمی نەورۆز

ئەمساڵ سەرەڕای هەموو هەوڵ و گوشارەکانی رژیم بۆ بەرگرتن بە نەورۆز و رێ و رەسمی نەورۆز، خەڵکی کوردستان زۆر بە گوڕ و تینەوە پێشوازیان لە رێ و رەسمی نەورۆز کورد و نەورۆزیان لە رێ و رەسمێکی کەلتوورییەوە کردە شانۆیەکی سیاسی دژ بە دەسەڵات. سەرەڕای هەوڵەکانی رژیم بۆ بەرگرتن بە بەڕێوەچوونی رێ و رەسمی نەورۆز، بەڵام خەڵک بە جامانە و جلی کوردی و گوڵی سوورەوە پێشوازیان لە نەورۆز و ئاهەنگی نەورۆز کرد.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پێشتر و لە راگەیەندراوێکدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کردبوو کە بەشێوەی رێکخراو و هاوئاهەنگ بەشداری رێ و رەسمی نەورۆز بن. جلی کوردی و جامانە و گوڵی سوور وەک رەمزێک هەڵبژێرن.

سەرەڕای دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، خەڵک بە دەم بانگەوازی حیزبەکانی کوردستانەوە هاتن و بە شکۆوە ئاهەنگی نەورۆزیان گێڕا.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، رۆژی دوو شەممە ٥ی خاكەلێوە بە دەرکردنی راگەیاندنێک، وێڕای پیرۆزبایی وتنی جێژنی نەورۆز بە خەڵکی کوردستان، سپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی هەموو خەڵکی کوردستان کە بە گەرم و گوڕییەوە و بە هەموو جیاوازییەکانەوە پێشوازیان لە رێ و رەسمی نەورۆز کردوە.
ئەمەش دەقی پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانە:

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی بەڕێوەچونی پڕشکۆی ئاهەنگەکانی نەورۆز

خەڵکی تێکۆشەرو نیشتمانپەروەری کوردستان

هەروەک لای هەمووان ئاشکرایە نەورۆز نوێبوونەوەی ساڵ و کۆتایی هاتن بەوەرزی سەرماو سەخڵەتە ودەستپێکی ژیانێکی نوێیە بۆ مرۆڤ وگیانلەبەران ودار وکەژوچیا ، بەڵام بۆ ئیمەی کوردستانیان نەورۆز هێمای رۆژی هەستانەوەیە و رۆژی سەرکەوتنی خۆری ئازادییە بەسەر بەستەڵەکی ژێر دەستەیی و زۆرداریدا .

لە کوردستانی ژێر دەستی ئیستبدادی کۆماری ئیسلامی ئەوساڵیش نەورۆز بوو بە هەوینی تەبایی و برایەتی نەتەوەیی ، خەڵکی کوردستان بە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگاوە وبێ لە بەر چاو گرتنی ناوچەو بیر وباوەر وئائین ومەزهەبی جیاواز بە پیر بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانەوە هاتن و نیشانیان دا کە خەڵکی کوردستان وحیزبەکان لێک جیا نین. وەک لە شەش مانگی رابردووشدا خەڵکی کوردستان دوو جار (٢١ی خەرمانان ١٣٩٧و رێورەسمەکانی نەورۆزی ١٣٩٨) سەلماندیان کە سیاسەتی کوشتن و ئیعدام وزیندانی کردن لە ماوەی چل ساڵی رابردوو دا کە لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان بەرێوەچوون ، نەیتوانیووە بە سەر ئیرادەی نەتەوایەتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵ بێ وخەڵک و حیزبەکان لە یەکتر داببرێ .

خەڵکی بە ئیرادەوماندوونەناسی کوردستان

لە ئاھەنگەکانی نەورۆزدا لە شار و دیھات، لە شەقام و کۆڵان و شاخ و مەزرا سەلماندتان کە چ ھێزێکی بەرین و چ شەوقێکی گەورە بۆ ڕزگاریی نیشتمان لە ناختاندا بوونی ھەیە. ئێوە یەکگرتوانە سەمای ئازادیتان نواند و بە جامانە و هەوری و گوڵی سور چاوی داگیرکەرانتان کوێر کرد. نەورۆزی ئەوساڵ ھەر ئاھەنگی خۆشی و شادی نەبوو، بەڵکوو نومایشی گەورەی ھێزی گەل و کوردستان بوو کە سەرەڕای ھەڕەشە و زەبر و زەنگی ریژیم و ھێنانی ھێزی نیزامی بۆ شار و شەقام و سنورەکان، ئێوە توانیتان ئاھەنگی نەورۆز گەورەتر و بە پانتایی ھەموو کوردستان بە شکۆوە بەڕێوە بەرن.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشی لە بوێریتان، ئەو سەرکەوتنە مەزنەتان لێ پیرۆزبایی دەكات. نیشانتان دا کە پێشەنگن له شۆڕش و وەستانەوە بەرانبەر بە زوڵمی زاڵم. ئێوە سەلماندتان بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان پێشەنگه لە شێوازی خەباتی مەدەنی . ئێمەش وەک ناوەندی ھاوکاری حیزبەکان بەڵێنتان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە کە لەو ساڵدا ھەنگاوی گەورەتر بەرەو یەکگرتویی و یەکدەنگی ھەڵبگرین.

بێگومان بە دەنگەوە ھاتن و جۆش و خرۆش و ئاواتی ئێوە بۆ یەکریزی بێ وڵام ناھێڵینەوە و ھەموو ھەوڵەکانمان لەو بوارەدا چڕ دەکەینەوە.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران

سەرکەوتوو بێ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی



ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:53:26/03/2019