ژینگەی مەریوان : پاشماوەکانی زبڵ و قەڵاچۆکردنی دارستانەکان

ژینگەی مەریوان  : پاشماوەکانی زبڵ و قەڵاچۆکردنی دارستانەکان


ئا: ئاسۆی رۆژ

بە پێی هەواڵەکان، لە چەند رۆژی رابردوودا و دوای هاتنی بارانی زۆر، چۆڕاوگەی پاشماوەی زبڵ لە شاردنەوەی زبڵی مەریوان دەرژێتە ناو ژینگەی ناوچەکە و بەتایبەت ئاوی چۆمی گاڕان و دەبێت بە هۆی بوونی ژینگەی ناوچەکە و ئاوی گاڕان.

ئەنجومەی سەوزی چیای مەریوان لەم پەیوەندەدا ڤیدیۆیەکی لە کەناڵی تایبەتی خۆی بڵاو کردۆتەوەو وێڕای ئاگادارکردنەوەی خەڵک و بەرپرسان لە ئەنجامەکانی ئەم کارە نابەرپرسانە، نیگەرانی خۆی لەم دۆخە دەربڕیوەو خوازیاری بەدواداچوونی هەرچی زووتری بەرپرسانی ناوچەکە بووە.

ئەنجومەنی سەوزی مەریوان هەروەها نووسیویەتی :" ئەنجومەنی سەوزی چیای ، پێشتر زۆر بە جیدی هەموو لایەکی لە باروودۆخ و شوێنی نەگونجاوی شاردنەوەی زبڵەکان و مەترسییەکانی بۆ سەر ژینگە ئاگادار کردۆتەوە. بەڵام بەداخەوە هیچکات گوێ بە نیگەرانییەکانمان نەدراوە. "

ئەم ناوەندە هەروەها نووسیویانە :" پیس بوونی ئاوی ناوچەکە بە هۆی چۆڕاوگەی زبڵەوە کۆمەڵێک نەخۆشی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە."

چالاکێکی ژینگەپارێزی مەریوان لە وتووێژ لەگەڵ ئاسۆی رۆژ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا باسیان کردوە رایگەیاند :" کێشەی زبڵی مەریوان و دێپۆکردن (شاردنەوە)ی زبڵی مەریوان لەو شوێنە کێشەیەکی نوێ نییە. چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان چەند ساڵە نیگەرانی خۆیان لەو دۆخە دەربڕێوە. خوازیاری ئەوەن کە شوێنێک دیار بکرێت کە ستانداردەکانی دێپۆکردنی تێدا بێت. ئێستە شوینێک دیاری کراوە گونجاوترە و بڕیارە ئەم شوێنە نوێیە کە دیاری کراوە تا ڕادەیەک ئەو کێشانەی تێدا چارەسەر کرابێت."

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە هەروەها وتی:" دیاریکردنی شوێنێکی نوێ زۆر باشە و کارێکی گونجاوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە مەترسییەکانی شوێنە کۆنەکە لەبیر بکرێت. پێویستە ئەو شوێنە کۆنەیە کە ناستانداردە لە زبڵەکان خاوێن بکرێنەوە. بەر بەوە بگیردرێت کە چۆڕاوگەی زبڵەکان ئاوی گاڕان و ژینگەی گاڕان پیس بکات کە هەم بەشێک لە کشت و کاڵی ناوچەکە پشتی پێ دەبەستێت و هەم ئەوەی کە ئاژەڵداری ئەم ناوچەیە پشت بە ئاوی ئەو چۆمە دەبەستێت. جگە لەوەش ئاوی ئەو ڕووبارە کە دەڕژێتە بەنداوی گاڕان و چۆمی سیروانەوەو پیسبوونی ئەو ئاوە زەرەرو زیانی زۆر دەگەیەنێت بە بوونەوەرە ئاوییەکانی سیروان و بە گشتی کاریگەری خراپی هەیە لە سەر ئێکۆسیستمی ناوچەکە."

سەربارەت بە بەرپرسان و بەهاناوەچوونی بەرپرسان ئەم چالاکە ژینگەپارێزەی مەریوان وتی :" کێشەی زبڵ لە مەریوان وەک دەزانن کێشەیەکی نوێ نییە. بە تایبەت لە دوو ساڵی رابردوودا زۆرمان هاوار کردوە بەڵام کەس نییە گوێ لە هاوارمان بگرێت. تەنانەت بە بیرت دێنمەوە کە خەرمانانی ساڵی رابردوو (١٣٩٧) ئەگەر بە هەڵە نەچووبم ٢ی خەرمانان بوو خەلک بە ناڕەزایەتی بە پیس بوونی شاری مەریوان و کۆنەکردنەوەی زبڵ شاری ، زبڵەکانیان کۆ کردەوەو لە چوارڕێیانی شەبڕەنگ ئاگریان تێبەردا. هەروەها زبڵەکانیان لە بەردەم بینای شارەوانی کۆ کردەوە. بەڵام شارەوانی مەریوان و شۆرای شاری مەریوان بوون بە تاقمێکی گەندەڵ کە خەریکن وەک خۆرکە ژینگەی مەریوان تێک ئەدەن. کێشەی سەرەکی ئێمە کێشەیە لەگەڵ شارەوانی و شۆرای شار کە نابەرپرسانە رەفتار دەکەن. ئەوان بوون بە بەشێک لەو سیستەمەی کە ژینگەی کوردستان لەناو دەبەن."

ئەم چالاکە ژینگەپارێزەی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی ژینگەی مەریوان و ناوچەکە بە ئاسۆی رۆژی وت :" لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە هاواری ژینگەپارێزەکان لەسەر بڕینەوەی بێسەروبەرە و بێڕەحمانەی دارستانەکانی زاگرۆس، بەتایبەت دارستانەکانی مەریوان و دەورووبەری بەرز بۆتەوە. هاوارمان بە هەموو شوێن گەیشتووە جگە لەبەرپرسانی شار. ئێستە خەرێکە ژینگەی مەریوان، دارستانەکانی مەریوان لەناو دەچێت. دارستانەکانی مەریوان ئەنفال دەکرێن. دارەکان دەنێردرێن بۆ رۆژهەڵاتی ئێران و تەنانەت دەرەوەی ئێران. خاشەبڕکردنی دارستانەکان گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار. ئێمە وەک چالاکانی ژینگەپارێز بەردەوام هاوارمانە لەسەر ئەم دۆخە. بەڵام کەس نییە گوێمان لێ بگرێت. بەو قەناعەتە گەیشتووین کە بەئەنقەست خەریکن دارستانەکان قەڵاچۆ ئەکەن. بەداخەوە کۆمەڵێک لە خەڵکی نەفس نزمی ناوچەکەش هاوکاریان دەکەن. ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە. ئاوا بڕوات ئەبێ چەند ساڵیتر وەک چیرۆک باس لەوە بکرێت کە رۆژێک، رۆژگارێک ئەم ناوچەیە دارستانی هەبوو."

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە لەناوبردنی ژینگەی کوردستان و لەوانە مەریوان وتی :" سووتاندنی دارستانەکان و لەوەڕگا و بە گشتی ژینگەی کوردستان پرۆسەیەکە چەند ساڵە دەستی پێکردووە. ئیتر کەس ناتوانێت سووتاندنی دارستانەکان بە ڕووداوی سروشتی ناو ببات. یان بەشتێکی کوت و پڕی بزانێت . هەموان دەزانن کێ لە پشتی سووتاندنی ئەم دارستانانەوەیە. سپا و دامەزراوە حکوومەتییەکان هەوڵی لەناو بردنی ژینگەی مەریوان و کوردستان دەدەن. بەڵام ئێمە لەسەر هەڵوێستی خۆمان سوورین بەوەی پشتگیری لە پاراستنی ژینگەی خۆمان و خاکی خۆمان دەکەین. ئێمە لە پێناو پاراستنی ژینگەدا شەهیدمان داوە. میراتی بەجێماوی شەریف و ئومید شتێک نییە بە ئاسانی فەرامۆش بکرێت. ئەم میراتە پارێزگاری کردنە لە ژینگە و دڵسۆزییە بۆ خاك و خەڵک و ئەمە شتێک نییە کە بتوانین زوو فەرامۆشی بکەین. ئێمە دەبێت پارێزگاری لەم میراتە بکەین و بە دەستی بەرەی دوای خۆشمانی بپارێزین."

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە جارێکتر لە کۆتایی قسەکانیدا هاتەوە سەر باسی شاردنەوە (دێپۆکردن)ی زبڵی مەریوان و کاریگەرییەکانی وتی :" لە سیستەمی نوێ و دونیا ئەمڕۆدا زبڵ بەو شێوەیە هەڵناڕێژرێت. ری سایکلین ئێستە لە زۆربەی زۆری وڵاتان هەیە. لە ئێرانیش لە زۆر شوێن هەیە. ئێمەش خوازیاری ئەوەین ئەم سیستەمە بێتە ئەم شارە. ژینگەی ئەم شارە بپارێزرێت. لە هەمانکاتدا کە دەتوانرێت کۆمەڵێک کەس لەم رێگای ئەم کارەوە کار پەیدا بکەن و ببن بە خاون کار، هەم ئەوەی کە بەر بە هەدەر چوونی کۆمەڵێک کەرەسە دەگیردرێت کە دەتوانرێت بەرەهەم بهێنرێنەوە. ئەمانە لە خزمەت ژینگەدایە. لە خزمەت کۆمەلگایە. بەڵام کێیە گوێ بە قسەی ئێمە بدات. بەرپرسەکان بە تایبەت شارەدار و شۆرای شار خەریکی لەناوبردنی ژینگەی مەریوانن.


ئه‌م بابه‌ته 461 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:41:06/04/2019