ساڵی دژوار رژیم و هیواکانی خەڵک

ساڵی دژوار رژیم و هیواکانی خەڵک

ئا: ئاسۆی رۆژ

بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی بڵاو کراونەتەوە، لەگەڵ نزیک بوونەوە لە پێداچوونەوەی ئەمریکا بە لیستی ئەو وڵاتانەی کە مافی مامەڵەی بازرگانی پێداون لەگەڵ ئێران، ژمارەیەک لە پاڵاوگە نەوتییەکانی چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور، مامەڵەیان لەگەل ئێران راگرتووە.

بە پێی راپۆرتێک کە هەواڵنێری (بلۆمبێرگ) بڵاوی کردۆتەوە لانیکەم ٥ پاڵاوگەی گەورەی ئاسیایی، داواکاریان بۆ نەوتی ئێران راگرتووە.

ئەمریکا لە نۆڤەمبەری رابردوودا ئیزنی بە ٨ وڵات دا کە بۆ ماوەی ٦ مانگ مامەڵەی نەوتیان لەگەڵ ئێران هەبێت بە شێوەیەکی سنووردار. ئەم مۆڵەتە دوو هەفتەی تر واتە رۆژی ٢ی مانگی مای، تەواو دەبێت. تەنها چین، هێند، کۆریای باشوور و ژاپۆن و تورکیا لەم مۆڵەتە کەڵکیان وەرگرت و لەم ماوەیەدا مامەڵەی نەوتیان لەگەڵ ئێران هەبوو. سێ وڵاتی تایوان، ئیتالیا و یۆنان، سەرەڕای ئەوەی لە لایەن ئەمریکاوە ئیزنیان پێدرابوو کە لەم ماوەیەدا مامەڵەی نەوتیان لەگەڵ ئێران ببێت، بەڵام لەم ٦ مانگەدا نەوتیان لە ئێران نەکڕیوە.

پیشتر هەواڵنێری روەیتەرز باسی لەوە کردبوو کە ژاپۆن لە مانگی ئاپریلدا مامەڵەی نەوتی خۆی لەگەڵ ئێران راگرتووەو داواکاری بۆ کڕینی نەوت پێشکەش نەکردوە. هەروەها پاڵاوگەکانی هێند ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی مامەڵەی نەوتی خۆیان لەگەڵ ئێران رابگرن.

هەر بە پێی ئەم راپۆرتەی روەیتەرز، لە نیوەی یەکەمی مانگی ئاپریلدا، فرۆشی نەوتی ئێران دابەزیوە بۆ ژێر ١ میلیۆن بەرمیل لە رۆژدا و ئەمەش کەمترین ئاستی فرۆشە. بە پێی راپۆرتەکان لە مانگی مارچی ٢٠١٩ دا ئاستی فرۆشی نەوتی ئێران لە نێوان ١ میلیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل بۆ ١ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل دا بووە. بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوە لە تەواو بوونی ئەو مۆڵەتەی ئەمریکا بەو ٨ وڵاتەی داوە، ئاستی فرۆشی ئێران دابەزیوە بۆ ژێر ١ میلیۆن بەرمیل و چاوەڕێ دەکرێت کەمتریش بێتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دا ئێران رۆژانە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت.

بە پێی راپۆرتەکان، ئەمریکا دەیهەوێت ماوەی ٦ مانگیتر مۆلەت بدات بە وڵاتانی چین، هێند و تورکیە و رەنگە کۆریای باشوور بەوەی بتوانن لە ئێران نەوت بکڕن، بەڵام ئەمریکا دەیهەوێت هەناردە کردنی نەوتی ئێران دابەزێنێت بۆ ٦٥٠هەزار تا ٨٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

بە پێی ئەو راپۆرتەی رویتەرز، پاڵاوگەکانی هێندستان بە شوێن ئەوەوەن کە نەوتی خۆیان لە وڵاتانیتری ئۆپێک وەک عەرەبستان، کوەیت و عێراق و هەروەها وڵاتانیتر کە ئەندامی ئۆپێک نین، وەک ئەمریکا و مەکزیک دابین بکەن و بیانکەن بە جێگرەوەی نەوتی ئێران.

پاڵاوگەی (ریلاینس) یەکێکە لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوتی هێندستان کە کڕیاری هەمیشەیی و گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە. عەرەبستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ خاوەن کۆمپانیاکان و وڵاتی هێندستان بەوەی کە ٢٥ لە سەدی پشکی ئەم پاڵاوگەیە بە بڕی ١٠ بۆ ١٥ میلیارد دۆلار بکڕێت. ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە داهاتووی بازاڕی نەوتی ئێران لە هێندستان دەکەوێتە مەترسییەوە.

عەرەبستان وەک رەقیبی نەوتی ئێران لە ناوچەکە رۆژانە ١٠ میلیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین نەوت هەناردە دەکات بۆ هێند. ئەم وڵاتە لە ٥ مانگی رابردوودا، بۆ بردنە سەرەی نرخی نەوت، بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکان بچێتە سەرەوە، نزیک بە ١ میلیۆن بەرمیل لە فرۆشی رۆژانەی خۆی کەم کردەوە.

عەرەبستان و ئێران دوو رەقیبی سیاسی و ئابووریناوچەکەن. عەرەبستان ئێران بە هۆکاری نائارامی و ناسەقامگیری ناوچەکە دەزانێت . هەوڵیشی ئەوەیە دەستی ئێران لە ناوچەکە کورت بکاتەوە. لە دوای هاتنە سەرکاری ترامپ پەیوەندی ئابووری و سیاسی عەرەبستان و ئەمریکا زۆر زیاتر بۆتەوەو عەرەبستان بە نزیکبوونەوە لە ئەمریکا دەیهەوێت دەستی ئێران لە ناوچەکە کورتتر بکاتەوە.

تەنانەت عەرەبستان رایگەیاندووە ئامادەیە بۆشایی نەبوونی ئێران لە بازاڕی نەوت پڕ بکاتەوە. ئەمریکاش هەوڵی ئەوەیە کە فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سیفر. ئابووری ئێران ئابوورییەکە پشت بەستوو بە نەوت. لەگەڵ ئەوەی فرۆشی نەوتی ئێران کەمتر بێتەوە یان بگاتە سیفر، ئەو کاتە بونیادی ئابووری ئێران و رژیم زۆر خراپتر تێک دەچێت. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی پارەی فرۆشی نەوت لە ئێران سەرف ناکات. بەڵکوو بەشێکی زۆری ئەم پارەیە خەرجی گرووپ و تاقمە تیرۆریستییەکانی سەر بەخۆی وەک حەشدی شەعبی، حوسییەکان، حیزب اللەی لوبنان و ئەسەد و ... دەکات.

هێشتا دیار نییە ئاخۆ ئەمریکا لە سەرەتای مانگی مای دا چ بڕیارێک ئەدات. واشنگتۆن پێشتر رایگەیاندووە کە دەیهەوێت فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر. بەڵام دابەزینی بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوتی ئێران و ڤێنزۆئێلا لە مانگەکانی رابردوودا و هەروەها رێککەوتنی ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمان بە رێبەری رووسیە بۆ کەمکردنەوەی ١.٢ میلیۆن بەرمیل لە رۆژدای بەرهەمهێنانی نەوت، بووە بە هۆی ئەوەی لە سەرەتای ساڵی زاینییەوە تا ئێستا نرخی نەوت ٣٠ لەسەد زیاد بکات و بگاتە ٧١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئێران بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر ئەمریکا بیهەوێت فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سیفر، بەر بەوە دەگرێت کە پاپۆڕە نەوتییەکان لەگەرووی هۆرمۆزەوە گوزەر بکەن. لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئەمریکایی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە داخستنی گەرووی هۆرمۆز لە لایەن ئێرانەوە، تێچوویەکی زۆری دەبێت بۆ کۆماری ئیسلامی.

ئێران توانای داخستنی گەرووی هورمۆزی نییە، مەگەر ئەوەی کە بیهەوێت بچێتە شەڕێکی تەواوەوە لەگەڵ ئەمریکا یان وڵاتانی هاوپەیمانی. ئێران دەتوانێت بە شێوەی کورت و بۆ کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر گەرووی هۆرمۆز بە شێوەی مین رێژ کردن دابخات، بەڵام ئەمە تێچوویەکی زۆری دەبێت بۆ ئەم رژیمە. هەروەها زانیارییەکان ئاماژە ئەدەن بەوەی کە ئەمریکا ئەتوانێت لە کورتترین ماوەدا ڕیگا ئاوییەکان لە مینەکان خاوێن کاتەوە.

کەوایە ئێران یان ئەوەیە دەبێت بچێتە شەڕەوە، یان ئەو کارەی پێ ناکرێت. شەڕیش لە ئێستادا شەڕێکی سنووردار نییە. یان ئەوەیە دەبێت بچێتە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا راستەوخۆ، یان شەڕ لەگەڵ عەرەبستان یان ئیسرائیل. چوونە شەڕ لەگەڵ هەرکام لە ئیسرائیل و عەرەبستانیش دەبێت بە هۆی بەشداری ئەمریکا لەم شەڕەدا. کەوایە ئێران توانای ئەوەی نییە لە ئێستادا بچێتە شەڕەوە. داخستنی گەرووی هۆرمۆزیش تەنها پڕووپاگەندەیە و ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

ئەمریکا بە تایبەت دۆناڵد ترامپ باس لەوە دەکەن کە دەیانهەوێت فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەنن بە سیفر. وەک پێشتریش باسکرا ئەمە دەتوانێت لێدانی گەورە بێت لە بونیادی ئابووری ئێران کە پشتبەستووە بە نەوت. لەهەمانکاتدا ئیتر کۆماری ئیسلامی توانای ئەوەی نەبێت پشتیوانی ماددی گرووپە توندڕەوەکان بکات لە دەرەوەی سنوورەکانی. وەک چۆن پێشتر و بە پێی راپۆرتێکی نیۆیۆرک تایمز، حیزب اللەی لوبنان لە سەرەتای مانگی جێنیڤەرییەوە نەیانتوانیوە مووچەی چەکدارەکانیان بدەن. هەروەها گرووپەکانی سەر بە ئێران لە فەلەستین لە دۆخێکی خراپی ئابووریدان و تەنانەت خواردنی باشیشیان نییە. لە سوورییەش گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دۆخێکی خراپدان. ئەگەر فرۆشی نەوتی ئێران نەمێنیت ، ئەو گرووپە توندڕەوانە لە باری ئابوورییەوە بێ پشتیوان دەمێننەوە.

پێشتر بە پێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تەلەفیزیۆنی فەرمی حیزب اللەی لوبنانەوە بڵاو بۆتەوە، حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزب اللەی لوبنان دەڵێت:" ئێمە نایشارینەوە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی و سەربازی دەکرێین. تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی چەکی ببێت ئێمەش هەمانە. تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی پارەی ببێت ئێمەش هەمانە."

بەرگرتن بە هەناردە کردنی نەوتی ئێران، کەمکردنەوەی پشتیوانییە مادییەکانی ئێرانە بۆ ئەم گرووپانە کە بوون بە هۆکاری نائارامی ناوچەکە.

کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕوویەکەوە ڕوو لە قەیرانە. لە باری ئابوورییەوە تێک شکاوە. لە باری پشتیوانی نێودەوڵەتییەوە ، پشتیوانەکانی خۆی لەدەست داوەو تا دێت تاک و تەریک دەکەوێتەوە. نائارامییەکان لە ناوخۆی کۆمەڵگا تا دێت پەرە دەستێنێت. هەموو زانیارییەکان ئاماژەن بەوەی کە ساڵی ١٣٩٨ بۆ کۆماری ئیسلامی ساڵێکی دژوارە. ساڵێک کە ئەتوانێت ببێت بە ساڵی هەستانەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و رووخانی ئەم رژیمە.



ئه‌م بابه‌ته 290 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:53:18/04/2019