ساڵی ٩٨ ساڵی "ترس" بۆ ڕژیم، ساڵی "هیوا" بۆ خەڵک!

ساڵی ٩٨ ساڵی


ئەردەڵان فەرەجی

دوێنێ دوو شەممە ٢٢ی ئاپریل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی "مایک پەمپێئۆ" وەزیری دەوەری وڵاتە یەکگرووەکانی ئەمریکا باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا بە نیاز نییە لێخۆشبوونە نەوتییەکانی ئێران نوێ بکاتەوە و مۆڵەتە ١٨٠ ڕۆژەکەی ئەو لێخۆشبوونە ڕۆژی ٢ی مانگی مەی واتە ١٠ ڕۆژی دیکە کۆتایی پێ دێت.

ئەم هەوڵەی دەوڵەتی ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتی بە سفر گەیاندنی فرۆش و هەناردەی نەوتی ئێران دێت بۆ بە چۆک داهێنانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و گوێڕایەڵ کردنی بە خواستەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە.

لە کاتێکدا زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدا بوون کە لانی کەم ئەم لێخۆشبوونە نەوتییانە بۆ چەند وڵات نوێ دەکاتەوە. ڕاگەیاندنی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانی کاردانەوەی لێ کەوتەوە و نرخی نەوت ٣٪ لەچاو نرخی نەوت لە ئاپریلی ساڵی ٢٠١٨ بەرزتر بوویەوە.

چاوەڕوان دەکرا کە حەزفی بڕە نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکان کاریگەری لە سەر نرخی نەوت دابنێت، بەڵام ترامپ بە ڕاسپاردنی کارناسانی تایبەتمەند بۆ لێکدانەوەی ئەگەری نەمانی بەشە نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکان، تاچەندە کاریگەریی لە سەر نرخ نەوتی جیهانی دەبێت، بۆیە بەرز بوونەوەی نرخی ٣٪ نرخی نەوت بە تایبەتی بە دوای ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، چاوەڕوان کراوبوو. بەڵام ڕاپۆرتی کارناسانی بواری بازاڕی نەوت بە ترامپ باس لەوە دەکات کە بە هۆی پڕبوون و یان پاشکەوت کردنی بڕە نەوتێکی زۆر لە ماوەی ئەم ١٨٠ ڕۆژە لە ئەنبارە نەوتییەکان، نرخی نەوت زۆر بەرز نابێتەوە.

ئەگەرچی خودی ترامپ لە ئێستادا ڕەنگە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠، بەرز بوونەوەی نرخی نەوت لە قازانجی خۆی نەبینێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بوونی یەدەکێکی نەوتی زۆر لە ئەمریکا و لە هەمانکاتدا پێویستی هەنووکەیی ڕکابەرە ئابوورییەکانی ئەمریکا و لە سەروو هەموویانەوە وڵاتی چین، زۆریش بێ مەیل نییە کە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.

بە پێی خشتەی پلانەکانی ئەمریکا، بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەمی نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکان، عەرەبستان بەڵینی داوە کە ئەو بڕە کورت هێنانەی بازاڕی نەوتی جیهانی لە لایەن ئێرانەوە، قەرەبوو بکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ژاپۆن یەکێک لەو وڵاتانەی کەوتە بەر لێخۆشبوونەکان بۆ کڕینی نەوت لە ئێران بڕی ١٥ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار بۆشکە نەوتی لە ماوەی ئەم ١٨٠ ڕۆژە دێپۆ کردووە. لە یەکەم کاردانەوەکان بەرامبەر بە نوێ نەکردنەوەی لێخۆشبوونە نەوتییەکان، چین و تورکیە باسیان لەوە کردووە کە گەمارۆ یەک لایەنەکانی ئەمریکا دژی ئێران پێڕەو ناکەن و بەردەوام دەبن لە بازرگانی کردن لەگەڵ تاران. باقی ٥ وڵاتەکەی دیکە بە لەبەر چاوگرتنی ڕێژەی گرێدراوی ئابوورییان بە ئەمریکا، پێ ناچێت خۆیان بخەنە بەر مەترسی هەڕەشەی گەمارۆ سانەوییەکانی ئەمریکا و بە مەرجێک ڕێژەی نەوتی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، مەیلیان بۆ سەرپێچی لە بڕیارەکەی ئەمریکا نەبێت.

ئەم پلانەی ئەمریکا بۆ بە سفر گەیاندنی ڕێژەی فرۆشی نەوتی ئێران لە ڕاستی دا گەیاندنی ڕێژەی فرۆشی نەوت بۆ ژێر یەک میلیۆن بۆشکەیە لە ڕۆژدا و پێ دەچێت بە دوای ئەوەی کە ئەمریکا، سپای پاستارانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە نێونەتەوەییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی قۆرغ کردن و نفووزی ئۆختاپووسی سپا لە بەشی ئابووری ئێران و بە تایبەتی نەوت، لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پلانەی نزیک بۆتەوە.

جیا لە کاریگەرییەکانی بە ئەنجام گەیاندنی پلانی ئەمریکا بۆ دابەزاندنی ڕێژەی نەوتی هەناردە لە لایەن ئێرانەوە لە ئاستی نێونەتەوەیی، کاریگەری گەورەی لە سەر ناوخۆی ئەو وڵاتە دەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئابووری وابەستەی ئێران بە هاوردە و دابەزینی داهاتی نەوتی ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە تا هەنووکەش کاریگەرییەکانی لە زۆرێک لە بوارەکانی کشت و کاڵ و پیشەسازی و نەوت بەرچاوە، چاوەڕوان دەکرێت دۆخەکە لەوە زیاتری تووشی شڵەژان و تەنگەژە بێت.

بۆ هەڵسەنگاندنی ئابووری ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ زۆرتری سرنجەکان بۆ گەڕاندنەوە و کاراکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێرانە و پێوەری سەرەکی بۆ ئەو هەڵسەنگاندنەشە. ئەگەرچی بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاستاران ئەوندەی دیکە کاریگەرییە نیگەتیڤەکانی سەر ئابووری ئێەان قووڵتر دەکاتەوە. هەرچەند دیاری نکردنی کاریگەرییە مەنفییەکانی گەمارۆکان و خستنە ناو لیستی تیرۆریستی سپا کارێکی زەحمەتە، نەک بە پێی ئامارە درۆینەکانی خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو بە پێی ئامارەکانی سندووی نێونەتەوەیی پووڵی جیهانی، بانکی جیهانی و ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێران تووشی دابەزینی بەرچاوی گەشەی ئابووری ئێرانە.

بە دوای ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران و شەش زلهێزی جیهانی گەشەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ گەیشتە ١٢ دەرسەد، لە کاتێکی دا ساڵی ڕابردوو (٢٠١٨) بۆ مینهای چوار دەرسەد دابەزی و چاوەڕوان دەکرێت گەشەی ئابووری ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ مینهای شەش دەرسەد دابەزێت. بە بەراورد لەگەڵ گەشەی ئابووری وڵاتانی ناوچەکە ئێران تەنیا وڵاتێکە کە گەشەی ئابوورییەکەی مەنفییە. واتە نەک هەر هیچ ئاستێک لە گەشە کردنی لە بوارە جیاجیاکانەوە بە خۆی نابینێت، بەڵکوو ژێرخانە ئابوورییەکانی ئێران دادەڕمێن و لەجیات گەشە و پێشکەوتن، پاشچوون و بچووک بوونەوە بە خۆی دەبینێت.

لە ڕاپۆرتی سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ وەک باوەڕپێکراوترین دامەزراوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئابووری جیهان، جیا لە خستنەڕووی ڕێژەی گەشە و داکشانی ئابووری ئێران، ئامارێکیشی لە سەر ڕێژەی هەڵاوسانی ئەو وڵاتە بڵاو کردۆتەوە. هەڵاوسان بە واتە کوردی و کورتییەکەی "گرانی"ـیە و ئەگەر لە ئاستێک تێپەڕێت دەبێت بە قات و قڕی. بە پێی ئاماری ئەو ناوەندە ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران بۆ ساڵی ٢٠١٨ ، ٣٠٪ی تێپەڕاندووە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٤٠٪ بەرز ببێتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو فەرهاد دژپەسند، وەزیری ئابووری ئێران، لە پیشانگای بوورس، بانک و بیمە لە تاران ڕایگەیاند کە ساڵی ١٣٩٨ ساڵێکی باش نابێت بۆ ئابووری ئێران و هەندێک لە چاودێرانی ئابووری لەو بڕوایەدان کە نرخی هەڵاوسان تا ٥٠٪یش بەرز دەبێتەوە و ئەوە ڕێک ئەو گرانی و قات و قڕییەیە کە سەرەڕای سەروەت و سامانی گەورەی ئێران، خەڵکی ئێران لە ئەنجامی دەسەڵاتداری نیزامی کۆماری ئیسلامی تووشی دەبن.

جێی سرنجە کە ڕێژەی هەڵاوسان یان هەمان گرانی لە سوودان ٥٠٪ ڕاگەیەنراوە کە شۆڕشی خەڵکی ئەو وڵاتە و ڕووخانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئیسلامی و پێشێلکاری مافی مرۆڤی عومەر حەسەن ئەلبەشیری لێکەوتەوە. هەموو ئامار و ئاماژەکان لە بەراورد کردن، ئێران بە ئاشکرا بە رەو "بەسوودانی بوون" دەڕوات.

ئەوەی کە هەمووان و تەنانەت بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش دانی پێدادەنێن، دۆخی خراپی داهاتووی ئێرانە کە تا دێت بەرەو ئاستێکی مەترسیدارتر هەڵدەکشێت و ژیانی خەڵکی ئێران دەخاتە تەنگەژەوە. بوومەلەرزە، سێڵاو، هێرشی کوللـە، نەخۆشییەکانی پاش سێڵاوەکە، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئابووری ئێران و خەڵکی ئێران بەرەو هەڵدێر دەبات. کەمتەرخەمی کۆی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی ئێران و دابین کردنی ژیان و گوزەرانییان، ئاژاوەگێڕی و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و پرۆژە زیانبارە شەڕەنگێزی و ئەتۆمییەکانی و پشتگوێ خستن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی خەڵکی ئێران، تاڵان و تاراجی سەروەت و سامانی خەڵک لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، وای کردووە کە ئێران ببێتە جەهەنەمێکی ڕاستەقینە.

خەڵکی ئێران لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو دوو شۆڕشی گەورەیان ئەنجام داوە، شۆڕشی مەشرووتە و شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧. بە دڵنیاییەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ئازادیخوازی خەڵکی ئێران، پتانسییەڵ و توانایی شۆڕشێکی دیکەشیان بۆ تێکەوە پێچانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەیە.

لە وەها دۆخێک دا کە ڕژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی دەستی بە سەر سەروەت و سامانی ئەو خەڵکەدا گرتووە، تاڵانی دەکات، تەخشان و پەخشانی پێ دەکات و ئەو سەروەتە لە بری تەرخان کردنی بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و پێشکەوتنی ئێران، دەیدات بە گرووپە تیرۆریستییەکان و ئەقماری خۆی لە ناوچەکە، بۆ نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و دوژمنکاری و کوشت و بڕ.

ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە و دەتوانێت بە چەند قات زیاتر لە دانیشتوانی ئێستای خۆی و بە ئاستێکی بەرز و هاوشێوەی ژیانی خەڵکی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بژێنێت، بەڵام چونکە کۆمەڵێک جەردە و دز و پیاوکوژ حوکمی ئێران دەکەن، تا دێت زۆرتر و زیاتر خەڵك تووشی ڕۆژ ڕەشی و زەلالەت دەبن. چارەسەری بنەڕەتی و هەمیشەیی بۆ کۆتایی هێنان بەو نەهامەتییانەی کە ماوەی چل ساڵە بە سەر خەڵكی ئێراندا دێت، ڕووخان و تێکەوە پێچانییەکجارەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

لە ئێستادا کە ئاراستەی ڕووداوەکان و زەخت و فشارە نێونەتەوەییەکان و لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا بۆ بە چۆک داهێنانی بە خواست و مەیلەکانی، بەرەو لاوازتر کردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران دەڕوات، ئەمە دەرفەتێکی گرنگ، مێژووی و زێڕینە بۆ خەڵکی ئازارچێشتوو، بەش مەینەت، ئازادی و مافخوازی ئێران کە بخرۆشێن و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵپێچن و بۆ هەمیشە بیخەنە زبدڵدانی مێژووەوە. ئاسۆی ڕوونی گەشانەوەی ئێران و خەڵکی ئێران، لە گرەوی ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دایە.


ئه‌م بابه‌ته 614 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:10:23/04/2019