داخستنی گەرووی ھورمۆز لە لایەن ئێرانەوە ، کار لە بازرگانی نەوت لە جیھاندا دەکات؟

داخستنی گەرووی ھورمۆز لە لایەن ئێرانەوە ، کار لە بازرگانی نەوت لە جیھاندا دەکات؟


ئا: ئەکرەم ئەمین

وڵاتی ئێران ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھۆرمۆز دەکات ئەگەر بەر بەوە بگیردرێت کە نەوت ھەناردە بکات. ئەوەش دوای ئەوە ھات کە ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە کە وادی کۆتایی ھاتنی بەخشینەکان نزیک بۆتەوە کە ساڵی رابردوو و لە نۆڤەمبەری ٢٠١٨ دا ٨ وڵات لە لایەن ئەمریکاوە ئیزنیان پێدرا مامەڵەی نەوتیان لەگەڵ ئێران ببێت.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئێران ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھۆرمۆز دەکات لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن کە داخستنی گەرووی ھۆرمۆز کارێکی ئاسان نییە و وەھا ئاسان جێبەجێ ناکرێت، لەبەر ئەوەی داخستنی ئەم شاڕێ دەریاییە کاریگەری گەورە دروست دەکات لە سەر بازرگانی نەوت لە جیھان و ناوچەکە بە تایبەتی، ھەر لەبەر ئەوەشە واشنگتۆن رێگا بە داخستنی نادات.

عێام چەلەبی وەزیری پێشووی نەوتی عێراق لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھۆرمۆز بە ئاسانی ناچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لەبەر ئەوەی کاریگەری داخستنی ئەم ڕێگایە بۆ ھەموانە و رۆژانە لەو دەروازە ستراتیجییەوە زیاتر لە ٢٠ میلیۆن بەرمیل نەوت دەگوازرێتەوەو ھەناردەی بازاڕی جیھانی دەکرێت.

ئەو ھەروەھا دەڵێت: ئەمە بۆیەکەمجار نییە و دواجاریش نابێت کە ئێران ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھۆرمۆز دەکات بە بێ ئەوەی کە جێبەجێی بکات.

گەرووی ھۆرمۆز ڕێڕەوێکی زیندووی گواستنەوەی نەوتە لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپا و ئەمریکا باکوور، لەبەر ئەوە داخستنی بارگرژی ئێقلیمی و ناوچەیی لێ دەکەوێتەوە.

کۆمپانیای فۆرتیکا بۆ شیکارییە نەوتییەکان ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ١٧،٢ میلیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە لە ساڵی ٢٠١٧ و ١٧،٤ بەرمیل رۆژانە لە ساڵی ٢٠١٨دا لەو گەرووەوە گواستراوەتەوە.

چەلەبی ھەروەھا جەخت لەسەر ئەوە داکاتەوە لە کاتی داخستنی گەرووی ھۆرمۆز تەنیا زیان لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناکەوێت کە بەرھەمھێنەری نەوتن، لە سەرووی ھەموویانەوە سعوودیە. بەڵکوو زیان بە بەرژەوەندی ھەموومان دەگەیەنێت ، چونکە تەنھا نەوت ناگرێتەوە، بەڵکوو غازیش بە ھەمانشێوە دەگرێتەوە کە لەو ناوچەیەوە گوزەر دەکات.

گەرووی ھۆرمۆز لە سەدا ٨٠ بۆ ٩٠ی نەوتی وڵاتانی عێراق و سعوودیە و کوێت و ئیماراتی پێدا دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەکانی چین و ژاپۆن و کۆریای باشوور و ھێند و سەنگاپوورە. بۆیە داخستنی ئەم ڕێ ڕەوە بازرگانی گەورەترین کاریگەری دەبێت لە سەر بازرگانی نەوتی وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت، بەتایبەت سعوودییە کە گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتە لە دونیا، لەبەر ئەوەی بەو خێراییە رێگایەک نادۆزرێتەوە وەک جێگرەوە گەرووی ھۆرمۆز.

ھەڕەشەکانی پێشوو:

ساڵی ٢٠٠٨ ئێران لە سەر زاری محەممەد عەلی جەعفەری سەرۆکی سپای پاسداران ھەڕەشەی ئەوەی کرد کە گەرووی ھۆرمۆز دادەخەن و بەر بە ھاتوچۆی پاپۆڕ و کەشتییە نەوتییەکان دەگرن لەم رێ گوزەرەوە.

ساڵی ٢٠١٢ جارێکیتر ئێران ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھۆرمۆزی کرد، ئەگەر ئەمریکا و ئەورووپا ئێران بخەنە لیستی گەمارۆکانەوە بە شێوەیەک کە بەرھەمھێنانی نەوتی ئێران کەم بێتەوە.

لە جوولای ٢٠١٨ و دوای ئەوەی قۆناغی یەکەمی گەمارۆکان لەسەر ئێران کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھۆرمۆزی کرد و رایگەیاند ئەم ڕێڕەوە بازرگانییە دادەخەین ئەگەر ئەمریکا بیھەوێت ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سیفر.

لە مانگی مارسدا جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھۆرمۆزی کرد ئەگەر ئەمریکا بیھەوێت فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سیفر. لە دوای ئەوەی مایک پۆمپیئۆ وەزیری دەروەی ئەمریکا رایگەیاند لە سەرەتای مانگی ئایارەوە لێخۆشبوونەکان تەواو بووەو ئەو ٨ وڵاتەی کە لێخۆشبوون دەیگرتنەوە، بە پێی بڕیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناتوانن لە مانگی ئایارەوە نەوت لە ئێران بکڕن، داخستنی گەرووی ھۆرمۆز جارێکیتر بۆتەوە باسێکی رۆژەڤ و محەممەد جەواد زەریف لە وەڵامی رۆژنامەنووسەکاندا رایگەیاند کە داخستنی گەرووی ھۆرمۆز ئەرکی ھێزە سەربازییەکان و لەوانە سوپایە.

رۆژی ٩ی ئاپریل ، ئەمریکا بە فەرمی سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە. چەند رۆژ دواتر رایگەیاند کە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە فرۆشی نەوتی ئێران دەگەیەنن بە سیفر. گەیاندنی فرۆشی نەوتی ئێران بە سیفر یەکێکە لە بەڵێنەکانی دۆناڵدترامپ لە سەردەمی خۆپاڵاوتن بۆ سەرکۆماری ئەمریکا. لەبەر ئەوەی ترامپ پەیوەندی وڵاتانی رۆژئاوایی ناسراو بە ٥+١ ی لەگەڵ ئێران بە مامەڵەیەکی خراپ وەسف کرد. لە مانگی ئاپریل ٢٠١٨ لەو رێککەوتننامەیە کە بە (بەرجام) ناسراوە چووە دەرەوەو گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد. لە ماوەی کەمتر لە ٦ مانگدا بەھای دراوی ئێرانی ٤ قات دابەزی. تمەنی ئێرانی بووە بە یەکێک لە بێنرخترین دراوەکانی دونیا. ئەمریکا بەوە دەچێت شەڕیکی ئابووری بە ئێران بکات.

دوای ئەوەی راگەیەندرا کە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ئێران بۆی نییە نەوت بفرۆشێت، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی دونیا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ھەر بەرمیل نەوت تا نزیک بە ٧٤،٥ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی رایانگەیاندووە کە ئامادەن بۆشایی نەبوونی ئێران لە بازاڕی نەوت پڕ بکەنەوە. لە مانگی ئاپریلدا ئێران نزیک بە ٨٥٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە نەوت فرۆشتووە. لە بەرامبەردا عەرەبستان ٩ میلیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.

ئێران و عەرەبستان وەک دوو رەقیبی سیاسی، ئایدۆلۆژیکی و بازرگانی لە ناوچەکە لە مێژساڵە لە ململانێدان و لەم چەند ساڵەی رابردوودا ئەم ململانێیە تۆختر بۆتەوە. ئێران خۆی بەچەقی جەمسەری شیعە دەزانێت لە ناوچەکە و عەرەبستان خۆی بە نوێنەری جەمسەری سوننە دەزانێت. لە ھەمانکاتدا لەم ساڵانەدا عەرەبستان بەردەوام ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە پشتیوانی حووسیەکانی یەمەن دەکات کە گرووپێکی میلیشای شیعەن لە یەمەن و دژ بە عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە لە جەنگدان.

بەکورتی داخستنی گەرووی ھۆرمۆز دەتوانێت ببێت بە ھۆی ڕووبەڕووی بوونەوەی سەربازی لە ناوچەکە لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دونیا دەخاتە مەترسییەوە. ئێران رەنگە بتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت و تەنھا بۆ کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ئەم رێڕەوە بازرگانییە دابخات، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دونیا ئیزن نادەن کە ئەم کارە بکات. چین کە بەیەکێک لە ھاوپەیمانە ئابوورییەکانی ئێران دەزانرێت و گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە زیاتر لە ھەموان داخستنی گەرووی ھۆرمۆز بەرژەوەندییەکانی دەخاتە مەترسییەوە. ھەروەھا لە سەرەتای مانگی ئاپریلەوە مامەڵەی نەوتی ئێران و چین دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ھێندستان ئامادەیی خۆی نیشان داوە بەوەی ٢٥% ی پشکی گەورەترین کۆمپانیاکانی نەوتی خۆی بە تایبەت پاڵاوگەی (ریلاینس) کە یەکێکە لەگەورەترین پاڵاوگەکانی نەوت بە بڕی ١٠ بۆ ١٥ میلیارد دۆلار بفرۆشێتە عەرەبستان. واتە ھێندستان بۆ جێگرەوەیەک دەگەڕێت لە بازاڕی نەوت کە جێگەی ئێران بگرێتەوەو ئەو جێگرەوەش پێدەچێت عەرەبستان بێت.

رووسییە کە وەک ھاوپەیمانێکی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە دەناسرێت داوای لە عەرەبستان کردووە کە ئاستی بەرھەمھێنانی خۆی زیاد نەکات لە ناوچەکە. لەم پەیوەندەدا ڤلادێمێر پۆتین وتی:" داوا لە سعوودیە دەکەین کە بەرھەمھێنانی نەوت زیاد نەکات بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورت ھێنان و ڕێگرییەکانی ئەمریکا لە فرۆوشتنی نەوتی ئێران."

پۆتین ھەروەھا وتی :" تا ئێستە ھیچ ئاماژەیەک نییە بە پاشگەزبوونەوەی ئەندامانی ئۆپێک کە لە رێکەوتنی (ئۆپێک پلاس) بڕیار لە سەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت درابوو.

ھەوەھا رووسیە بەشدارە لەو رێکەوتنە لە بەر ئەوەی پێویستی بەو ھەماھەنگیە ھەیە ، بەتایبەت لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا.

پۆتین ئەوەشی وت:" قورسە پێش بینی ئەوە بکەین کە لە مانگی ئایار\مەی دا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی دونیا چی بەسەر دێت دوای کۆتایی ھاتنی لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ ھەندێ لە وڵاتان کە نەوت لە ئێران دەکڕن.


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:12:33:30/04/2019