مانگرتنی شۆفێرەکانی شیرکەتی مخابراتی پارێزگای سنە

مانگرتنی شۆفێرەکانی شیرکەتی مخابراتی پارێزگای سنە


بە پێی هەواڵەکان، شۆفێرەکانی شیرکەتی مخابراتی پارێزگای سنە، لە یەک هەفتە لەوە پێشەوە بە ناڕەزایەتی بە لەخوارەوە بوونی حەقدەستەکان و کەمتەرخەمی بەرپرسان و وەڵام نەدانەوە بە خواستەکانیان دەستیان داوەتە مانگرتن.

یەکیەتی ئازادی کرێکاران، لە راگەیاندنێکدا کە رۆژی ٣٠ گوڵان بڵاو کرایەوە لەم بارەوە نووسیویەتی :" شۆفێرەکان گرێبەستیان لە گەڵ کۆمپانیای کیاست هەیە و لەو رێگاوە لەگەڵ مخابرات کار دەکەن . کۆمپانیای ناوبراو بڕێک پارە لە مخابرات وەر دەگرێت لە بەرامبەر ئەوەی کە ئەو شۆفێرانە بۆ مخابرات کار دەکەن. بەڵام کۆمپانیا بەشی زۆری پارەکە هەڵدەگرێت و حەقدەستێکی کەم ئەدات بە کرێکارەکان. هەروەها سەرجەم تێچووەکانی ماشێنەکان وەک، وووتەمەنی، رۆن، تایەر و ... لە ئەستۆی شۆفێرەکەیە و کۆمپانیاکە هیچ بەرپرسایەتییەکی بەرامبەر بەو تێچوانە نییە. شۆفێرەکان لە کۆمەڵێک لە مافەکانی خۆیان وەک جل و بەرگ، شوێنی مانەوە، پاداشەکان، جەژنانە و خواردن و... بێبەرین و پێیان نەدراوە. حەقدەستی کرێکارەکان لە ساڵەکانی ٩٧ و ٩٨ زیادی نەکردوەو مخابرات چاوەڕوانی ئەوەیە کە لە ئەمساڵدا شۆفێرەکان بە هەمان حەقدەستی ساڵی ١٣٩٦ کار بکەن.

ژمارەی شۆفێرە مانگرتووەکان ٥٠ کەسەو لە حەوشەی ئیدارەی مخابرات دەستیان داوەتە مانگرتن و نەچوونەتە سەر کار.


ئه‌م بابه‌ته 234 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:21:21/05/2019