ئیسرائیل؛ لە زیادکردنی ڕێژەی بەرهەم هێنانی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، نیگەرانین

ئیسرائیل؛ لە زیادکردنی ڕێژەی بەرهەم هێنانی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، نیگەرانین


ئاسۆی ڕۆژ/

لە کاردانەوە بە بڕیاری دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زیادکردنی ڕێژەی بەرهەم هێنانی ئۆرانیۆمی پینتێنراو، بەرپرسانی ئیسرائیلی داوایان لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کە بەرامبەر بە هەوڵەکانی ئێران بوەستنەوە. تاران بۆ گوشار خستنە سەر ئۆرووپاییەکان، دوو هەفتە لەمەوبەر بڕیاری دا کە لە هەندێک لە بەڵێنەکانی خۆی لە بەرجام دەکشێتەوە و یەکێک لەو بەڵێنانە بردنە سەرەوەی ڕێژەی بەرهەم هێنانی ئۆرانیۆمی پیتێنراوە. 

ئەمڕۆ سێ شەممە ٣١ی گوڵان، یووال روتم، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تویتێکدا نووسیویە کە ئێران هەفتەیەک پاش، کەم کردنەوەی پابەندی بە بەڵێنەکانی لە بەرجامدا، خێرایی پیتاندنی ئۆرانیۆمەکانی بەخشێوە و ئەمە هەواڵێکی خراپە و پێی نیگەرانین. ناوبراو هەروەها نووسیویەتی کە "کۆمەڵگای جیهانی دەبێت گوشار بخەنە سەر ئێران، چونکا کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی خێراتر کردنەوەی پرۆسەی دەست پێڕاگەیشتنیەتی بە چەک ناوکی”.

دوێنێ دوو شەممە ٢٠ی مای، (٣٠ گوڵان)، بێهرووز کەماڵوەندی وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئێران، ڕێژەی بەرهەم هێنانی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی بە خلووسی نزم، چوار هێندەی جاران بەرز کردۆتەوە.

حەسەن ڕووحانیش ڕۆژی ٨ی مای بە شێوەی ڕەسمی کەمکردنەوەی باپەندبوونی ئێرانی بە بەڵێنەکانی بەرجام ڕاگەیاند و وتی؛ ئێمە پێشووتر هەر کات ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێنراومان بگیەیشتبایە ٣٠٣ کیلۆ، دەبوو زیادەکەیمان بە وڵاتێکی دیکە بفرۆشتبایە و لە بەرامبەردا کەیکی زەردیمان وەردەگرت، بۆیە پێمان وایە بۆ گوشار هێنان بۆ سەر واژۆکارانی ڕێكەوتننامەی بەرجام، بڕیارمان داوە، لەمەوبەدوا ڕێژەی ئۆرانیۆمی زیادەکەمان نەفرۆشین.

بوونی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە ئۆرانیۆمی پیتێنراو، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی (ناوکی) و ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی جیددی ئیسرائیل کە ماوەی چل ساڵە لە لایەن کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، هەڕەشەی لەناوچوون و سڕینەوەیان لە سەر نەخشەی جیهان لێ دەکرێت. 




ئه‌م بابه‌ته 106 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:36:21/05/2019