وەزیری دارایی فەڕانسە؛ لە لایەن ئەمریکاوە لە ژێر گوشار داین

وەزیری دارایی فەڕانسە؛ لە لایەن ئەمریکاوە لە ژێر گوشار داین

ڕێنۆ لۆ مێر، وەزیری دارایی فەڕانسە دەڵێت؛ هێزە ئۆرووپاییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئینستێکس ئەو ڕێکارە ئابوورییانەی کە ئۆرووپا بۆ دان و ستانی بازرگانی لەگەڵ ئێران ڕێکیخستووە، بە توندی لە ژێر گوشاری ئەمریکادایە.

لۆ مێر ڕۆژی سێ شەممە ٢١ی مای وتی؛ بەڵێ، ئەمریکا گوشار دێنێت. ئەم گوشارەش توندە، زۆر توندە و ڕاستەوخۆ لە سەر ئەم بابەتە زەخت لە بەرپرسانی سیاسی دەکات، گوشار دەخاتە سەر کابینە و هەموو ئەو کەسانەی بە جۆرێک پێوەندییان بەم پرسەوە هەیە.

بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان کە لە واژۆکارانی ڕێکەوتننامەی ناوکی ئێران ناسراو بە بەرجامن لە ساڵی ٢٠١٥، لە هەوڵدان بوون بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو خەسارانەی پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لەو ڕێکەوتنە بەر ئێران کەوتووە. ئینستێکس بۆ سووککردنی قورسای باری ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی کە ئەمریکا دژی ئێران ڕێکیخستووە لە لایەن ئۆرووپاییەکانەوە دروست کرا کە تێیدا گواستنەوەی خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ ئێران ئاسان بکرێتەوە. 

 بەڵام سەرەڕای ئەم سیستمە، لەڕاستی دا نەخراوەتە بواری جێ بەجێ کردنەوە و گەمارۆکانی ئەمریکا کێشەی گەورەی بۆ ئەو سیستمە دروست کردووە. گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران بە جۆرێک کە کۆمپانیا بیانییەکانی دانوستانکار لەگەڵ ئێران، لە چالاکی لە گەڵ ئەمریکا بێ بەش دەکات. 

وەزیری دارای فەڕانسە لە وتەکانیدا باسی لە گوشاری ئەمریکا بۆ پەکخستنی ئەو سیستمە لە لایەن ئۆرووپاییەکانەوە کرد. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو دوو وڵاتی بریتانیا و ڕووسیا، دووان لە وڵاتانی واژۆکارانی رێکەوتننامەی بەرجام، لە هەڵوێستەکانیان لە ئەمریکا نزیکتر بوونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ژێر گوشارەکانی ئەمریکا، پشتیوانییەکانیان لە کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ بێنن.




ئه‌م بابه‌ته 87 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:54:21/05/2019