مۆنتیسكیۆ، ئازادی تاک، لە جیاكردنەوەی هێزەكاندا

مۆنتیسكیۆ، ئازادی تاک، لە جیاكردنەوەی هێزەكاندا

رەحیم حەمیدی

و لە فارسیەوە: مستەفا زاهیدی

یەكێك لەو بیرمەندانەی كە كاریگەری بوو لەسەر دیسكۆرسی مافی مرۆڤ، مۆنتیسكیۆ، بیرمەندی فەرانسەوییە. مۆنتسیكۆ زیاتر لە بەشێكی زۆر لە بیرمەندان كە ئێستاش ئایدیاكانیان دەدرێتە بەرباس، كەڵكەڵەی ئازادی سیاسی(ئازادی شارۆمەندی) و ئازادی سیستەمی حكوومەتی هەبوو. باسەكانی دەربارەی ئازادی سیاسی و ئازادی سیستەمی حكوومەتی، بووە بەهۆی پێشكەوتنێكی بەرچاو لە پرسی مافی مرۆڤ. كەوایە لێكدانەوەی ئایدیاكانی، دەتوانێت یارمەتی زیاتر بدات لە تێگەیشتنی باشتری رەگە مێژووییەكانی مافی مرۆڤ.

ژیان و بەرهەمەكانی مۆنیسكیۆ

شارل لۆئی دۆسكۆندا، یان بارۆن دی مۆنتیسكیۆ 18 جولای 1689 لە كۆشكی لابێر لە نزیكی بۆردۆ (Bordeaux) یەكێك لە شارەكانی فەرانسە لە دایكبوو. كۆشكی لابێرد وەك جەهاز دایكی(فرانسوا دۆپنل) هێنابووی بۆ باوكی مۆنتیسكیۆ. مۆنیسكیۆ خوێندنی باوی رۆژی لە خوێندنگەی ژوولی سەربە كڵێسەی ئۆراتۆری نزیك مائۆ تەواو كرد و لەوێوە چووە زانكۆ و دواتر چووە زانكۆی پاریس. لە زانكۆ خوێندنی یاسای تەواو كرد. دواتر لە كاتی ئازاد و بێكاریدا وەك راوێژكار لە دادگای بۆردۆ كاری دەكرد. ساڵی 1716 مامی كە بەخێوكەری بوو مرد و مۆنتیسكیۆ بوو بە میراتگری سەرمایە و پێگەی مامی. مامی سەرۆكی دادگا و مەحكەمەی بۆردۆ بوو. شارل لۆیی بە وەرگرتنی ناوی مۆنیسكیۆ سەرۆكایەتی دادگای بە میرات پێ گەیشت. مۆنتیسكیۆ 12 ساڵ وەك سەرۆكی دادگای بۆردۆ كاری كرد.

مۆنتیسكیۆ جگە لەبەرپرسایەتی سەرۆكی دادگا، ساڵی 1721 كتێبی نامەكانی ئێرانی بڵاو كردەوەو كتێبەكە ناوی نووسەری لەسەر نەبوو. ناوەرۆكی ئەم كتێبە بەم شێوەیە چەند كەسی ئێرانی سەردانی فەرانسە ئەكەن، لە چەند نامەدا باس لە داب و نەریتی سەیر و سەمەری فەرانسە و دۆستانی هاووڵاتی خۆیان دەكەن. چوارچێوەی ئەم كتێبە ئەو دەرفەتەی بۆ مۆنتیسكیۆ خولقاند كە كەنیسە و دەوڵەت و پاشاو سەرجەم بەرپرسان و دامەزراوە گرینگەكانی فەرانسە بداتە بەر رەخنە و بە چاوی وردبینی خۆی دەست بداتە لێكدانەوەو لێكۆڵینەوەی هەموو ئەو رووداوانەی لە پشت پەردەوە روودەدەن. مۆنتیسكیۆ ساڵی 1725 چووە فەرهەنگستانی فەرانسە، ئەم هەڵبژاردنە هەڵوەشایەوە لەبەر ئەوەی بە پێی یاسا ئەندامانی ئەو فەرهەنگستانە ئەبوایە نیشتەجێی پاریس بن. ساڵی دواتر واتە ساڵی 1726، مۆنتیسكیۆ پیشەكەی خۆی لە دادگای بۆردۆ فرۆشت، رووی كردە پاریس و بۆ چەند ساڵا هەموو ساڵێك نیوەی ساڵ لە پاریس دەمایەوەو نیوەی ساڵ لە لابێرد دەمایەوەز لە پاریس لە گەڵ ئەریستۆكراتەكان لە هات و چۆدابوو و بوو بە ئەندامی گرووپێكی نهێنی كە دژی دەسەڵاتی رەهای دەوڵەت و كەنیسەبوون. مۆنتیسكیۆ ساڵی 1928 جارێكیتر بوو بە ئەندامی فەرهەنگستانی فەرانسە.

ماوەیەك دوای ئەوەی ئەوەی وەك ئەندامی فەرهەنگستان وەرگیرا، مۆنتیسكیۆ دەستی كرد بە سەفەر كردن بە ئەورووپادا. ئامانجی لەم سەفەرە فێربوون بوو. مۆنیتسكیۆ دەیویست ژینگەی كۆمەڵایەتی، دامەزراوە حكوومەتی و سیاسییەكانی مرۆڤەكان بداتە بەر لێكۆڵینەوەو خوێندنەوە. لەم سەفەرەیدا سەفەری كرد بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا، مەجارستان، ئیتالیا، سویسرا و هۆڵەندا و بەریتانیا و نزیك بە دوو ساڵ لە بەریتانیا مایەوە. لە بەریتانیا ژمارەیەك لە سیاسیە خاوەن پلەكانی ناسی و حوێندنەوەی كرد لەسەر دامەزراوە سیاسییەكانی بەریتانیا‌و تا رادەیەكی زۆر كەوتە ژێر كاریگەری سیستەمی سیاسی بەریتانیاوە، ستایشی دەكرد و بەشە كۆتاییەكانی "رۆحی یاساكان"، پێداهەڵدانی مۆنتیسكیۆیە بۆ سیستەمی سیاسی بەریتانیا، ئەو دامەزراوە ئازادەكانی بەریتانیای بە بەرەئەنجامی سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە دەزانی. مۆنتیسكیۆ ساڵی 1931 گەڕایەوە بۆ فەرانسە. بەڵام ئەمجارە لە پاریس نەمایەوە و دانەنیشت، بەڵكوو لە شوێنی لە دایكبوونی لە كۆشكی لابێرد گیرسایەوەو بەشی زۆری ژیانی سەرقاڵی خوێندنەوەو نووسین بوو.

مۆنتیسكیۆ ساڵی 1734 كتێبی "چەند خاڵێك دەربارەی گەورەیی و رووخانی ئیمپراتۆری رۆم"ی نووسی. ئەم كتێبە بەلای هەندێ كەسەوە شتێكی گرینگ نەبوو و بە شێوەیەك بێ هیوا بوون لە مۆنتیسكیۆ و بەلای هەندێ‌ كەسیترەوە یەكەم بەرهەم بوو لە بواری فەلسەفەی مێژوودا. هەندێكیتر باسیان لەوە كرد ئەم كتێبە لە روویەكیترەوە گرینگی هەبوو ئەویش ئەوە بوو رێگاخۆشكەربوو بۆ چاپی كتێبی "روحی یاساكان".

مۆنتیسكیۆ ناودارترین و گرینگترین بەرهەمی خۆی واتە رۆحی یاساكانی دوای بیست (یان 14) ساڵ لێكۆڵینەوە لە ساڵی 1748 لە ژنێڤ چاپ كرد بێ ئەوەی كتێبەكە ناوی نووسەری لەسەر بێت. ئەم بەرهەمە پێشوازی زۆری لێكرا. بە وتەی خۆی ئەم كتێبە 22 جار چاپ كرا. بەڵام لە باری سیاسییەوە لە هەموو شوێنێكەوە درایە بەر رەخنە. كتێبەكە كەوتە ناو لیستی رەشەوەو بەڕێوەبەرانی كەنیسەی كاتۆلیكی فەرانسە، چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەم كتێبەیان قەدەغە كرد. ئەم بەرهەمەی مۆنتیسكیۆ، هەرچەند لە لایەن هەندێ‌ كەسەوە ستایش كرا بەڵام هەندێكیتر، رەخنەی توندیان لێی گرت. مۆنتیسكیۆ زیاتر لەوەی گرینگی بە پێداهەڵدانەكان بكات، گرینگی بە رەخنەكان ئەدات، هەربۆیە، لە لابێردەوە وەڵامی زۆربەی رەخنەكانی دایەوە. مۆنتیسكیۆ ساڵی 1750، "لیسیماخوس، كۆمەڵێك دیالۆگ دەربارەی دیكتاتۆری" بڵاو كردەوە و ساڵی 1754 لەسەر داخوازی دالامبر (یەكێك لە ئەندامانی ئینسكلۆپیدیا)، "وتارێك دەربارەی حەز"ی بۆ "ئینسكلۆپیدیا" نووسی، كە دوای مەرگی بڵاو كرایەوە. سەرەنجام رۆژی 10 فێبریواری 1755 لە كۆشكی لابێرد ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

شێوەی مۆنتیسكیۆ

مۆنتیسكیۆ شێوەیەكی ئەزموونی بەكار دەهێنا بۆ گەیشتن بە ئەنجامەكان و گشتاندنی ئەو ئەنجامانە. ئەو شێوەی بەراوردكردنی(قیاسی) ژماریەك لە فەیلەسووفەكانی وەك ئەفلاتوون و هۆبزی رەت كردەوە كە بە كۆمەڵێك گریمانە دەربارەی سروشتی مرۆڤ دەستیان پێ دەكرد و لەسەر ئەو بنەمایە، دەوڵەتی یۆتۆپیاییان دا دەمەزراند. مۆنتیسكیۆ دەیگوت: عورفەكان، یاسا و دامەزراوە مرۆییەكان، لە گۆراندان و شتێكی نەگۆڕ نین. ئەم شتانە لە هیچ كوێ یەكسان نین و بەهۆی جیاوازی لە خوو و خەدەی خەڵكە جیاوازەكان و كاریگەرییەكانی ژینگەی سروشتی وەك: خاك، ئاو و هەوا، كێوەكان، رووبارەكان و دەریاكان دەگۆڕێن و جیاوازن. عورف و عادات و یاساكان، لە ئاسمانەكانەوە نایەن، بەڵكوو دەرەنجامی گەشەی سروشتی ژیانی مرۆڤەكانن، كەوایە، دەبێ لەباری بەستێنی مێژوویی و قۆناغەكانی بەردەوامی گەشەیان لێك بدەینەوە. هەربۆیە، شێوەی گونجاوی لێكدانەوەی بۆ ئەو شتانە، شێوەی بەراوردكاری و مێژووییە.

سەرچاوە: سایت اخبار روز



ئه‌م بابه‌ته 358 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:57:30/05/2019