هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی؛ دەستەبەرکردنی ئاشتی بۆ ئێران لە ڕێگەی گۆڕینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تێپەڕ دەبێت!

هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی؛ دەستەبەرکردنی ئاشتی بۆ ئێران لە ڕێگەی گۆڕینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تێپەڕ دەبێت!


شەوی یەکشەممە لە سەر دوو شەممە ٢٦ لە سەر ٢٧ی مانگی مەی، هاوڕێ «عەبدوڵڵا موهتەدی» سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، میوانی بەرنامەی «پرسمان» بوو لە ڕادیۆ کورد تریبوناڵ. تەوەرەی باس و وت و وێژەکە بریتی بوو لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئیستای نێوان ئێران و ئەمریکا و ڕۆڵی خەڵکی ئێران و لە سەروو هەموویانەوە خەڵک و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ «تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە دیمۆکراسی» چییە و جێگیر بوونی دیمۆکراسی لە ئێران چۆن دەتوانێت کاریگەری هەبێت لە سەر پرسی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. 

تێبینی/ ئەم وت و وێژە بە زمانی فارسی ئەنجام دراوە کە لە لایەن ستافی ئاسۆی ڕۆژهەڵاتەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کورد.

سازدانی: مێهران عەباسیان



وێڕای سڵاو و بەخێرهێنانی جەنابت کاک عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەلەی شؤڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ بەرنامەی ئەم جارەی»پرسمان» لە ڕادیۆ کورد تریبوناڵەوە. 

هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی؛ سپاس لە بەڕێزتان کاک مێهران و هەر لێرەشەوە سڵاوم هەیە بۆ هەموو بینەران و بیسەرانتان.

پرسیار؛ بەڕێز کاک عەبدوڵلا دەمەوێت دەربارەی تەوەری بەرنامەی ئەمجارەمان بپرسم، تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە دیمۆکراسی، پێتان وایە پێویستی و پێداویستییەکان بۆ گەیشتن بەم بابەتە چین؟

وڵام؛ هۆکاری سەرەکی گۆڕین و گۆڕانکاری لە کۆماری ئیسلامی لە زۆر شوێنیش خەڵکن. خەڵکێک کە ئامانجیان بە ڕۆشنی دیار بێت و بزانن کە چیان دەوێت. سەیر کەن لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو تا ئێستا ساڵێک و چەند مانگێک تێدەپەڕێ کە تێیدا بزووتنەوەیەکی بەرفراوانی گشتگیر لە ئێران هاتە ئاراوە کە خواستەکانیان ئابووری و سێنفی و هەروەها خواستی سیاسییە و ئەم بزووتنەوەیە هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بە گشتی دەکرێت بڵێین لەو ڕێکەوتە بەملاوە هۆکاری خەڵک و کاریگەرییان تەواو خۆی دەرخستووە و زۆر بەر لە گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستی پێکردبوو. 

زۆر بەر لەوەی کە دەوڵەتێک لە ئەمریکا بە ناوی دەوڵەتی ترامپ بێتە سەرکار، ئەم خواستانەی خەڵک بوونیان بووە و لە هەندێک قۆناغدا بە شکڵی جیاواز خۆی نواندووە و من گرنگترین هۆکار بە هۆکاری خەڵک و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماوەری و مەدەنییەکان دەزانم و بۆ پێکهاتنی ئاڵترناتیڤێکی دێمۆکراتی فرەگریش، ئەم فاکتەرە بە یەکێک لە مەرجەکان دەزانم. ئاڵترناتیڤێک کە لە لایەکەوە بتوانێت متمانەی خەڵک بەرەو لای خۆی ڕاکێشێت و بە پێی پێویست فرەگر و فراوان بێت و هەمووان یان زۆرینەی کۆمەڵگای ئێران بتوانن خۆیانی تێدا ببینەوە و لە لایەکی دیکەوە بتوانن لە سەر ئەم بنەمایە پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ دەستەبەر بکەن. 

پرسیار؛ بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم گۆڕانکاری و گرفت و کێشە ئابووری و گوشارە سیاسییانەی کە لە ناوخۆی ڕژیم دا بوونیان هەیە، ڕۆڵی خەڵک چۆن دەبینن؟ ئایا ئەم بێ دەنگییە ڕێژەییە، نیشانەیە بۆ تۆفانێکی پێشبینی نەکراو؟

وڵام؛ سەیر کەن بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کەس نازانێت کەی سەرهەڵدەدەن یان کەی دەنیشنەوە یان ڕێک بە پێی کام سیناریۆ دەچنە پێش و کەسیش ناتوانێت پلانی وردی بۆ دابڕێژێت. ئەمانە لە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوری و ناوخۆیی و نێونەتەوەییدان. لەگەڵ جەنابت هاوڕام کە ڕەنگە ئەم بزووتنەوەیە بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ بزووتنەوەکەی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو یان هەندێک قۆناغی دیکە لە داکشاندا بێت، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە هەفتەیەکی دیکە، مانگێکی دیکە یان چەند مانگێکی تر دووبارە شاهیدی سەرهەڵدانەوە و گەشانەوەیەکی دیکەی ئەو بزووتنەوانە لە ئێران نەبین. هۆکار و بوارەکانی وەها بزووتنەوەیەک نە تەنیا بوونی هەیە، بەڵکوو زۆرتر لە جاران و ڕۆژانە لە ئیران هەموارتر دەبێت. کۆمەڵە هەورێکی ڕەش و تاریک، کۆماری ئیسلامییان ئابڵۆقە داوە، خەڵک گەیشتوونەتە ئاستی بێ هیوانی لە هەموو باڵەکانی ڕژیم، دەسەڵات بۆ دەرباز بوون لەم دۆخی ئابوورییەی ئێستای و بۆ چاکسازی ڕیگە چارەیەکی نییە. ئەگەر لە ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕێگا بوونیان بوو بۆ چاکسازی و خۆیان نەیان ویست، ئەمڕۆ تەنانەت ئەگەر بشیانەوێت و مەیلیان بێت، بژاردەیەکیان جگە لە وەلانان و تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامییان نییە. مەبەستمە بڵێم بە پاراستنی ئەم نیزام و ڕژیمە، ڕێگەیەک بۆ دەرباز بوون و چاکسازی و چارەسەری کێشەکان بوونی نییە. هەر بۆیە دەبێ هیوادار بین و هەروەها هەوڵیشی بۆ بدەین کە ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە دیسانەوە وریاتر و بەهێزتر و یەکگرتووتر لە جاران لە نێو چین و توێژە جیاجیاکان لە کرێکارانەوە بگرە تا خوێندکاران تا ماڵخوراوەکان تا ژنان و هەموو توێژەکانی خەڵک سەرهەڵدەنەوە. 

پرسیار؛ ڕۆڵی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە ئێران لە پێوەندی لەگەڵ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە دێمۆکراسی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

وڵام؛ یەکێک لە خراپترین هەڵاواردنەکان کە لە ئێران بوونی هەیە ڕێک ئەم هەڵاواردنە نەتەوەیی و ئاینیانەیە. نەتەوەکانی ئێران و پێڕەوانی ئاین و ئایینزا جیاجیاکان کە لە ژێر ستەم دان، زیاتر لە هەمووان لە نەبوونی دیمۆکراسی، هەڵاواردن، سەرکوت و لەم توتالیتاریزمە ئاینییە زیان دەبینن، هەر بەم پێیە لۆژیکییەن ئەوان دەبێت لەوانی دیکە خۆیان زیاتر بە خاوەن بەرژەوەندی بزانن و بۆ وەدیهێنانی دیمۆکراسی لە ئیران تێبکۆشن کە واتای ئەمە بریتییە لە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، بە بڕوای من ئەوان دەبێت ئەوە بزانن، بە نەتەوەی کوردیشەوە، داهاتووی ئەوان لە گرەوی گۆڕینی ڕژیم و تێپەڕین بەرەو دیمۆکراسییە، هەر بۆیە دەبێت زیاتر لە خەڵکی تر لەم ڕێگایەدا تێبکۆشن. پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی دێمۆکراتیک لەوانە و ڕەنگە لە سەروو هەموو شتێکەوە لە بەرژەوەندی ئەوان دایە. 

پرسیار؛ کاک عەبدوڵڵا ڕۆڵی نەتەوەی کورد و بە تایبەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەم گۆڕانکارییە سیاسییانەدا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

وڵام؛ ئەم بابەتە شتێکی ناڕوون نییە، ئێمە چەندین جار بە ڕوونی بەرنامەی خۆمانمان لەم بوارەدا وتووە. جیا لەوە، ئێمە وەک حیزبێک چالاکییەکانی خۆمان دەبێت دە ئەوندە بکەینەوە و هیوا و ئارەزووەکانی خەڵک لە خۆماندا بنوێنین، لە دروشمەکانمان، لە تێکۆشانەکانمان، لە کار و چالاکییەکانمان. بە تایبەتی ئێمە دەبێت لە چەند بەرەوە چالاک بین، یەکیان لە پێناو پێکهێنانی یەکگرتووی و یەکێتییەکی زۆر پتەوتر و پێکهێنانی بەریەکی یەکگرتووی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. خۆشبەختانە لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو ئێمە توانیمان ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێک بێنین، ئەمە هەنگاوێکی باش بوو، بەڵام هێشتا زۆرمان ڕێگە لە بەردەمە کە دەبێ بیبڕین، بۆیە پێکهێنانی ئەم یەکگرتووییە یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمەیە، هەروەها بۆ پێکهێنانی یەکگرتووییەکی گەورە بۆ گەیشتن بە دیمۆکراسی لە ئێران و ئاڵترناتیڤێکی دێمۆکراتیک لە ئێرانیش بەشێکە لەم چالاکییانەمان و تا ئەو شوێنەی بە حیزبەکەی ئێمە دەگەڕێتەوە ئێمە کار لە سەر بوارە سیاسی و تەشکیلاتی و کولتوری و … دەکەین، هیوادارم بتوانین ڕۆڵێکی باش و ئەرێنی بگێڕین.

پرسیار؛ کاک عەبدوڵڵا بەڕێزتان ئاماژەتان کرد پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو، پێتان وایە بۆچی وەها ناوەندێک لە نێوان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی دا پێك نایات؟

وڵام؛ بۆچی نا؟! هەوڵی زۆر دراوە لەم بوارەشدا، لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییشدا بووە. لە وڵامی پرسیارەکەی جەنابت دا دەبێ بڵێم یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەیە کە بزووتنەوەی خەڵکی کورد بزووتنەوەیەکی ڕێكخراو و بەحیزبی ترە و کاری حیزبی و کاری ڕێکخراوەی سیاسی لە دەیان ساڵ لەمەوبەرەوە لە کوردستان پێشینەی هەیە و سەرەڕای هەموو زیان و کەم و کوڕییەکانییەوە، بە خەسار و دەستگیری و ئێعدام و سێدارە و تاراوگەنشین کردن و … هێشتا کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکە کە لە دەوری ئەم حیزبانە ڕێک دەخرێت و ئاڵترناتیڤی خۆشی لە ناو ئەم حیزبانەدا دەبینێت. بەم واتایە کە یەکگرتوو بوونی ئەوان سەرەڕای ئەوەی کە بێ کەم و کوڕیش نییە، بێ کۆسپ و لەمپەر نەبووە، بەڵام بە گشتی ڕێگەیەکی هەموارتریان پێواوە بۆ گەیشتن بە وەها ناوەندێک، من هۆکارەکەی بەم تایبەتمەندییە سیاسییەی کۆمەڵگای کوردستان دەزانم، بەڵام لێرەدا ئەم ئەنجاوە وەرناگرم کە لە باقی ئێران وەها شتێک، یەکگرتووییەکی گەورەی دیمۆکراسیخوازی ئەستەمە. بوونی وەها ناوەندێک زۆر پێویستە و هیوادارم پێک بێت و لەم بوارەشدا هەوڵی زۆر دراوە. 

پرسیار؛ بەڕێز کاک عەبدوڵڵا لە سەردەمی «بووش»ی کوڕ ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لە ئارادابوو، هەر ئەو ئەگەرە ئێستاش لە ئارادایە. لە سەردەمی بووشی کوڕدا  کاردانەوەی کۆمەڵگای جیهانی زۆر توندتر بوو لە چاو ئێستا. بەڵام ئەم کاردانەوەیە نابینین، پێتان وایە چی بە بەراوردی ئەو سەردەم گۆڕاوە؟

وڵام؛ ڕەنگە لە جیهانێکی جیاوازتر لەو سەردەم دەژین، بەڵام تا ئەو جێگایەی کە بۆ ئێران دەگەڕێتەوە و ئەو گرژییانەی کە لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا لە ئارادایە، من پێم وایە تا ئاستێکی زۆر ڕیسوایی و بێ ئابڕووی و ناوزڕاوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و کەم تا زۆر ناسراو لە ئاستی جیهانیدا کاریگەری بووە لە سەر ئەوەی کە بزووتنەوەیەکی گەورە بۆ پشتیوانی کردن لە کۆماری ئیسلامی و دژی ئەمریکا وەڕێ نەخرێت. 

بۆ ئەوەی کە هەموو درۆ و دەلەسەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هەموو نهێنیکارییەکانی لە بواری ئەتۆمدا، پشتیوانی کردنی لە تیرۆریزم کە تەنانەت گەیشتە خاکی وڵاتانی ئۆرووپایش و ئەمە دەوڵەتە ئۆرووپاییەکان لە دادگا بە بەڵگەوە سەلماندوویانە، هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ ناسەقامگیر کردنی ناوچەکە و پێکهێنانی ئیمپراتۆرییەکی ئایینزای شیعە کە هێمنی ناوچەکەی تەواو شێواندووە، لەوەی کە دەستی کۆماری ئیسلامی لە هەموو پێکدادانە ورد و درشتەکانی ناوچەکە هەر لە لوبنان و یەمەنەوە بگرە تا ئەفغانستان و عێراق و… دیارە و هەمووان دەزانن کە کۆماری ئیسلامی هۆکارێکی گەورەی ناسەقامگیرییە، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی وڵات، هەڵاواردن و زوڵم و ستەمەکان، گەندەڵی لە ڕادەبەدەر کە لە ناوخۆ سەرەڕای گوشاری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ واژۆ کردنی گەڵاڵەی  دژی سپی کردنەوەی پووڵ هێشتا واژۆی نەکردووە. هەموو ئەمانە دەری دەخات کە ڕێخی سەرەکی لە پێڵاوی کۆماری ئیسلامی دایە و ڕاستە کە ئەمریکا گوشاری ئابووری و سیاسی زۆر قورسی خستۆتە سەر کۆماری ئیسلامی، بەڵام زۆربەی خەڵک باوەڕیان بەوە کردووە و خودی دەوڵەتی ترامپیش ڕایگەیاندووە کە نایەوێت هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە ئێمە شاهیدی بزووتنەوەیەکی دژە جەنگ نین، تەنانەت ئەم عەمەلیاتە ئیزاییانەی ئەم دواییانەی وەک تەقاندنەوەی هەندێک کەشتی بازرگانی و هێرشەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر کەنداوی فارس و بەندەری فوجەیرە، ئەمە نە تەنیا وڵاتانی عەرەبی کە دوژمنی ئێرانن، بەڵکوو تەنانەت کۆمپانیاکان و دەوڵەت و بیمەی نۆروێژی پشتڕاستیان کردۆتەوە کە ئەمە کاری کۆماری ئیسلامی بووە، هەموو ئەمانە دەری دەخات کە ڕێک هۆکاری هەڵخراندن و گرژییەکان خودی کۆماری ئیسلامییە. ئەوەی کە بە ناوی بزووتنەوەی دژە جەنگ دەناسرێت کە هەندێک لە هەوڵ دان ڕێی بخەن لە ڕاستی دا دروست کردنی جۆرێک چەتری پشتیوانییە بۆ کۆماری ئیسلامی. ئەگەر کەسێک بەڕاستی خوازیاری ئاشتی بێت بۆ ئێران و دەبێب بیان بێت و خواستێکی زۆر بەحەق و ڕەوایە، دەبێ بزانن کە دەستەبەرکردنی ئەم خواستە لە کاناڵی گۆڕینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تێپەڕ دەبێت. چونکا ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی ئەمە ڕابگیرێت، بەڵام تا کاتێک کە ئەم ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە لە سەر کارە، لە ئێران نە خەڵکەکەی و نە خەڵکی ناوچەکە دەحەسێنەوە و نە ئاسایشیان دەبێت. 

پرسیار؛ سیاسەتی ڕژیم لە ئێستادا، نە شەڕ و نە وت و وێژە، ئەم سیاسەتە بە کردەوە دەسەڵاتی زۆرتر پەرواوێز و گۆشەگیر کردووە. بە بڕوای ئێوە بۆچی ڕژیم وەها سیاسەتێکی ڕەچاو کردووە؟

وڵام؛ سەیر کەن نابێت زۆر بڕوامان بەوە بێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەرگیز وت و وێژ ناکات. ئێمە دەزانین کە لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق و دوای شەڕیش، پاش خولقانی گەلێک وێرانی گەورە کە بۆ خەڵک و کۆمەڵگای ئێران هاتنە ئاراوە، پاش زەرەر و زیانێکی زۆری ئابووری و مرۆیی و هەموو ئەمانە دواجار لە شوێنێک کۆماری ئیسلامی ناچار بوو وت و وێژ بکات و یان ڕێکەوتننامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان قبووڵ بکات، کاتێکی نەگونجاو ئەو وت و وێژەی کرد، کاتێک کە هیچ بژاردەیەکی دیکەی بۆ نەمابوویەوە، بەڵام سەرەنجام ئەم کارەی کرد. لە میانەی بە بارمەتە گرتنی دیپلۆماتە ئەمریکاییەکانی باڵوێزی ئەمریکا لە تاران، دواجار بارمتەکانی ئازاد کرد بەڵام لە کاتێکی زۆر خراپ دا. هەر بەو پێیە ناکریت بڵێین کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز وت و وێژ ناکات. ئەگەر ئەم ڕژیمە پشتیوانییەکی جەماوەری بایە، ژیر بووایە، دوور بین بووایە و بەرژەوەندی ئیرانی بۆ گرنگ بایە زۆر زووتر لەمانە دەبوو وت و وێژی جیددی و بنیاتنەری لەگەڵ ئەمریکا و کۆی کۆمەڵگای جیهانی ئەنجام بدابایە، بەڵام ئەم جۆرە نییەت پاکی نواندنانە لە لای کۆماری ئیسلامی بوونی نییە. شتێک کە دەکرێت لە کۆماری ئیسلامی چاوەڕان بین ئەوەی کە لە ژێر گوشارێکی جەرگبڕ و لە ڕووی بێ دەرەتانی و وێرانی ئابووری و سیاسی ڕەنگە بێتە سەر مێزی گفت و گۆ، لەم دان و ستانانەدا شتێک کە کۆماری ئیسلامی بە پێی ئەزموون هەوڵی بۆ دەدات، نەک بەرژەوەندییەکانی وڵات و خەڵکەکەی بەڵکوو گەرەنتی کردنی مانەوەی خۆیەتی، گەرەنتی ئەوەی دەوێت کە ئەمریکا کاری بە دەسەڵات نەبێت و ئەمە لە ڕاستیدا دروشمی سەرەکی و ئامانجی سەرەکی بووە چ لە شەڕ وچ لە ئاشتییەکەیدا. لە هیچکام لەم دوو حاڵەتەدا کۆماری ئیسلامی بە دوای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە نەبووە و ئەگەر وت و وێژیش بکرێت دیسانەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران ناکات، بەڵکوو بۆ مانەوەی خۆی دەیکات و ڕەنگە ئیمتیاز و خاڵی زۆر گەورەش بدا بۆ مانەوەی خۆی. کێشە ئەمەیە کە بە چوونە ناو وەها وت و وێژێکەوە و بە دانی ئیمتیاز و خاڵی گەورە لە بواری سیاسەتی دەرەوە، جۆرێکی دیکە گۆڕان لە کۆماری ئیسلامی، جۆرێکی دیکە لە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دێتە ئاراوە. سیناریۆکان دەتوانن جیاواز بن، بەڵام هەندێک لە سازانە گەورەکان لە ڕێکەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا باسیان لێ دەکرێت. ئەگەر وەها بێت ئەمە کاتێکە کە گۆڕانی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی قبووڵ کرا بێت و قبووڵی ئەو گۆڕانە بنەڕەتییانە زۆر زەحمەتە هەم جێ بە جێ کردنییان و هەمیش پاشهاتی زۆر قورسی بۆ کۆماری ئیسلامییەوە بەدواوە دەبێت. ئەگەر بییەوێت لە ڕێگەی وت و وێژەوە ئەو پرسانە چارەسەر بکات و ئەگەریش بیەوێت لە ڕێگەری گرژییەوە بیکات زیانەکانی بۆ خەڵکی ئێران و ناوچەکە دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا سەربڵیند لەو قۆناغە تێناپەڕێت. بەڵام ئەوەی کە بە شێوازێک و کەی تەمەنی ئەم ڕژیمە کۆتایی پێ دێت ڕوون نییە. پێم وایە دڵخوازترین، باشترین و بێ کێشە ترین  ڕێگە بۆ گۆڕینی ڕژیم ئێران کە خزمەت بکات بە داهاتووی ئێران، ڕێگەی گەشانەوە و هەستانەوەی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و یەکگرتووییانە و بوونیان بە بزووتنەوەیەکی گەورەی گۆڕێنی ڕژیم.

پرسیار؛ بە بڕوای ئێوە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت ڕۆڵێکی پێشگیرانەی لە شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکادا هەبێت و ئەگەر وڵامی پرسیارەکە بەڵێ یە، چ ڕۆڵێکیان دەبێت؟

وڵام؛ نا پێم وا نییە، ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت ڕۆڵەکەی ڕووەو کۆمەڵگای جیهانی پیشان بدات کە ئێرانێکی تریش بوونی هەیە جگە لەم ئێرانە شەڕئەنگێز و بەدناوە کە بە داخەوە کۆماری ئیسلامی بە دنیای ناساندووە. ئێرانێکی دیکەش هەیە کە ئازادی، دیمۆکراسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانی تێیدا مانای هەیە و ئەمانە بکات بە پێناسەی خۆی. بە بڕوای من پیشاندانی ئەم ڕەهەندە، جیاوازی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆن و ئاڵترناتیڤە دیمۆکراتیکەکانی دەبێت ئەمە بێت و ڕەهەندی سەرەکی هیمەتی ئۆپۆزیسیۆنێکی دیمۆکراسیخواز بێت و نەک ئەمەی کە بە دروستکردنی بزووتنەوەی ساختەی دژە جەنگ، ئاو بکاتە ئاشی کۆماری ئیسلامییەوە. ڕێگەی دابین کردنی ئاشتی لە ڕێگەی گۆڕینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تێدەپەڕێت. ئاشتی سەقامگیر، گەشانەوە و دیمۆکراسی بەردەوام و دەستەبەرکردنی مافی مرۆڤ بۆ خەڵکی ئێران ئەمانە هەموویان دەبێت بە یەک پەکەیج سەیر بکرێت و دەبێت بۆ بە ئەنجام گەیاندنیان دەبێت پلان و بەرنامە هەبێت. گومان لەوە دا نییە کە ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمیکراسیخوازی ڕاستەقینە دەبێت ئاشتیخوازی ڕاستەقینەش بێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت لە هیچ بەرنامەیەکی جەنگی پشتیوان بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بە بڕوای من دەبێت بە خەڵکەکەی و بە هەموو جیهان نیشان بدرێت کە گۆڕینی ڕژیم پێویستی سەرەکی بۆ دابین کردنی ئاشتی سیستمی داهاتوو لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی و هەروەها ئاشتی لە ناوچەکە و ئاشتی لە ئاستی نێونەتەوەییە..


پرسیار؛ بەڕێز کاک عەبدوڵڵا ئێوە سکرتێری گشتی یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانی ئێرانن، زۆر کەس لە کوردستانی ئێران لەو بڕوایەدان کە ئەگەر ئێران بگات بە دیمۆکراسی دیسانەوە زۆرێک لە کوردکانی ئێران بە خواستەکانی خۆیان ناگەن. پێتان وایە خواستی سەرەکی نەتەوەیی کورد لە ناوخۆی ئێران چین؟

وڵام؛ ئەم وتەیە بە یەک جۆر، ڕاستە و بە جۆرێکی دیکە ناڕاستە. بەو مانایە ڕاستە کە دیمۆکراسی لەخۆڕا ئەو مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە کوردەکان داوای دەکەن، بە ئاسانی دەستەبەر ناکات. دیمۆکراسی ئێمە لە خەباتی داهاتوومان ناوەستێنێت، بەڵکوو دۆخی گونجاوتر و بە چەند قات لەبارتر بۆ ئەوەی کە بتوانین مافەکانمان بستێنین و خەباتی بۆ بکەین هەموارتر دەکات. ئەمە تەنیا بۆ کوردەکان نییە، بەڵکوو بۆ کرێکارانیشە. ئەگەر وای دانێین کە ڕژیم بگۆڕدرێت و سیستم و نیزامێکی زۆر دیمۆکراتیش هاتە سەر کار، ئەگەر کرێکارەکان نەجووڵێن، خۆیان ڕێک نەخەن، خواستەکانیان فورمولە نەکەن و بۆی نەیەنە مەیدان، دیمۆکراسی لەخۆڕا مافەکانیان پێ نابەخشێت. ژنانیش هەروا، خوێندکاران و … هەر بۆیە دیمۆکراسی وەک خۆی و ئۆتۆماتیکییەن ئێمەمانان بەختەوەر ناکات و لە هەر ساتێکدا لەخۆڕا هەموو هەڵاواردنەکان لەناو ناچن، بەڵام بە پێکهاتنی دۆخێکی دیمۆکراتیک، ئێمە دەچینە قۆناغێکی دیکەوە کە تێیدا ئێمە چەند ئەوندەی ئێستا بەهێزتر دەبین و دەتوانین ڕێكخراوتر بین و دەتوانین لە دۆخی گونجاوتر و ئاسانتر کەڵک وەربگرین بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانمان. بەم واتایە بەڵێ ئێمە لە سبەی ڕۆژی دیمۆکراسیش خەباتمان لە بەر دەم دەبێت، بەڵام بە شكڵ و فۆڕمێکی دیکەوە، لە فۆڕمی مەدەنی و شارستانیانە، یاسایی و لەو قۆناغەدا ئەم ڕێگەیەمان لە پێشە. بەڵام ئەوە بەو مانایە دروست نییە؛ چونکا وا دەریدەخەن کە ئەگەر وڵات دیمۆکراسی تێدا بێت یان نەبێت جیاوازییەکی بۆ ئێمە نییە، نا ئەمە وا نییە و زۆریش جیاوازە. ئێوە بیر بکەنەوە ئەگەر کوردەکان و هەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە ئێستا هەیانە بە هەموو هەڵاواردنە نەتەوەیی و زمانی و کولتورییەوە، ئەگەر کوردەکان لە وڵاتێکی ئۆرووپاییدا بوونایە، ئەو کاتیش دۆخەکە هەر وەک ئێستا دەبوو؟! دەمەوێت بڵێم نەبوونی دیمۆکراسی یەکێک لە گەورەترین خەسارەکانە کە بەر کوردەکانی خستووە و کوردەکان لە هەمووان زیاتر لە نەبوونی زەرەرمەند بوون. هەر بۆیە ڕێک بەم مانایە من دەڵێم هەتا دیمۆکراسییەکە قوڵتر، ڕەگ و ڕیشەدارتر و گشتگیر تر بێت، ئەو کات کوردەکان دەتوانن کەڵکی باشتری لێ وەرگرن. کورتی دەکەمەوە؛ دیمۆکراسی ئۆتۆماتیکییەن ئێمە بە هەموو مافەکانمان ناگەیەنێت، بەڵام دۆخێکی زۆر گونجاوتر و لەبارتر بۆ ئێمە دەخولقێنێت کە بتوانین بە مافەکانمان بگەین. هەر بۆیە نەک تەنیا ئێمە نابێت خەمسارد بین بەرامبەر بەم گۆڕانە گەورەیە، بەڵکوو دەبێت یەکێک لە کۆڵەکەکانی چەسپاندنی لە کۆمەڵگای ئێراندا بین.

پرسیار؛ بەڕێز کاک عەبدوڵڵا موهتەدی ئەگەر شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا ڕوو بدات، پێتان وایە ئەم شەڕە چ جیاوازییەکی لەگەڵ شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەبێت؟

وڵام؛ پێشبینی ئەم شتانە زۆر کارێکی زەحمەتە، بەڵام ئەوەی کە لەم دۆخەی ئێستاوە دیارە ئەمەیە کە ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک و تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لە ئەنجامی عەمەلیاتە هەڵخرێنەرانەکانی بەردەوام بێت و تەنانەت ڕووەو ئەمریکاییەکانیش ئەنجامی بدات و ڕاستەوخۆ هێرش بکات، پێم وانییە دەوڵەتی ئەمریکا هیچ بەرنامەیەکی بۆ داگیرکردنی خاکی ئێرانی هەبێت، بەو مانایە سەرباز بنێرێت و خاکی ئێران داگیر بکات. ئەم شتان بە هیچ شێوەیەک لە ئارادا نییە و پێ ناچێت وەها بەرنامەیەکی هەبێت و پلانی ئەمریکاش بۆ ئەوە نییە و کۆمەڵگای ئەمریکاییش خوازیاری نین، دەوڵەتی ترامپیش خوازیاری وەها شتێک نییە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئێران لە پەرە پێدان و بەردەوامی ئەم جۆرە کارە تێکدەرانە و هەڵخرێنەرانەی بەردەوام بێت بیگەیێنێتە ئاستێک و ئەمریکاییەکان بکاتە ئامانج و گیانی پێرسۆنێلە سەربازی و مەدەنییەکانی ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە گورزی قورسی جەرگبڕی لێ دەدرێت، بەڵام بەو شێوەیەی کە ئینلگیزییەکان پێی دەڵێن؛ «پۆستاڵی سەربازە ئەمریکاییەکان ناچنە سەر خاکی ئێران»، بە ئەگەری زۆرەوە هێرش و گورزەکان لە ڕێگەی هێزی دەریایی و ئاسمانی و تێکنۆلۆژییە ئەمریکاییەکانەوە لە ئێران دەوەشێنرێت.




ئه‌م بابه‌ته 791 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:15:03/06/2019