پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە

پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە


ن: ئاسۆی رۆژ

لە رۆژژمێری ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، رۆژی ٥ی جوون وەک رۆژی جیهانی ژینگە (World Environment Day(WED) ) دیاری کراوە. ساڵی ١٩٧٤ بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسێکدا لە ژێر ناوی "مرۆڤ و ژینگە" لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی سوید، ئەم رۆژەی وەک رۆژی جیهانی ژینگە دیاری کرد. لەم چەند ساڵەدا بە شێوەی جیاواز رێز لەم رۆژە گیراوەو رۆژی ٥ی جوون کراوە بە رەمزێک بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە ژینگە و لەهەمانکاتدا گوشار خستنە سەر حکوومەت و دەسەڵاتەکان بەوەی دەبێت هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی ژینگە و پاراستنی ژینگە بکەن بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆیان. وەک دەڵێن پاراستنی ژینگە ، پاراستنی ژیانە و لەبەرچاو نەگرتنی پاراستنی ژینگە، تێکدانی ژیان و تێکدانی ئێکۆسیستمە.

بێگومان مرۆڤ و پاشەڕۆی مرۆڤ و چالاکییە ئابووری و سیاسیەکانی مرۆڤ دەتوانین بە هۆکاری سەرەکی تێکدانی ژینگە بزانین. مرۆڤەکان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هێرشیان کردە سەر دارستانەکان و لە هەموو دونیا هەزاران و بگرە بە میلیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە لە دارستانەکانیان لەناو برد و کردیان بە شار و گوند و شوێنی نیشتەجێبوون. دارستانەکانیان لە ناو برد و کردیان بە زەوی کشت و کاڵ. کارگە و کۆمپانیا زەبەلاحەکان دووکەڵیان بەرهەم هێنا و لە لایەکیترەوە پاشەڕۆکانیان کردە ناو ڕووبارەکان و بوون بە هۆی مەرگی دەیان و سەدان هەزار جۆر گیانلەبەری دەریایی و زەمینی.

مرۆڤەکان بە مەبەستی چاوچنۆکی دەستیان کرد بە ڕاو کردن و هەزاران جۆر گیانلەبەریان لە ناو برد تەنها لەبەر گەیشتن بە دەستکەوتی ئابووری و ماددی و لە ئێستاشدا هەزاران جۆر گیانلبەر مەترسی لەناوچوونیان لەسەرەو چاوچنۆکی مرۆڤەکان کۆتایی نایەت و مرۆڤ بووە بە شێرپەنجەی سروشت و کەوتۆتە گیان سروشت. بە مەستی بازرگانی کردن و فرۆشتن دەیان و بگرە سەدان جۆر گیانلبەری کوشت بۆ ئەوەی بازرگانی بە پێست، گۆشت و بەشەکانیتری جەستەی ئەو ئاژەڵانە وەک عاج و شفرە و ...یانەوەبکات.

مرۆڤەکان بە مەبەستی تێرکردنی حەزی کاتی خۆیان، باڵندەو ئاژەڵەکانیان لە ژینگەی راستەقینەی خۆیان دوور خستەوەو لە ناو قەفەس و زنجیریان کردن، لە باخچەی ئاژەڵان لە قەفەسیان کردن و لە دەرەوەی قەفەسەکانەوە مرۆڤەکان تەماشاین کردن و حەزی کاتی خۆیان دامرکاند.

تێکدانی ژینگە، گۆڕینی ڕێ رەوی ئاوەکان، گۆڕینی شوێنی ژیانی ئاژەڵەکان و تێکدانی ئێکۆسیستم، پیسکردنی دەشت و دەرو رووبار و هەوا، پیس کردنی خاک و خۆڵ. هەموو ئەو کارانە بوو کە مرۆڤ کردی بۆ ئەوەی ژیانی باشتر بۆ خۆی مسۆگەر بکات کە چی پێچەوانەکەی ژیانی خۆی و ئاژەڵەکانیتریشی تێکدا.

ئەم بوونەوەرە دوو پێیە تا زیاتر توانیویەتی کونجکۆڵی بکات و بە ناو پێشکەوتووتر بێت زیاتر زیانی بە سروشت گەیاندووە. دروستبوونی ماشێن و کۆمپانیا و کارگە مەزنە پیشەسازییەکان ، دروستبوونی شارە مەزنەکان و مێترۆپۆلەکان، دروست بوونی شەمەندەفەڕ و قیتارو کەشتی و پاپۆڕە گەورەکان زیاترین زیانیان بە سروشت گەیاندووە. ئەو شتانەی بە دەستکەوتی مرۆڤایەتی و مرۆڤ لە باری پیشەسازییەوە ناوی دەبرێت بووە بە هۆکاری تێکدانی رێ رەوی سروشت و سروشتیان تێکداوە.

ئەمڕۆ لەگەڵ هەر کەسێکدا بە هەر ئاستێکی زانستەوە قسە بکەیت زۆر بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە سروشت تێکچووە، زەوی وەک جاران نەماوە، گۆڕان دروست بووە، گەرمای زەوی لە ئێستە وەک گەرمای چەند دەیە لەوە پێش نییە، رووبارەکان وشک بوون، سەرچاوە ئاوییەکان کەمیان کردووە، گیانلەبەرەکان و ئاژەڵەکانی دەورووبەریان کەمتر بوون و هەن.بە گشتی ئەم گۆڕانانە لە ژینگەدا روویداوەو شوێن پەنجە و شوێن دەستی مرۆڤ بە سەر ئەو گۆڕانانەوە دیارە. مرۆڤ بە تایبەت لە سەردەمی مۆدێرنیتیدا بووە بە تێکدەری ژینگە و ڕۆژانە دووکەڵ بەرهەم دەهێنن.

سەرمایەداری و پیشەسازی سەردەمی سەرمایەداری دەتوانین بە گەورەترین دوژمنی ژینگە بزانین. سەرمایەداری لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا و بۆ کەڵکە بوونی زیاتری سەرمایە کەوتە گیانی ژینگە و ژینگەی تێکدا. بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ئەوەی تێک دەچێت داهاتووی ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە، بێ بەزەییانە وەشایە گیانی ژینگە. سیستەمی پێش سەرمایەداری سیستەمێکە پەیوەستە بە ژینگەوە، ژینگەی خۆش دەوێت و ژیانی خۆی لە سەر ژینگە رێک دەخست. بەڵام سەردەمی سەرمایەداری و پیشەسازی سەردەمی رووخانی ژینگە و تێکدانی ژینگەیە. کاتێکیش کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەخۆیدا هاتەوە کە زانی بەشێکی زۆر لەم سەرمایە مرۆییەی تێکداوە. هەرچەند ئێستاش ئەو هەوڵانەی کە هەن لە پێناو پاراستنی ژینگە زۆر کەمترن لەو شەپۆلە بەرفراوانە تێکدەرانەیەی کە کاریگەری هەیە لەسەر تێکدانی ژینگە.

ئێمە بە گشتی ئێستە دوو شەپۆلی گەورە دەبینین، شەپۆلێک کە لایەنگری ژینگەیە و شەپۆلێک کە دژی ژینگە. لایەنگرانی ژینگە ئەوانەن کە ئاگاداری مەترسییەکانی لەناوچوونی ژینگەن، ئاگادارن کە لەناوچوونی ژینگە تا چەند ئەتوانێت مەترسی بێت بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. شەپۆلێک کە ژینگە بە سەرمایەی مرۆڤایەتی دەزانێت. لە بەرامبەردا شەپۆلێک هەیە کە دژی ژینگەیە. شەپۆلێک کە چاوچنووکانە کەوتۆتە گیان ژینگە. ژمارەیەک لە دەوڵەتەکان و حکوومەتەکان لانیکەم لە سێ دەیەی رابردوودا سیاسەتێکی ژینگەپارێزانەیان گرتۆتە بەر و بەشێکی زۆر لە چالاکییە پیشەسازی و ئابوورییەکانیان بە شێوەیەک دامەزراندووە کە زیانی کەمتری بۆ ژینگە هەبێت ، لە بەرامبەریشدا ژمارەیەکیان بێ مبالاتانە و بێ بەزەییانە کەمترین بەرنامەیان بۆ پاراستنی ژینگە نییە.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە چالاکییە ئابووری و پیشەسازییەکانی وەها دانەڕشتووە کە زیانی کەمتر بێت بۆ ژینگە. بە ئاشکرا لە ٣ دەیەی رابردوودا شاهیدی ئەوەین کە ژینگەی ئێران زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە. بەشێکی زۆر لە ڕووبارەکان لەوانە زایندەڕوود وشک بوون. سیاسەتی دروستکردنی بەنداوەکان بە مەبەستی پیشەسازی لە ئێران بە شێوەیەکە کە زۆرترین زیانی بۆ ژینگە بووە. بەشێک لە ڕووبارەکان و دەریاچەکان وشک بوون یان روو لە وشکی دەچن. بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ئێران بوون بە بیابان. دیاردەی ڕۆچوونی زەوی کە زۆر بە بەرفراوانی لە بەشێک لە ناوچەکانی ئێران بیندراوە دەرئەنجامی نەمانی ئاوی ژێر زەوییە کە بەهۆی لێدانی زێدەڕۆیانەی بیرەوەو بیرهەڵکەندنەوە ئاوی ژێر زەوی وشک دەبێت. تەنانەت وەک کارناسان باسیان دەکرد بەشێکی زۆری هۆکاری بەرزبوونەوەی لافاوی ئەمساڵ لە ئێران و بەتایبەت لە خووزستان، شیراز و لوڕستان و ئیلام بە هۆی سیاسەتی هەڵەی بەنداو دروستکردنەوە بووە. لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی ئێران چ بە هۆکاری سووتان و چ بە هۆکاری بڕینەوەی بێ سەرو بەرە لەناوچوون و ئەم پرۆسەی لەناو بردنی دارستانانە هەر بەردەوامە. سیاسەتی ئابووری ئێران بە هیچ شێوەیەک سیاسەتێک نییە لە پێناو پاراستنی ژینگە، بەڵکوو سیاسەتێکە دژ بە ژینگە. فرۆشتنی خاک بە وڵاتانی عەرەبی، ئیزن دان بەوەی کە وڵاتێکی وەک رووسیا بەشێکی زۆر لە پاشەڕۆ ئەتۆمییەکانی خۆی لە ئێران بکات بە ژێر خۆڵەوەو (تپۆ)ی بکات. بڕینەوەی بێ سەرو بەری دارستانەکان و هەناردە کردنی دارەکان بۆ دەروەی وڵات و زۆر هەنگاویتر زیاتر وەک سیاسەتەکانی دەوڵەت یان تاقمێکی مافیایی دەچێت کە خەریکی تاڵان کردنی ژێرخان و بنەما ژینگەییەکانی وڵاتن نەک وەک سیاسەتی دەوڵەتێک کە خۆی بە بەرپرس بزانێت.

لە ئێران کە ژینگەیەکی بەرفراوان و هەمە چەشنی هەیە سەردەمانێک کۆمەڵێک ئاژەڵ دەژیان کە ئێستا یان ئەوەیە لە ناوچوون یان ئەوەیە بەرەو لەناوچوونن بە تەواوەتی و سیاسەتێکی روونیش نییە بۆ پاراستنیان. سەردەمانێک "بەبری مازەندەران" یەکێک بوو لە گەورەترین و جوانترین جۆرەکانی بەبر لە ئێران و بەشێک لە وڵاتانی قەفقاز، بەڵام ئەوە نزیک بە نیو سەدەیە بە تەواوەتی لە ناوچوون. زۆر جۆر و چەشنی تری ئاژەڵ و باڵندەی کێوی لە ئێران بوونیان هەبووە کە لەناو چوون یان نزیکن لەوەی کە لەناو بچن.

ژینگەپارێزی لە کوردستان

بە داخەوە دۆخی ژینگەپارێزی لە کوردستانی رۆژهەڵاتیش بە هەمانشێوەی شارەکانیتری ئێران دۆخێکی خراپە. لە کوردستان دوو رەوتی جیاواز هەن کە بە ئەنقەست دژ بە سروشتی کوردستان وەستاونەتەوەو خەریکی تێکدانەی ژینگەی کوردستانن.

لە کەس شاراوە نییە لە نزیک بە ٢ دەیەی رابردوودا سپای پاسداران و تاقم و دارودەستەکەی بوون بە دوژمنی سەرەکی ژینگەی کوردستان. هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما ، دارستانەکان و ژینگەی کوردستان لە لایەن سپای پاسداران و تاقم و دارودەستەکەیەوە ئاگری تێ بەردەدرێت و دەسووتێندرێت. ژینگەی کوردستان بە تایبەت ناوچە دارستانییەکان لە ناو دەبرێن. ئەمەش ئیتر بووە بە رەوتێکی چەندین ساڵە و بەردەوام دووبارەو چەند بارە دەبێتەوە. ئیتر گومان لەوەدا نەماوە کە سووتانی دارستانەکان و ژینگەی کوردستان بەشێکی زۆری دەستی لە پشتە. دەستێک کە بە بیانووی ئەمنییەتی و سەربازی و ... خەریکی سووتاندنی ژینگەی کوردستانە و ئەم ژینگەیە لە ناو دەبات.

دەستێکیتر کە خەریکی سووتاندن و لەناوبردنی ژینگەی کوردستانە، دەستی تاقمێکی بەرژەوەندی خوازە کە تەنها لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا و بە مەبەستی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان خەریکی لە ناوبردنی ژینگەی کوردستانن. بڕینەوەی دارستانەکان و لەناوبردنی بایەر و زەوییەکان، فرۆشتنی درەختەکان و بە زەوی کشت و کاڵی کردنی شوێنی دارستانەکان کاری تاقمێکی بەرژەوەندیخوازە لە پێناو بەدەست هێنانی سوودی ماددی زیاتردا. تاڵان کردنی دارستانەکانی کوردستان و فرۆشتنی درەختەکان و دواتر بە کێڵگە کردنی زەوییەکان بێگومان ئەگەر دەستی راستەوخۆی سپا و ناوەندە سەربازییەکانی رژیمی تێدا نەبێت لە خزمەتی سیاسەتی تێکدەرانەی ئەوانە بۆ ژینگەی کوردستان.

جگە لەوە بەداخەوە لە کوردستان و ئێرانیش بە تایبەت کلتووری کۆکردنەوەی پاشەڕۆ و زبڵ بوونی نییە. بە داخەوە ژینگەی کوردستان بووە بە زبڵدانێکی گەورە کە هەمووی پڕە لە پاشەڕۆی مرۆڤەکان ، سەرەڕای هەموو هەوڵی چالاکانی ژینگەپارێزی بەڵام دەبینین خەڵک بێ بەزەییانە بەرامبەر بە ژینگە رەفتار دەکەن.

لە بەرامبەرهەموو ئەو تاقمانەی کە بێ بەزەییانە کەوتوونەتە گیان ژینگەی کوردستان، ئێمە دەستەیەک دەبینین لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و ژینگە پارێزی، کە بە ئەو پەڕی لەخۆ بردوویەوە ، بە بێ هیچ بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی و تەنها لە پێناو بەرژەوەندییەکی گشتیدا کە پاراستنی ژینگە و دواتر ئاو، هەوا، خاک و دارستانەکانی کوردستانە لە خۆبردوانە خەریکی چالاکین. خاوێن کردنەوەی ژینگە، بەرگرتن بە ئاگرکوژاندنەوە، هەوڵدان بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری خەڵک بەرامبەر بە ژینگە و مەترسییەکانی لەناو بردنی ژینگە، کاری رێکخراو و هەماهەنگ بە مەبەستی پاراستنی ژینگە، ئەو چالاکیانەن کە سەرەڕای هەموو کێشە و گوشارەکان، سەرەڕای هەموو گوشارەکان ئەنجامی ئەدەن و سوورن لە سەر ئەنجامدانی.

ژینگەپارێزەکانی کوردستان و تەنانەت ئێرانیش جگە لەوەی کە لە لایەن دەسەڵات و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە پشتیوانیان ناکرێت، بە پێچەوانەوە کێشەیان بۆ دروست دەکرێت. دەخرێنە زیندان. تۆمەتی ئەمنییەتی و سیخوڕی بۆ وڵاتانی بێگانەیان دەدرێتە پاڵ. لەبەر ئەوەی کاری ئەوان، لێكۆڵینەوەکانی ئەوان، چالاکییە ژینگەپارێزییەکانیان دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەو دارو دەستانەیە کە بێبەزەییانە کەوتوونەتە گیان ژینگە، دژ بە بەرژەوەندییەکانی سپا و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیتری رژیمە. هەربۆیە لە لایەن رژیمە دۆسییەی ئەمنییەتییان بۆ دەکرێتەوەو دەخرێنە زیندان.

چالاکانی ژینگەپارێزی کورد، ئەوانەی کە ئاگری دارستانەکان دەکوژێننەوە، ئەوانە کە هەوڵ ئەدەن بەر بە پیس کردنی ژینگە بگرن و دژی ئەوەن ئاوەڕۆی شارو گوندەکان بچێتە سەر ڕووبارەکان، ئەوانەی کە دژی بڕینەوەی دارستانەکانن، لە لایەن رژیمەوە کێشەیان بۆ دروست دەکرێت و تەنانەت بە پیلانیش گیانیان لە دەست دەدەن. ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ ئومید کۆنەپۆشی و شەریف باجوەر و ٢ کارمەندی بەشی ئاگرکوژاندنەوە بە شێوەیەک کە گومانی هەموو کەسی کەوتە سەر کە دەستی تێدایە گیانیان لە دەستدا. شەهیدانی ژینگەپارێزی ٣ی خەرمانان لە پێناو ژینگەیەکی خاوێن و شایستەدا گیانیان لە دەستدا. بەڵام یادیان لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە.

سەرەنجام:

پاراستنی ژینگە و رێزگرتن لە ژینگە ئەرکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە. دەبێت سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵ بە وشیارییەوە بەرامبەر بە ژینگە هەڵسووکەوت بکەن و هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی. تێکدانی ژینگە وێرانکردنی سەرچاوەکانی ژیانە. پێویستە دڵسۆزانە بەرامبەر بە ژینگەی خۆمان هەڵسووکەوت بکەین. سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان و لەوانە رژیمی کۆماری ئیسلامی سیاسەتێکە بۆ تێکدانی ژینگە و ئەوان وەک چۆن دژی زۆر لایەنیتری ژیانی ئێمەن، دژی ژینگەی خاوێنی کوردستانن و هەوڵی تێکدانی ژینگە دەدەن. لە وەها دۆخێکدا دەبێت تاکەکانی کۆمەڵ وشیار بن بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە و هەوڵ بدەن ژینگە کوردستان بپارێزن کە پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانە.


ئه‌م بابه‌ته 241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:36:07/06/2019