هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و هەڵوێستی وڵاتە جیاوازەکان

هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و هەڵوێستی وڵاتە جیاوازەکان

ئا: م. زاهیدی

ماپک پۆمپێئۆ ئێوارەی پێنج شەممە ٢٣ی جۆزەردان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا دەربارەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر دوو کەشتی نەوت هەڵگر لە دەریای عومان، کە لە ئیمارات و عەرەبستانەوە بەرەو سەنگاپوور و تایوان دەڕۆیشتن وتی :" بەراوردەکانی دەوڵەتی ئەمریکا ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئەنجامدەری هێرشەکانی ئەمڕۆیە لە دەریای عومان. ئەم بەراوردە بە پێی زانیاری وردی ئەمنییەتی، ئەو چەکانەی کە بەکار هاتوون، ئاستی شارەزایی و لێهاتووییەک کە پێویست بووە بۆ ئەم چالاکییە، هەروەها هێرشە هاوشێوەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان و هەروەها لەبەرچاو گرتنی ئەو راستییەی کە هیچ کام لەو گرووپانەی کە دروستکراوی ئێرانن، توانای وەها وەکا کردەوەیەکی سەربازییان نییە بەم ئاستە لە وردبینی و ئاڵۆزییەوە." بۆیە لامان وایە ئەم هێرشانە کاری کۆماری ئیسلامییە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی :" ئەمە نوێترین کردەوەو چالاکییە کە بە هاندانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە دروستکراوەکانی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەنجام دەدرێت. ئەمانە دەچنە چوارچێوەی مێژووی ٤٠ ساڵ دوژمنایەتی کردنی ئەمریکا و نەتەوەکانی لایەنگری ئازادییەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی :" رۆژی ٢٢ی ئەپریل ئێران هەڕەشەی لە دونیا کرد کە بەر بە گواستنەوەی نەوت دەگرێت لە گەرووی هۆرمۆز و ئێستا خەریکە هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات و هەوڵیان بۆ دەدات. "

مایک پۆمپیئۆ لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا ئیرانی بە بەرپرسی هێرشی رۆژی ١٢ی مانگی مەی بۆ سەر ٤ کەشتی بازرگانی نزیک بە گەرووی هۆرمۆز، هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئەمریکا زانی و هەروەها تەقینەوەی ١٩ی مەی لە ئەفغانستانی بە کاری کۆماری ئیسلامی ناوبرد و هەروەها هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەیەک لە عەرەبستان کە بوو بە هۆی بریندار بوونی ٢٦ کەس، بە بەشێک لەو تاوانانە زانی کە کۆماری ئیسلامی ئەنجامی داوەو بەرپرسە لێی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی :" ئەم ‌هێرشانە هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر ئەمنییەتی و ئاشتی نێونەتەوەیی، هێرشێکی ئاشکرایە دژ بە ئازادی کەشتی لێخوڕین، هەروەها چالاکی و ئۆپەراسیۆنێکی بووڵ نەکراوە بە توندتر کردنەوەی ناکۆکییەکان لە لایەن ئێرانەوە."

دواتر لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی :" ئەمریکا بەرگری لە هێز و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و پشتی هاوبەش و هاوپەیمانەکانی خۆی بەرنادات، بۆ ئەوەی پارێزگاری بکات لە بازرگانی جیهانیو ئەمنییەتی ناوچەکە. ئێمە داوا لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە لایەن ئێرانەوە هەڕەشەیان لەسەرە دەکەین، کە پەیوەست بن بە ئێمەوەو هاوکارمان بن. "

هەر لەم پەیوەندەدا شەوی پێنج شەممە لە سەر هەینی بە کاتی کوردستان، دانیشتنێکی داخراوی شۆڕای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو. لەو دانیشتنە کوت و پڕەدا سەرجەم وڵاتان هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکانیان شەرمەزار کرد. جاناتان کۆهن باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم کۆبوونەوەی شۆرای ئاسایشدا ئامادە بوو و جارێکیتر ئێرانی بە تۆمەتباری سەرەکی هێرشەکانی رۆژی ٥ شەممە ناوبرد و جەختی کردەوە کە ئەمریکا گوشارە ئابووری و دیپلۆماتییەکانی بۆ سەر ئێران زیاتر دەکات.

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای دووبارە کردنەوەی قسەکانی پۆمپێئۆ ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، ئێرانی بە تۆمەتباری سەرەکی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ناوبرد و وتی :" ئێران دەبێت بە شێوەیەکی دیپلۆماتێک لە بەرامبەر ئەمریکا ئامادە بێت نەک بە تیرۆر و تەقاندنەوەی نەوت هەڵگرەکان. "

بە پێی زانیارییەکانی کاناڵی سی بی ئێس، لەم کۆبوونەوەیەدا سەرجەم ئامادەبووان، هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانیان شەرمەزار کردووە، بەڵام کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەم بارەوە پێک نەهاتووە. "

بەرەبەیانی رۆژی هەینی، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە وەک بەڵگە نیشانی ئەدات کە ئێران دەستی بووە لە تەقینەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و خەریکی لابردن و نەهێشتنی ئاسەواری ئەم هێرشەن. لەم ڤیدیۆیەدا ئێرانییەکان هەوڵیان ئەوەیە "مین"ێک لە کەشتی نەوت هەڵگری "کۆکۆکا" جیا بکەنەوە کە نەتەقیوەتەوە. ئەم کەشتییە سەرەتا لە دەریای عومان تەقیەوەو دواتر ئاگری تێبەربوو.

پێشتر راگەیاندنەکانی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەوە رایان گەیاندبوو کە گرتەیەکی ڤیدیۆییان لە بەلەمە تیژڕەوە ئێرانییەکان لە بەردەستدایە کە بەرەو کەشتی نەوتهەڵگری "کۆکا" دەڕوات و خەریکی جیاکردنەوەی مینێکە کە لکاوە بەو کەشتییەوەو نەتەقیوەتەوە.

هاوکات جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رۆژی هەینی ٢٤ی جۆزەردان لە وتووێژ لەگەڵ رادیۆ بی بی سی، وتی :" هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی باوەر بە بۆچوونەکانی ئەمریکا نەکەین لەم پەیوەندەدا."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەروەها وتی :" ئێمە هەڵسەنگاندنی خۆمان هەیە و بە شێوەی سەربەخۆیانە لە بابەتەکە دەکۆڵینەوە. " هاوکات وتی :" ئەمریکا نزیکترین هاوپەیمانی ئێمەیە و هۆکارێک نابینین کە هەڵسەنگاندنەکانی ئەوان بە ناڕاست بزانین و متمانەی پێ نەکەین."

هاوکات ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەم پەیوەندەدا و بە ئاماژە بە هێرش بۆ سەر نەوت هەڵگرەکان لە دەریای عومان و هەروەها هێرش بۆ فرۆکەخانەیەک لە عەرەبستان ، ئەم دوو هێرشەی شەرمەزار کردووە.

ئەنوەر قرقاش، وەزیری دەرەوەی ئیمارات ، شەوی پێنج شەممە لە تویتێکدا لە لاپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات نووسی :" هێرش بۆ سەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکان و هێرش بۆ فرۆکەخانە "ئێبها" لە عەرەبستان، "گۆڕانکارییەکی جێی نیگەرانییەوەو بە مانای زیاتر کردنی مەترسی ناکۆکییەکانە و ئەرکی هەموو لایەکە لەم ناکۆکیانە خۆیان بە دوور بگرن."

هاوکات بەرپرسانی ژاپۆنی رایان گەیاندووە کە لە گەڵ بەرپرسانی ئەمریکایی لە پەیوەندیدان بۆ لێکۆڵینەوە دەربارەی هێرشەکانی رۆژی پێنج شەممە لە دەریای عومان.

بە پێی راپۆرتی ناوەندی هەواڵنێری "ئایتارتاس"، دەبیری کابینەی دەوڵەتی ژاپون "یێ شیدە سۆگا" رۆژی هەینی رایگەیاندووە:" ئێمە لە هاوکاری نزیکداین لە گەڵ ئەمریکا بۆ گۆڕینەوەی زانیارییەکان و دەوڵەتی ژاپۆن دەستی کردوە بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان دەربارەی ئەم ڕووداوە."

هاوکات ئەم بەرپرسەی دەوڵەتی ژاپۆن بە پارێزەوە لە سەر رووداوەکەو دەرئەنجامەکانی قسەی کردوەو ڕایگەیاندوە کە لە ئێستادا نایهەوێت دەربارەی "دەرئەنجامەکان" و "بەرپرسایەتی هێرشەکان" قسە بکات و ڕای خۆی دەرببڕێت.

لە لایەکترەوە دەوڵەتی چین خوازیاری ئەوە بووە هەموو لایەنەکان بەر بە ڕوودانی رووداوی لەم چەشنە و دووبارەبوونەوەی بگرن.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری روەیتەرز، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی چین رۆژی هەینی رایگەیاندووە:" هیچ کەس نایهەویت لە کەنداو جەنگ رووبدات و چین هیوادارە لایەنەکان بتوانن کێشەکانیان لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکەن."



 


ئه‌م بابه‌ته 133 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:02:18:14/06/2019