وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئۆرووپا، هێرش بۆ نەوتهەڵگرەکان تاوتوێ دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئۆرووپا، هێرش بۆ نەوتهەڵگرەکان تاوتوێ دەکەن

ئاسۆی ڕۆژهەڵات

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئۆرووپا لە کۆبوونەوەیەک کە بڕیار ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی جۆزەردان بەڕێوە بچێت، لە لۆکزامبورگ گرژییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەی ڕۆژهەڵات ناوەڕاست و ئەگەری تێوەگلانی ئێران لە هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عۆمان تاوتوێ بکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئاڵمان، گرنگترین خاڵی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئۆرووپا تاوتوێ کردنی ئەگەری تێوەگڵانی ئێران لە هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عۆمان و توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەبێت.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی جۆزەردان، دوو کەشتی نەوتهەڵگر کە لە ئیمارات و عەرەبستانەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ڕێ دابوون کرانە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە خستنەڕووی فیلمێک لە کاتی جیاکرنەوەی مینێکی نەتەقاوە لە لایەن دەست و پێوەندەکانی ئێرانەوە، کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی ئەو هێرشە دەزانێت. هەروەها ستادی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکام، لە توێی ڕاگەیاندنێک هێرشی کۆماری ئیسلامی  بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عۆمان و هێرش بۆ سەر فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکایی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، پشت ڕاست کردەوە.

وەزیری دەرەوەی بریتانیاش پاش هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی ئەو دێکۆمێنت بەڵگانە، ڕایگەیاند ئەوانیش لەو بڕوایەدان کە ئێران هێرشی کردۆتە سەر ئەو کەشتییە نەوت هەڵگرانە.

هەروەها وڵاتانی عەرەبستان و سعوودییەش لە توێی ڕاگەیاندنی ڕەسمی ئێران بە بکەری ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەو نەوتهەڵگرانە دەزانن.

مایک پەمپێئۆ ڕۆژی هەینی لە توێی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا وتی؛ ئێران لە ٢٤ی ئاپریلەوە هەڕەشەی لە جیهان کرد کە ڕەوتی گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هۆرمز پەک دەخات و لە ئێستاشدا لە هەوڵی جێ بە جێ کردنی ئەو هەڕەشەیەی دایە.

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە ئەو بەڵگانەی کە خراونتەڕوو، دڵنیایان ناکاتەوە لەوەی کە ئێران ئەو هێرشانەی ئەنجام دابێت.

لە لایەکی دیکەوە ڕووسیا و چین دوو هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هێرشان، ڕایانگەیاندووە کە هیوادارن ئەو هێرشانە (بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عۆمان) نەبنە هۆی قوڵبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

کۆدەنگی یەکێتی ئۆرووپا دەربارەی ئەو هێرشانە بۆ چارەنووسی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا زۆر گرنگ دەبێت.

جێی ئاماژەیە کە ئەمریکا ڕۆژی هەینی بەڵگە و دێکۆمێنتی تایبەت بەو هێرشانەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:18:17/06/2019