ئەمریکا هێزی نوێ ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

ئەمریکا هێزی نوێ ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
بەرپرسی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕۆژی دوشەممە ٢٧ی جۆزەردان ڕایگەیاند داواکاری سێنتکام پەسەند کراوە و هێزی نیزامی نوێ لە  پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەوانە دەکرێن.
پاتریک شاناهان لە ڕاگەیەندراوێک دا وتی: بە پێی داواکاری سێنتکام و دوای لێکدانەوە لە گەڵ ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکان و پرس لە گەڵ کۆشکی سپی، ڕەوانە کردنی ١٠٠٠هێزی نوێ بۆ ناوچەکەم پەسەند کرد.
بەرپرسی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە ئەمریکا بە شوێن بەرەنگاری لەگەڵ ئێرانەوە نییە و ڕەوانە کردنی هێزە نوێکە لە درێژەی ئاگادارداربوون لە ئەمنیەت و تەندورستی هێزە نیزامییەکانی ئەمریکایە کە بە تێکڕایی لە ناوچەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا بوونیان هەیە.
پاتریک شاناهان وتی: هێرشەکانی ئێران بەڵگەیە لە سەر زانیارییە باوەڕ پێکراوەکان لە پێوەند لەگەڵ مەترسی هێزەکانی ئێران و هێزەکانی سەر بە ڕژیمی ئێران بە دژی ئەندامان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
هەروەها بەرپرسێکی ئەمنیەتی ئەمریکا بە ڕووییتێرزی ڕاگەیاندووە: ئەرکی ‌‌هێزە نوێکە پشکنین، کۆکردنەوەی زانیاری ئاسمانی دەربارەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکایە.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری پێکدادانی ئێران و ئەمریکا بە دوای هێرش بۆ سەر دوو نەوتهەڵگر لە دەریای عومان زیاتر بووە.
ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسی هێرش بۆ سەر ئەو نەوتهەڵگرانە دەزانێت. 

ئه‌م بابه‌ته 147 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:10:18:19/06/2019