ئەمریکا گەمارۆی خستە خامنەیی و دار و دەستەکەی

ئەمریکا گەمارۆی خستە خامنەیی و دار و دەستەکەی

ئاسۆی ڕۆژی

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاردانەوە بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە لە کە تەنگەی هۆرمز، ڕۆژی دوو شەممە ٣ی پووشپەڕ کۆمەڵێک گەمارۆی نوێی دژی کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی سەپاند.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە واژۆ کردنی فرمانێکی ئیجرایی ڕایگەیاند کە واشینگتۆن "گەمارۆی قورسدژی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و دار و دەستەکەی سەپاندووە

لەم فرمانەدا دۆناڵد ترامپ ڕوونی کردەوە کە ئەم گەمارۆیانە بە هۆی "هەوڵە خراپخانەکانی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی و بە تایبەتی تر هەوڵەکانی بۆ ئاڵۆزکردن و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشتیوانی کردن لە تیرۆریزمی نێونەتەوەیی، گەشەی بەرنامە موشەکییە بالستیکییەکانی، هەوڵی نابەرپرسانە و هەڵخرینەرانەی لە ئاوە نێونەتەوەییەکان و لەوانە سامانە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکاندەسەپێت.

ترامپ هەروەها وتی کە دەفتەری ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی کە مەبەستی "بەیتی ڕەهبەریییە نابێت لەو گەمارۆیانە جێ نەکرێنەوە

ڕۆژی پێنج شەممە ٣٠ جۆزەردان، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە لە لایەن سپای پاسدارانەوە خرایە خوارێ کە کارناسان، نرخی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەیان بە ٢٠٠ میلیۆن دۆلار مەزەندە کردبوو.

بە پێی ئەو فرمانە هەر کەسێک کە لە لایەن خامنەییەوە دابمەزرێت یان پۆستێکی دەوڵەتی و حکوومەتی بە دەستەوە بگرێت هەر لە بەڕێوەبەرێک لە ناوخۆوە تا دەرەوەی وڵات، یان بەڕێوەبەری دامەزراوەیەک لە دەرەوەی ئێران کە پێوەندی بە دامەزراوەیەکی ناوخۆی لە ئێرانەوە هەبێت، دەچێت لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە

واشینتۆن بەنیازە بە سەپاندنی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران، ڕژیمی ئەو وڵاتە ناچار بکات دەربارەی بەرنامە موشەکی، ناوکی و ڕۆڵی تاران لە ئاژاوەگێڕییەکانی تاران لە ناوچەکە، بێتە سەر مێزی گفت و گۆ.

ترامپ دەڵیت؛ ئەمریکا لە سەر سەپاندنی ئەوپەڕی گوشارەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبێت.

ترامپ لە کاتی دەرکردنی ئەو فرمانەدا وتی؛ ئێمە خوازیاری شەڕ لەگەڵ ئێران یان هیچ وڵاتێکی دیکە نین، بەڵام ئێران ناتوانێت ببێت بە خاوەنی چەکی ناوکی

دوابەدوای فرمانەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ستێڤان مەنوچین وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەمریکا، محەمەد جەوادی زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەخاتە لیستی گەمارۆکانییەوە

مەنووچین وتی؛ بە فرمانە نوێکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا "بە میلیارد دۆلاری تر داراییەکانی ئێران، بلۆکە دەبن

هەروەها ڕایگەیاند کە  هەشت فەرماندەی سپای پاسداران خراونەتە لیستی گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە

ناوی ئەو فەرماندانە بریتین لە؛ عەلیرەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی، ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هەوافەزا، محەمەدی خاکپوور فەرماندەی هێزی زەمینی سپای پاسداران، عەباس غوڵامشاهی، فەرماندەی ناوچەی یەکی دەریایی سپا، رەمەزان زیرئاهی، فەرماندەی ناوچەی دووی دەریایی سپا، یەدوڵڵا بادین، فەرماندەی ناوچەی سێی دەریایی سپا، مەنسوور رەوانکار، فەرماندەی ناوچەی چواری دەریایی سپا و عەلی عوزمایی، فەرماندی ناوچەی پێنجی دەریایی سپا

وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا دەڵێت؛ گەمارۆکانی ڕۆژی دوو شەممە تەنیا کاردانەوە بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکەی ئەمریکا نییە، بەڵکوو کاردانەوەشە بە هەوڵەکانی پێشووی ئێران.

هەر لەم پەیوەندەدا مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندێک وێڕای ئاماژە بە فرمانە ئیجراییەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی؛ بەیتی ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی بە داتاشینی خەرجی لە سەر شانی خەڵکی ئێران خۆی دەوڵەمەند کردووە. پەمپێئۆ نووسیویەتی؛ بەیتی ڕەهبەری لە سەر تۆڕێکی بەرین لە سەرکوت و گەندەڵی دانیشتووە کە خەڵکی ئێرانی لە ئاززدی و دەست پێڕاگەیشتن بە دەرفەتی شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە بێ بەش کردووە.”

ئەمریکا ساڵی ڕابردوو پاش هاتنە دەرەوەی لە ڕێکەوتننامە ناوکییەکەی شەش زلهێزی جیهان لەگەڵ ئێران ناسراو بە "بەرجامچەند گـەڕی گەمارۆی هەڵپەسێردراوی بووژاندەوە و بەشی وزە، بانک، ئۆتۆمبیل سازی و پیشەسازی پێترۆشیمی و کانزاکانیشی پێ زیاد کرد

ئابووری ئێران لەم ماوەیەدا تووشی گرفتی جیددی هاتووە و هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی پووڵی دەرەکی، نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان بەرزبوونەوەی سەرسووڕ هێنەریان بەخۆیانەوە بینیوە

لە دوو مانگ لەمەوبەرەوە ئەمریکا لە ڕیگەی گەمارۆکانییەوە فرۆشی نەوتی ئێرانی بۆ ٤٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا دابەزاندووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران لە سەردەمی بەرجامدا ڕۆژانە بڕی دوو میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بۆشکەی نەوت لە ڕۆژ دا دەفرۆشت

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی خۆی. ئەمریکا دەڵێت ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام بەکار هێنانی بژاردەی سەربازی لە دژی ئێران بۆ ڕەزامەند بوون بە خواستەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ڕەت نەکردۆتەوە و داوای دان و ستان و وت و وێژ دەکات

لە بەرامبەر دا ئێران دەڵێت؛ نە شەڕ دەبێت و نە وت و وێژ دەکات و بژاردەی ئەوان "بەرەنگاریدەبێت. ئەمریکا لە ڕێگەی گەمارۆکانی زیانی گەورەی بەر ئێران خستووە و تا دێت ئەم ڕژیمە لاوازتر دەبێت



ئه‌م بابه‌ته 67 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:08:46:25/06/2019