سێ وڵاتی ئۆرووپای هۆشداری جیددی دەدنە ئیران

سێ وڵاتی ئۆرووپای هۆشداری جیددی دەدنە ئیران

سێ وڵاتی ئۆرووپای بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان ڕۆژی دوو شەممە ٣ی پووشەڕ لە یادداشتێکی ڕەسمی بۆ ئێران، داوا لە سەرانی کۆماری ئیسلامی دەکەن بە بەڵێنەکانی ئەو وڵاتە بە ڕێکەوتننامەی بەرجام پابەند بێت و هۆشداری جیددیان داوەتە بەرپرسانی باڵای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە پابەند نەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی ئەو ڕێکەوتننامەیە پاشهاتی مەترسی داری دەبێت بۆ ئەو وڵاتە. وەزیرانی وڵاتانی فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان هەر کامەیان بە شێوەی سەربەخۆ داوایان لە ئێران کردبوو پابەندی بەڵێنەکانی ڕێکەوتننامەی بەرجام بمێنێتەوە.

محەمەد جەوادی زەریف کە بڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لە لایەن ئەمریکاوە بخرێتە لیستی گەمارۆوە، لە کاردانەوە بەو نامەیە ڕوو لە موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئۆرووپا ڕایگەیاندووە کە نووسینی ئەم نامە بە پێچەوانەی ڕێکەوتننامەی "بەرجام"ـە.

ئاشکرا بوونی ئەم نامەیە و کاردانەوەی زەریف بەو نامەیە لە کاتێکدا ڕاگەیاندنی دەبێتەوە کە بڕیار سبەینێ هەینی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکەوتننامەی بەرجام لە ڤییەن، بەڕێوە بچێت و ئەمە گومان دەخاتە سەر سەرکەوتوو بوونی ئەو دانیشتنە.

کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوە ڕێکەوتی ٨ی مەی، لە ساڵڕۆژی چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، ڕایانگەیاندبوو کە بە هەندێک لە بەڵێنەکانیان لە بەرجام پابەند نابن و مۆڵەتێکی ٦٠ ڕۆژەیان بە ئۆرووپاییەکان دابوو، هەموو هەوڵەکانی خۆیان بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران بخەنە گەڕ.

ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی بۆ گوشار هێنان بوو بۆ سەر ئۆرووپاییەکان بوو بۆ کاراکردنی ئەو ڕێگەچارەیەی کە ئۆرووپاییەکان بە ناوی ئینستێکس بۆ کردنەوەی دەروازەیەک بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران پێشنیاریان کردبوو، بەڵام نەدەخراوەتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.

ڕۆژنامەی "گاردییەن" چاپی لەندەن باسی لەوە کردووە کە بڕیارە لە ڕۆژی هەینی پاش دانیشتنی ئەو وڵاتانەی لە ڕێکەوتننامەی بەرجام دا ماونەتەوە بخرێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە کە تێیدا ئیزن دەدرێت چەند میلیۆن یۆرۆ لەگەڵ ئێران دان و ستان بکرێت.

پێشووتر ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە ئینستێکسی ئۆرووپاییەکان گرتبوو. بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە تا ئێستا ئەم ڕێگەچارەیە بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران نەخراوەتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.

چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە کاردانەوەی توندی زەریف بە نامەی ئەو سێ وڵاتە دژ بە ئێران، گومان دەخاتە سەر ئەنجامی دڵخواز بۆ ئێران بۆ کاراکردنی ئینستێکس.   


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:10:10:27/06/2019