دابەزینی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیایی

دابەزینی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیایی

ئاسۆی ڕۆژ

ڕێژەی فرۆشی نەوتی خاوی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیایی لە مانگی مەی ئەمساڵدا بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا دابەزیوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ڕۆیتێرز، ڕێژەی فرۆشی نەوتی ئێران بۆ چوار کڕیاری سەرەکی لە مانگی مەی دا بۆ نزیک ٣٨٦ هەزار بۆشکە لە ڕۆژ دابەزیوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراود لەگەڵ هەناردەکردنی ئێران لەم مانگە لە چاو ساڵی پار ٧٨.٥٪ دابەزیوە.

ڕۆیتێرز پێشتریش لە ڕاپۆرتێکی دا ڕایگەیاندبوو کە ڕێژەی هەناردە کردنی نەوتی ئێران لە سێ حەوتووی سەرەتای مانگی ژوئەن، نزیکەی ٣٠٠ هەزار بۆشکە بووە.

هاوکات هەواڵنێری فارس لە ئێران لە زار سەرچاوەیەکی دەوڵەتی نووسیویەتی کە "یەک میلیۆن بەرمیل بۆشکە نەوتی ئێران گەیشتۆتە چین" و "چەندین تانکێریش لە ڕێگەدان" کە لە هەفتەکانی داهاتوو دەگەنە ئەو وڵاتە.

ئێران لە مانگی ئاوریلی ٢٠١٨ وپێش لە چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، زیاتر لە ٢.٥ میلیۆن بۆشکە نەوتی ڕۆژانە هەناردەی دەرەوە دەکرد. تاران لە مانگەکانی دواییدا ڕیژەی فرۆشی نەوتی خۆی بە ئۆپێک ڕاناگەیێنێت. هەر ئەو بابەتەش بۆتە ئەوەی کە ڕێژەی دروستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە بەر دەست دا نەبێت.

وەزیری نەوتی ئێران پێشووتر وتبووی کە پاش سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا "ناتوانین بە ناوی ئێرانەوە نەوت هەناردە بکەین".

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاش هاتنە دەرەوەی لە بەرجام، لە دوو قۆناغ گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران کارا کردەوە. ئەم گەمارۆیان کڕینی نەوتی ئێرانیشی لە خۆ گرتووە.

دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە؛ ئامانجی گەمارۆکانی سەر کڕینی نەوتی ئێرانی، گەیاندنی داهاتی نەوتی ئێران بۆ سیفر، بەڵام بەوحاڵەشەوە ئیزنی کڕێنی نەوتی بە هەندێک لە کڕیارانی نەوتی ئێرانی دا، بەڵام بۆ ماوەیەکی دیاری کراو و لە ئێستادا ئەو ماوەیە کۆتایی هاتووە و ئەو مۆڵەتەی درێژ نەکردەوە.

کۆشکی سپی لە ڕاگەیانراوێک دا باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا و عەرەبستان و ئیمارات لە هەوڵی دابین کردنی نەوتی پێویست بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیهانین.

 


ئه‌م بابه‌ته 273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:45:30/06/2019