چوار دەیە گرانی؛ ڕەوتی مێژووی هەڵاوسان لە ئێران

چوار دەیە گرانی؛ ڕەوتی مێژووی هەڵاوسان لە ئێران

هەڵاوسان لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە تێپەڕین لە سنووری ٤٠ لە سەد، ڕیکۆردی ٢٣ ساڵەی گرانی و هەڵاوسانی لە مێژووی کۆماری ئیسلامی شکاند. تێپەڕین لەم سنوورە لەم ڕووەوە گرنگە کە دەری دەخات خەڵک لە ١٢ مانگی ڕابردوو هەر مانگەو بەرەو گرانییەکی کەم وێنەی کاڵاوشمەک و خزمەتگوزارییەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە و بە واتایەکی تر گرانی کاڵاوشمەک و خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بووە و تەنیا تایبەت بە یەک دانە یان دوو کاڵا و خزمەتگوزاری نەبووە

سەرەڕای تۆماری ڕیکۆردی پووشپەڕی ئەمساڵ، چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر مێژووی هەڵاوسان لە ئێران دەری دەخات کە ئابووری ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو بەردەوام گیرۆدەی هەڵاوسان (گرانی) بەرز و هەڵکش و داکێشانی توندی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بووە. بەم حاڵەشەوە دەوڵەتی حەسەنی ڕووحانی یەکەمین سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە توانی هەڵاوسان لە ٢٧ مانگی رابردوو (لە جۆزەردانی ١٣٩٥ تا پووشپەڕی ١٣٩٧) ـ بە وتەی خۆیان ـ لە ژێر ١٠ دەرسەددا ڕابگرێت. هەڵبەت هەر لەم قۆناغەشدا ڕەخنەگرانی دەوڵەت دەیانوت کە ئەم دەسکەوتە بە نرخی ڕکوود و نوشستی ئابووری ئێران دەستەبەر بووە کە دەوڵەت لەم ماوەیەدا هیچ پرۆژەیەکی ئاوەدانی جێ بە جێ نەکردووە. واتە لە بری هەڵاوسان، تووشی نوشستی ئابووری ببوو

هەڵاوسان لە ئێران بە دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی ناوکی ئێران و شەش زلهێزی جیهانی لە گوڵانی ١٣٩٧ و پاش گەڕانەوەی خولی یەکی گەمارۆکان لە پووشپەڕی هەمان ساڵ دیسانەوە دەوری هەڵگرتەوەقەیران لە بازاری تمەنی ئێرانی کە ساڵی پار دەستی پێکرد، وەک ساڵانی ڕابردوو کاریگەری گەورەی لە سەر هەڵکشانی توندی هەڵاوسان بوو و پاش ئەو یەک ساڵە، دەسکەوتی ئابووری دەوڵەتی حەسەنی ڕووحانی وای کرد ڕیکۆردی ٢٣ ساڵەی هەڵاوسان لە ئێران تێپەڕێنێت

بە لەبەرچاوگرتنی نمووداری سەرەوە دەر دەکەوێت کە هەڵاوسان لە سەردەمی سەرۆک کۆماری مەحموودی ئەحمەدی نژاد و تەنانەت بەر لە دەست پێکی گەمارۆ ئابووری و نەوتییەکانی ئەمریکاش لە ساڵەکانی ١٣٩٠ و ١٣٩١ بەر بووە کە کاریگەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی بوو. لە لایەکەوە لابردنی سۆبسیت و یارانەی دەسەڵاتی ئێران کە وا پیشان دەدرا یارانەکانە ئامانجدار دەبن، دانی یارانەی نەغدی بە هەموو خێزانە ئێرانییەکان و سیاسەتی خۆ قەلەو کردنی دەوڵەت بە قەرزی قورس و گران لە وڵاتانی دیکە و لە بانکەکان، هەڵاوسانی ئەوندەی دیکە بەرز کردەوە.

سەردەمی سەرۆک کۆماری محەمەدی خاتەمی، هەڵاوسان لەچاو ئێستا لە خوارەوەتر بوو و بەرز و نزمی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان ئەگەرچی ڕوو لە سەرەوە بوو، بەڵام هەڵکشان و داشکانی کاڵاکان زۆر بەرچاو نەبوو. ئەگەرچی لەو ساڵانەشدا یەکسانسازی نرخی تمەن لەگەڵ نرخی دۆلار، تەنانێکی هەڵاسانی پێک هێنا.

سەردەمی سەرۆک کۆماری ئەکبەری هاشمی ڕەفسەنجانی ڕێکۆردی بەرزترین نرخی هەڵاوسان لە کۆماری ئیسلامی شکا. لە ساڵی ١٣٧٣ هەڵاوسان لە سنووری ٣٥ دەرسەد تێپەڕی و ساڵی دواتر ڕێکۆردی ٤٩.٤ی شکاند. هۆکاری بەرز بوونەوەی هەڵاوسان جگە لە گۆڕانکاری لە قەوارەی ئابووری پاش شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، دابەزینی نرخی نەوت، دابەزینی خێرای داهاتی دەوڵەت و باری قورسی دانەوەی قەرزە خارجییەکان بوو

لەم چل ساڵەدا هەڵبەت هەڵاوسان مانگ بە مانگ لە هەند شوێن گەیشتۆتە ٤٠ دەرسەد. بۆ وێنە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٧. بەڵام لە ئەوەی لە ئابووری دا جێی سرنجە بەردەوام بوونی گۆڕین و هەڵکشان و داکشانی نرخەکانە. واتە هەڵاوسان مانگ لەدوای مانگ بەرز بێتەوە بۆ بۆ ماوەی چەند مانگ درێژە بکێشێت. ئەم دۆخە ڕێژەی ١٢ مانگە دەباتە سەرەوە، دۆخێک کە ئێستا لەگەڵی بەرەوڕووە

دۆخی خراپی ئابووری ئێستا ئێران ١٠٠٪ بەرهەمی سیاسەتی هەڵە و چەوتی کۆماری ئیسلامییە کە، ئابووری دەوڵەمەندی وەک ئێرانی کردۆتە یەکێک لە خراپترین ئابوورییەکانی جیهان

چڵ ساڵ لەمەو بەر لە وڵامی پرسیارێک لە خومەینی دەرباری جۆرەکانی ئابووری، خومەینی وتبووی؛ "ئابووری هی کەرە!” چاوەڕوان دەکرا ئابووری ئێران بەم ڕۆژ ڕەشییە بگات.

سندووقی نێونەتەوەیی دراوی جیهانی ڕایگەیاندووە کە ساڵی داهاتوو بە درێژە کێشانی دۆخی ئێستای ئابووری ئێران، چاوەڕوان دەکرێت ئێران ئەزموونی هەڵاوسانی سەروو ٥٠٪ بکات، واتە هاوشانی ئابووری وڵاتی سوومالی. جێی ئاماژەیە کە چەند مانگ لەمەوبەر بە دوای هەڵکشانی هەڵاسانی ئابووری سوومالی بۆ سەروو ٥٠٪ لە کۆدتایەکی سەربازی دەوڵەی عومەر حەسەن ئەلبەشیر، دیکتاتۆری سوومالی ڕووخا.


ئه‌م بابه‌ته 282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:15:01/08/2019