«گابۆر»ی سەید قادری هیدایەتی

«گابۆر»ی سەید قادری هیدایەتی


ئەرسەلان چەڵەبی


بۆ ئەو یادداشتەم لە سەر گابۆڕ نووسی؟ لەبەر ئەوەی زۆر جاران دەبیستمەوە دەڵین ئەرسەلان لە ژێر کاریگەری بوکووفسکی و گینزبێڕگ و ئەو جەماعەتە دایە! دیارە ناڵین جوانە یا ناحەز بەس دەڵین لە ژێر کاریگەری ئەواندایە!

بەڵام لە راستیدا من لە ژێر کاریگەری ئەوان دانیم، لە ڕاستیدا من ئەوە لە گابۆڕی دەزانم، من لە ژێر کاریگەری وی زمان و فۆڕمەکەم گۆڕیوە. گابۆر ئەو زمانە خاکی و خۆماڵییەی زیندوو کردەوە، دیارە نەک وەک هی من رووت بن، نا هی ئەو شتێکی زۆر جیاوازە، ئەو خۆمانە کردنەوەی زمانە لە نێوان دوو تازە گەنج دا خولقا و خۆش و خۆماڵی و کوردی نووسی، ئەوە بووە هۆی ئەوەی من یان رەنگە کەسی تریش، نازانم، بەڵام من باسی خۆم دەکەم. توخمی سەرەکی ئەو ڕۆمانە بوو، دەنا جوانکاری و فۆڕمی تایبەت بە خۆشم هەیە، هەڵبەت کاریگەری ئەو چەند شاعیرەی باسیشی لێ کرا بە سەرەوەمدا هەیە بە جۆری خۆی. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە هی گابۆڕە، کەڵک وەرگرتنی گابۆر لە زمان بۆ گێڕانەوە تازە بوو، تکنیکێکی تایبەت بوو، جا سەید قادریش هێنای بەو زمانە خۆماڵ و خۆشە دایڕشتەوە و چوارپەلی وێک هێناوە، جا بۆیە گێڕانەوەیەکی وەها خۆش و جیاوازی لێ دەرهات، جا با منیش شتیکتان بۆ بگێڕمەوە! جا ئەوڕۆش لە بەر چراسوورێک وەستابووم، دیسان چاوەڕوان، هەتا سەوز ببێت بپەڕێمەوە، لەوکاتەیدا بیری گابۆڕ کەوتبوومەوە، هەر لە زەینیشمدا ببووم بە گایەک و چاوم سوور ببوو و دەتگوت لەو گا سەرشێتانەی ئیسپانیام، کەوتبوومە خەلسەوە و لە ناو گێژاوێکدا خولم دەخوارد و دەتگوت سیاچاڵە بەرەوڕووم دێت و دەیهەوێ بمخنکێنێ، سیاچاڵیکی سەیر و سەمەر، یەکیان رەشی رەش بوو و یەکیان سپی سپی، یەکیان سوور سوور بوو و یەکیان بڕۆنزی و بڕۆنزی، ئەگەر چرا سەوز بۆوە دیتم ئەوە خەریکم دەپەڕیمەوە و ئەو سیاچاڵانەش نێوکی ژنان و کچان بوو بەرەوڕووم دەهات و لە چاوی دەدام! ئۆخەیەکیشم بۆ خۆم کرد و گوتم ئۆخەیش: نەجاتم بوو لەو گێژاوەی، جا ساعەتێک لەوە پێشیش توونیم ببوو و و چووبووم ئاو بکڕم کۆلایەکم کڕیبوو، بە بن باڵم گرتبووم، کاتێک لە چرا سوورە پەڕێمەوە و کەوتمە تەنیشتێکی تر لەناکاو کچێک بەرەوڕووم هات و سەری کۆلاکەی من وە ئەنیشکی کەوت، ئەنیشک چی، رووت و قووت و سپی و ناسک، تازە دەگەیشتێ! ئێشێکی ناخۆشی پێ گەیاند و کچە گوتی ئاخخخخخخ!

ئاوڕی داوە و دەمگوت:

وات ئاڕ یوو فاکینگ دووینگ؟ فاک یوو، ئاس‌هۆڵ...!

وەڵڵا جا منیش چ دەمگوت: حەقی بوو، دەبوو بمگرێ و وەبەر شەقانم دا، کچ بەو جوانییە، بەو نازارییە، شاعیرێکی خوێڕی و شێت ببێتە هۆی ئازار و ئەزیەتی! وەڵڵا چاک بوو بەو فاک و ماکە نەجاتم بوو دەنا دەبوو وەک فیلمەکانی «تاڕانتینۆ» بە شمشێر و بە چەقۆ و بە قەمە تار و مارم کا و خوێنم لەبەر بڕوا و هەر هەموو جل و شۆرت و کۆرسێتی شەڵاڵی خوێنی من بێت و خوێن بێنمەوە و خوێن بخۆمەوە و خوێن بڕواتە قاناو و بێتەوە لەوێ سەفەر و مەکانێ! هەی سوار و سوار لە من بەتەنێ!

دەی وەڵڵا هیج هەرچۆنێکی بێت رزگارم بوو و ئەوجار دەبوو بچمە ناو وێستگەی قەتار، لەو بیلبوڕدە دیجیتاڵیانەی وەک تی‌ڤی وان لە ناکاوێکی لە بەر چاوم قوت بۆەوە، کابرایەکی کارتۆنخەویش خۆی و سەگەکەی لە بەروییەوە دانیشتبوون و بە وەڕەزی و بە نالەبارییەوە خەریک بوو گیتارێکی دەژەند! لەو کاتەدا ڤیدیوی ڕۆناڵدۆ هاتە سەر بیلبوردەکە و تۆپێکی لە ژێر کەوشە میکاساکانی دابوو! بیر تۆپەکەی گابۆڕ کەوتبوومەوە، ماڵت بە قوڕ نەگیرێ ئەگەر تێمان هەڵدەدا نووکی پەنجەی قاچمان هەموو سوور سوور دەبوونەوە لە ئێش و حەجمەتی ئەو تۆپە، تۆپ نەبوو، دە دانە تۆپ بوو و دانەیەکی ساغ و ئەوانی دیش خۆیان بە سەریدا کێشابوو، تۆپیش لایلۆن. بۆنی گۆرەوی و کەوشی جیر و تەپ و تۆز و خڕکە بەرد و قوربەسەری و دەربەدەری و ناهومێدی دونیای پێوە دیار بوو. رەنگی سوور بوو بەڵام هێندەیان تیهەڵدابوو شین هەڵگرابوو، چ شینێک، وەرە شین ببینە، بە سەرێکی بە قوڕ و بە لێویکی بە بارەوە دەهاتەوە کیژ دەهاتەوە! 

گەیشتمە بەر دەم وێستگەی قەتار و بیرم چووبوو کارتی قەتارەکەم چێک ئوود بکەم، چوومە ناو قەتارەوە و ژنێکی کۆنتڕۆڵی بلیت لەولاڕا پەیدا بوو، هەر من دەچوومە ئەو واگۆنەی هەر ئەو واوەدەهات، خەریک بوو بگەمە گەڕەکەکەم و دابەزم، ژنە هاتە تەنیشت من لە لای دەرگاکە، گوتم بە خودا تازە بێ تەقە گیرام، خۆ ئێستا بڵێم بیرم چووە باوەڕ ناکا. وەڵڵا قەتارەکە رایگرت و ئەویش دەستی هێنا پێش و دوگمەی لێدا و دەرگای کردەوە و دەڕۆشتەوە بەرەو ماڵێ! چاکم نەجات بوو دەنا حەوسەت و پەنجا کڕۆنی لە سەر قوونێ دادەدەنام بۆ شازدە کڕۆنی خوێڕێ! وەڵڵا هەناسەیەکم هاتەوە بەر لە خۆشیان و رەنگ و ڕووم هەڵاتەوە و دەتگوت تازە گەشاومەتەوە و دەتگوت ئەوجارەیان کیژی لابەدەوار بە قژی رەش و جوانەوە و بە ماتیکی سوورەتییەوە و بە برۆیەکی تاتۆ و بە قامکێکی شووش و باریک و بە مەمکێکی خڕ و تۆپن و بە بەژنێکی جوان و بە بۆنی «کووکوو چانێلەوە» هاتووە ماچم بداتێ، دەمگوت باشە بۆ ئەوەندە جوانی؟ دەمگوت مەگەر نازانی؟ ئەوشەو دەعوەتی تۆم؟ دەمگوت ئەو قامکەت بۆ وا شووش و باریکن؟ دەمگوت: مەگەر نازانی؟ لەبەر عالقە تێکردنێ، دەمگوت ئەو مەمکەت بوا خڕ و تۆپنە؟ دەمگوت مەگەر نازانی لە بەر دەست تێوەردانێ! دەمگوت ئەو چاوەت بۆ ئاوا جوانە؟ دەمگوت مەگەر نازانی سوورمەم تێ کێشاوە بۆ ئەوشەو جوان بم! دەمگوت ئەو لاچاوەت بوا جوانن؟ دەمگوت مەگەر نازانی؟ لە بەر ئەوشۆیە بۆ رامووسانێ!

..

لە چەند جێگایەک دا لە هەوای سوارە و ئازیزەی کەڵکم وەرگرتووە!

هەر کەس پەیوەندی بە سەید قادرەوە هەیە بۆی بنێرێت زۆری سپاس دەکەم. ئەو لە دونیای مەجازیدا نییە!




ئه‌م بابه‌ته 65 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:18:02/08/2019