ترامپ؛ کەس بۆی نییە بە نوێنەرایەتی ئەمریکاوە لەگەڵ ئێران قسە بکات

ترامپ؛ کەس بۆی نییە بە نوێنەرایەتی ئەمریکاوە لەگەڵ ئێران قسە بکات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک  کۆماری ئەمریکا، وتی؛ جگە لە ئەمریکا، هیچ لایەنێک بۆی نییە، بە نوێنەرایەتی ئەم وڵاتەوە، لە هیچ بار و دۆخێکدا یان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئێرانییەکان، دان و ستان بکات.

دۆناڵد ترامپ بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی گەلاوێژ لە پەیامێک دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر نووسی کە ئێران تووشی کێشەی جیددی ئابوورییە و بە تامەزرۆییەوە بە دوای وت و وێژ لەگەڵ ئەمریکاوەیە، بەڵام کۆمەڵێک هێمای ئاڵۆز لە هەموو لایەکەوە وەردەگرێت کە دەیانەوێت، نوێنەرایەتی ئەمریکا بکەن.

ناوبراو لە درێژەی پەیامەکەی وێڕای ئاماژە بە ئیمانۆێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە نووسیویەتی؛ دەزانم نییەتی مەکرۆن باشەیە، هەروەها ئەوانی تر، بەڵام هیچ کەس ناتوانێت بە نوێنەرایەتی ئەمریکاوە قسە بکات، جگە لە ئەمریکا. هیچ کەس بۆ نییە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی ئەمریکا بکات.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، سەرۆک کۆماری ئێران و فەڕانسە پێنج جار لەگەڵ یەکتری وت و وێژیان کردووە. داهاتووی ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ناوسراو بە "بەرجام" تەوەری سەرەکی گفت و گۆکانیان بووە.

سەرۆک کۆماری فەڕانسە پێشتر ڕاشکاوانە خوازیاری ئەنجامی چەند هەوڵێکی بچووک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بوو.

نووسینگەی سەرۆک کۆماری فەڕانسەش لە وڵامی ترامپدا نووسیویەتی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان پێویست بە ئیزن وەرگرتن لە کەس نییە.

ئەمریکا بە ڕچاوکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران، دەیەوێت عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بێنێتە سەر مێزی دان و ستان بۆ نووسینەوەی ڕێكەوتننامەیەکی نوێ کە گەرەنتی ئەوە بکات، کۆماری ئیسلامی هەرگیز دەستی بە چەکی ناوکی ناگات.

بە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام (ڕیکەوتنی ناوکی ئێران و شەش زلهێزی جیهانی) و کاراکردنەوەی گەمارۆ کۆنەکانی ئەمریکا و سەپاندنی کۆمەڵێک گەمارۆی ئابووری لە بوارەکانی نەوت و بانک، کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە پەلەقاژە. بە مەبەستی ناچار کردنی ئۆرووپا بۆ جێ بە جێ کردنی بەڵێنەکانیان لە بەرجامدا، دەستی بە هەندێک کاردانەوەی خراپکارانە داوە لەوانە؛ هێرش و دەست بە سەر دا گرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەمکردنەوەی پابەندییەکانی لە ڕێکەوتننامەی بەرجام.

ئۆرووپاییەکان و بە تایبەتی فەڕانسە و ئاڵمان لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەکن بۆ دەور لێدانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران و بۆ ئەو مەبەستەش سازوکاری ئینستێکس کە تێیدا مامەڵە بە دراوی یۆرۆ دەکرێت، بە شێوەیەکی زۆر سنووردار لەگەڵ ئێران کەوتوونەتە دان و ستان.

باڵوێزی ئەمریکا لە ئاڵمان ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئاڵمان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی گرتووە. بە دوای ڕەخنەی باڵوێزی ئەمریکا لە ئاڵمان ڕۆژی هەینی بەرپرسی ئاڵمانی ئینس تێکس دەست لە کارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.


ئه‌م بابه‌ته 62 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:10:28:09/08/2019