خەڵکی ئێران ٥٪ زیاتر لە جاران مەیلیان بەرەو بەکاربردنی ماددە هۆشبەرەکان زیادی کردووە.

خەڵکی ئێران ٥٪ زیاتر لە جاران مەیلیان بەرەو بەکاربردنی ماددە هۆشبەرەکان زیادی کردووە.

ئاسۆی ڕۆژ

ئەسکەندەری موئمێنی سەرۆکی ستادی وەستانەوە بەرامبەر بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران، باس لەوە دەکات هۆگری خەڵک بۆ ماددە هۆشبەرەکان ٥٪ زیادی کردووە. 

بە وتەی سەرۆکی ستادی وەستانەوە بەرامبەر بە ماددە هۆشبەرەکان ساڵانە ٣٠٠٠ کەس بە هۆی بە کاربردنی ماددە هۆشبەرەکان گیانیان لە دەست دەدەن و لەسەدا ٧ی زیندانەکانی ئێران پێوەندییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردۆتەوە کە ڕێژەی بەرهەم هێنانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ شەش هەزار و ٥٠٠ تۆن بەرز بۆتەەوە کە دەرخەری چوونەسەرەوە داواکاری لە جیهاندا بۆ ماددە هۆشبەرەکانە.

ئێران بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و بوونی لە سەر ڕێگەی ترانزیتی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئۆرووپا و ئەمریکای باشوور، هەموو کات لە بەردەم مەترسی گیرۆدەبوونی خەڵکەکەیەتی بە ماددە هۆشبەرەکان. بە دوای هاتنە سەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، پیلانێکی ڕەش بۆ گیرۆدەکردنی گەنجان و لاوانی ئازادیخوازی ئێران و بە تایبەتی کوردستان دژی خەڵکی ئێران گێڕا و ئەویش گیرۆدەکردنی خەڵک بەو ماددە ماڵوێرانکەرە.

ڕەحیمی ئۆستانداری پێشووی کوردستان و جێگری سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نژاد، لە کۆبوونەوەیەکی هەیئەتی دەوڵەت بە ڕاشکاوی دەڵێت کە من چەکم لە شانی گەنجی کورد داماڵیوە و مافوور داوەتە دەستی!. 

مافیایی ماددە هۆشبەرەکان سەرێکی بە ئۆرگانە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بووە و یەکێک لە سەرچاوەکانی داهاتی ئەو ڕژیمە بووە. ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا دەربارەی ڕۆڵی سپای پاسداران لە بازرگانی کردن و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەمریکای باشوور بە هاوکاری ئەندامانی حەماس و حیزبوڵڵا لە سەردەمی باراک ئۆباما هەرای نایەوە، بەڵام ئۆباما بە هۆی ئەوەی دەیویست لەگەڵ ئێران ڕێکەوتننامەی بەرجام واژۆ بکات، جیا لە دیزە بە دەرخۆنەکردنی ئەو ڕاپۆرتانە، بودجەی لێکۆڵێنەوە و بەداواداچوونەکانی بۆ ئەو کەیسە بڕی.


ئه‌م بابه‌ته 107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:00:17/08/2019