حەسەن ڕووحانی لەپاڵ موشەکێکی نوێوە هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد

حەسەن ڕووحانی لەپاڵ موشەکێکی نوێوە هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد

ئاسۆی ڕۆژ/ حەسەنی ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پەردەی لە سەر موشەکێکی نوێی کۆماری ئیسلامی هەڵدایەوە و لە وتەکانیدا هەڕەشەی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.

ڕووحانی لە ڕۆژی دیفاعی میللی ڕۆژی پێنج شەممە ٣١ی گەلاوێژ ٢٢ی ئاگۆست، لە تاران وتی هەموو ساڵێک لە وەها ڕۆژێکدا، پیشەسازی ناوخۆیی دیارییەکی بەنرخ و گونجا پێشکەش بە خەڵکی ئێران دەکات و باسی لە فڕۆکەی شەڕکەری کەوسەر و ژێر دەرایی و ناوچە نوێیەکانی ئێران کرد لە ساڵانی ڕابردوودا.

ڕووحانی باسی لەوە کرد کە ئەم مووشەکە بە ناوی "باوەڕی ٣٧٣" لە موشەکی ئێس ٣٠٠ ڕووسییە پێشکەوتووترە و نزیکە لە ئێس ٤٠٠ ڕووسیە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان ڕووسیە پێنج موشەکی ئێس ٣٠٠ بە ئێران فرۆشتووە کە گومان دەکرێت، لە هێرش بۆ سەر بنکەوبارەگاکانی حیزبە کوردییەکان لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوو کەڵکی لێ وەرگرتبێت. سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران داوای مووشەکی ئیس ٤٠٠ کردبوو، بەڵام ڕووسیە پێی نەفرۆشتبوو. ڕووسیە موشەکی ئێس ٤٠٠ بە توکیە فرۆشتووە و دەڵێت لەگەڵ وڵاتانی قەتەر و عەرەبستانیش بۆ فرۆشتنی پێیان لە گفت و گۆ دان. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەی دابین کردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئەم سێ وڵات، ئەمریکان.

ڕووحانی لە بەشێک لە قسەکانی ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت و ئەو وڵاتەی بە پەیمان شکێن و تیرۆریزمی ئابووری تۆمەت بار کرد کە بەم کارەی هەموو سەرشۆڕییەکانی بۆخۆی کڕیوەتەوە.

ئەمریکا ساڵی گوڵانی ساڵی پار لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ شەش زلهێزی جیهانی ناسراو بە بەرجام کشایەوە و خوازیاری ڕێکەوتننامەیەکی نوێ بوو لەگەڵ ئێران کە گەرەنتی ئەوە بکات کە هیچکات کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات. ئێران ڕازی نەبوو. بۆ ناچار کردنی کۆماری ئیسلامی بەو ڕیکەوتننامە نوێیە کۆمەڵێک گەمارۆی قورسی ئابووری، سیاسی و سەربازی خستۆتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.

دۆخی ئابووری ئێران لە فەوتان نزیک بۆتەوە. ئابووری وابەستەی ئێران بە نەوت لە مانگی ڕابردوو ژوئییە تەنیا ١٠٠ هەزار بۆشکە نەوتی فرۆشتووە. مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی دا باس لەوە دەکات کە ٢.٧ میلیۆن بۆشکە نەوتی ئێرانمان لە بازاڕەکان سڕیوەتەوە و نەمانهێشتووە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە تایبەت بە دوای بەردانەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە لایەن سپای پاسدارانەوە و هەروەها هێڕش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان توندتر بوویەوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دیکەی ئەمریکا دوێنێ چوارشەممە بەرداوەتەوە. بەرپرسانی ئەمریکا تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە کاردانەوەیەکیان بۆ ئەم هەواڵە نەبووە.


ئه‌م بابه‌ته 102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:03:22/08/2019