ڕێگاکەی گۆڕی، "ئادریان دەریا ١" سەرگەردان ئەمجار بەرەو مێرسین

ڕێگاکەی گۆڕی،

ئاسۆی ڕۆژ/ نەوتهەڵگرە مەزنەکەی "ئادریا دەریا ١" پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی یۆنان لە لەنگەر خستنی ئەم نەوتهەڵگرە، ڕێی خۆی بەرەو بەندەری "مێرسین" لە باشووری تورکیە خوار کردۆتەوە. دەوڵەتی ئەمریکا و تورکیە هێشتا دەربارەی ئەم بابەتە هەڵویستیان ڕانەگەیاندووە.

دەوڵەتی ئەمریکا هۆشدار دایە یۆنان و قۆبرێس لەوەی کە خۆ ببوێرن لە هاکاری کردنی ئەوتهەڵگری "ئادریان دەریای ١". ئەمریکا یارمەتی گەیاندن بەم نەوتهەڵگرەی سپای پاسداران، بە پشتیوانی کردن لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت. یۆنان لە کاردانەوە بە هەڕەشەی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە ئیزنی لەنگەر گرتن بە نەوتهەڵگری "ئادریان دەریای ١" لە کەنارەکانی ئەو وڵاتە نادات.  

هەواڵنێری ئاسۆشەیتێدپرێس ڕۆمی شەممە دووی خەرمانان ٢٤ی ئاگۆست، بە بڵاو کردنەوە ڕاپۆرتێک لە دوبەیەوە، باسی لە گۆڕێنی ڕێی نەوتهەڵگری "ئادریان دەریای ١" بەرەو بەندەرێک لە باشووری تورکییە کردووە.

سیستمە چاودێرەکان بۆ هات و چۆی کەشتییەکان باس لەوە دەکات کە ئەم نەوتهەڵگرە ڕێ ڕەوی خۆی بەرەو بەندەری مێرسین لە باکووری تورکیە گۆڕێوە.

ئەم هەواڵنێرییە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی کە پێوەندی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ئاگادار بوون لە هەڵوێستی ئەو وڵات بەرامبەر بە گۆڕینی ڕێ ڕەوی ئەو نەوتهەڵگرە بێ ئەنجام ماوەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی تورکییە تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دەربارەی گۆڕینی ڕێ ڕەوی ئەم نەوتهەڵگرە بەرەو مێرسین بێ دەنگ بووە.

ئەگەری ئەوەش هەیە کە گۆڕینی ڕێ ڕەوی نەوتهەڵگرە ئێرانییەکە بە مانایی ئەوە نییە کە دوا ئامانجەکەی بەندەری مێرسین بێت.

بەندەری مێرسین نزیک ٢٠٠ کیلۆمێتر لە پاڵاوگەی بانیاس لە سووریە دوورە. ئەم نەوتهەڵگرە ڕۆژی چواری ژووئییە بە تۆمەتی هەڵگرتنی باری نەوت بۆ ئەو پاڵاوگەیە، لە لایەن هێزی دەریایی جەبەلۆلتارق و بە هاوکاری هێزی دەریایی بریتانیا ڕاگیرا.

بریتانیا هەڵگرتنی نەوت بۆ پاڵاوگەی بانیاس بە پێشێل کردنی گەمارۆکانی سەر سوریە دەزانێت. ئەو گەمارۆیانەی کە لە لایەن یەکێتی ئۆرووپاوە دیاری کراون. ئەمە لە حاڵێکدایە ئێران گواستنەوەی نەوتی بۆ بەندەری بانیاسی ڕەت کردۆتەوە کە ئەو کات ناوی ئەو نەوتهەڵگرە "گریس ١" و هەڵگری ئاڵای پاناما بوو.

کۆماری ئیسلامی ناوی گریس ١ی بۆ ئادریا دەریای ١ گۆڕی و پاش ئەوە کە پانامان مافی کەڵک وەرگرتنی ئاڵاکەی لەو نەوتهەڵگرە ستاندەوە، کۆماری ئیسلامی بە ئاڵای خۆی نەوتهەڵگرەکەی لە جەبەلۆلتارق جووڵاندن.

نەوتهەڵگری "ئادریان دەریای ١" دوو میلیۆن و سەد هەزار بۆشکە نەوتی خاوی بە بڕی ١٣٠ میلیۆن دۆلاری بار کردووە. دادگایەک لە ئەمریکا ڕۆژی ١٩ ئاگۆستی پاش ئازادکردنی لە لایەن دەسەڵاتی جەبەلۆلتارقەوە، حوکمی دەست بە سەر داگرتنی بۆ دەرکرد.

 

ئەمریکا دەڵێت داهاتی فرۆشی نەوتی ئەو نەوتهەڵگرە بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانی سپای پاسداران تەرخان دەکرێت و لەم ڕووەوە ئەم وڵاتە خوازیاری دەست بە سەر دا گرتنی ئەو نەوتهەڵگرە و مسادرە کردنی بارەکەیەتی.

زانیارییەکان باس لەوە دەکات کە ئەگەر نەوتهەڵگرەکەی "ئادریان دەریا ١" لە ئەگەری پاراستنی خێراییەکە، تا هەفتەیەکی دیکە دەگاتە بەندەری "مێرسین" لە تورکیە.


ئه‌م بابه‌ته 82 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:22:24/08/2019