ئاسۆی ڕۆژ/ فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێ، فیفا لە کاردانەوە بەرامبەر بە خۆسووتاندنی سەحەر خودایاری ناسراو بە "کچە شینەکە” هەوڵی ژیانی ئێرانی بۆ چوون بۆ یاریگاکانی بە خەباتێکی ڕەوا زانیوە و داوی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە ئازادی و ئەمنییەتی ژنان بپارێزن.
لە بەیاننامەکەی فیفا کە ڕۆژی سێ شەممە ١٩ی خەرمانان دەرکراوە، خۆسووتاندنی سەحەر خودایاری بە "کارەسات” زانیوە و نووسیویەتی کە فیفا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەم بارەیەوە پێوەند دەگرێت.
هێدویگ لینداڵ، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی فوتباڵی ژنانی سوئێد لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی یادگاری لەگەڵ تیمی هەڵبژاردەی فوتباڵی ژنانی ئێرانی بڵاو کردۆتەوە و نووسیویەتی کە ئەم وێنەیە بە یادی سەحەر خودایار بڵاو دەکاتەوە کە "دەیویست یاری تیمە دڵخوازەکەی واتە ئیستقلال لە نزیکەوە لە یاریگا ببینێت.”
ناوبراو هەروەها لە تویتێر ڕوو لە فیفا نووسیویەتی کاتی زۆر لە دەست چووە و دەبێت یارمەتی ژنانی ئێران بدرێت. کوزوارە ئەرسەلانی، کاپیتانی هەڵبژاردەی فوتباڵی سوئێدیش بە بەکارەسات زانینی خۆسووتاندنەکەی سەحەر خودایاری، لە تویتێر داوای لە فیفا کردووە کە بێ دەنگ نەبێت و بەرامبە بەم ڕووداوە کاردانەوەی ببێت.
ناوبراو هەروەها ئەم بابەتەی بە پرسێکی مافی مرۆڤی زانی و نووسیوەیەتی؛ دەبێت لە بەرامبەر هەڵاواردنی ڕەگەزی یارمەتی ژنانی ئێران بدەین.
مەگدالنا ئێریکسۆن یاریزانی هەڵبژاردەی تیمی سوئێدیش لە تویتێت ڕوو لە فیفا خوازیاری کۆتایی هاتن بەم دۆخە بووە و ئەم ڕووداوەی بە "کارەساتێکی ترسناک” وەسف کردووە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێک داوای لە فیفا کردووە کە "کۆتایی بەم هەڵاواردنە بێنێت.
ئەم ڕێکخراوەیە نووسیویەتی کە ئێران "تەنیا وڵاتێکی جیهانە کە پێش بە چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ یاریگاکان دەگرێت و دەبێت سزا بدرێت.
لە کاردانەوەیەکی دیکەدا، ئەکاونتی فارسی یانەی ئا.ئێس ڕۆمی ئیتالیا ڕەنگی بەکگراوندی لۆگۆی ئەم یانەیە کە سوورە، گۆڕیویەتی بۆ "شین” و نووسیوەیەتی کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ژنان و پیاوانی ئێرانی لە پاڵ یەکتر سەیری یاری فوتباڵ بکەن لە یاریگاکان.
گێری لینکێر، هێرشبەری پێشووری هەڵبژاردەی بریتانیاش لە تویتێک دا نووسیویەتی ئەمەی کە ژنێک ناتوانێت بچێتە یاریگایەکەوە، "هەواڵێکی زۆر ناخۆش و قۆڕە”.
سەحەری خودایاری ١١ی خەرمانانی ئەمساڵ لە کاردانەوە بە دروست کردنی دۆسییەی تاوانباری، لە بەردەم یەکێک لە دادگاکانی تاران ئاگری لە خۆی بەردا و پاش چەند ڕۆژ چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە، بە هۆی قووڵی برینەکانی گیانی لە دەست دا.
سەحەر ڕەشەممەی ئەمساڵ بۆ بینینی یاری نێوان تیمەکانی ئیستقلال و ئەلعەین بە دزییەوە چووبووە یاریگای ئازادی تاران، کە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستگیر کرابوو.
سەحەر خودایاری پاش دوو ڕۆژ بە دانانی بارمەتی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو، بەڵام لە لایەن دادگاوە دۆسییەی تاوانی بۆ ساز کرابوو. کاتێک کە دەزانێت کە سزای شەش مانگ تا دوو ساڵی بۆ چوونە ژوورەوەی بۆ یاریگا بە سەردا دەسەپێت، لە بەردەم دادسەرا ئاگری لە خۆی بەردا.
بەرپرسانی قەزایی کۆماری ئیسلامی سەرەتا تۆمەتی سەحەریان "پۆششی نەگونجاو” و "بریندار کردنی سۆزی گشتی” ڕاگەیاندبوو.
ئهم بابهته 467
جار خوێنراوهتهوه