بەرێوەچوونی کۆنفڕانسی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان

بەرێوەچوونی کۆنفڕانسی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان
بەرێوەچوونی کۆنفڕانسی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان

کۆنفرانسی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەرکەوتوویی بەرێوە چوو. بەپێی بڕیاری کۆنفرانس "ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" دامەزرا.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی ئۆکتۆبر، کۆنفڕانسی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆ پێکھێنانی بەستێنێکی یەکگرتووی نەتەوەیی بە مێتۆدێکی ھاوچەرخ و بەشداریدەرانە، بە بەشداری زیاتر لە ٨٠ کەسایەتی و چالاکانی بوارە جیاوازەکان، بەڕێوە چوو.
کۆنفڕانسی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە بنەڕەتدا کۆنفڕانسێکی کاری بوو کە بنەماکانی "ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان"ی پێک ھێنا. ئەم ناوەندە دامەزراوەیەکی گشتگیری کوردە بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
جیاوازی لە پێشینە و روانگەی سیاسی و فکری بەشداربووان لەم کۆنفڕانسەو وە ئەستۆگرتنی گشتیی بەشداربووان بۆ کارکردن لە چوارچێوەی ئامانجێکی نەتەوەیی ھاوبەشدا، خاڵی گرنگ و سەرکەوتووی ئەم کۆنفڕانسە بوو. کۆبوونەوە بۆ بایەخ و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و ھەڵھێنانی ھەنگاوێکی بەکردەوە لەو پێناوەدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە بوو کە یەکگرتنی توانا نەتەوەییەکانی ڕۆژھەڵات تەنیا پێویستی بە ئیرادەیەکی بەھێزی نەتەوەیی و ڕەچاو کردنی مێتۆدی گونجاوە کە ھەموان خۆی تێدا ببیننەوە..
ئەم کۆنفڕانسە ھەنگاوی بناخە بوو لە ڕەوتێکی درێژخایەنی تێکۆشانی یەکگرتووانەی نەتەوەییدا، کە بە ھەوڵ و تێکۆشانی چالاکانی بوارە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ئامانج دەگات.
کۆنفڕانس بە گەشبینییەکی زۆرەوە، دەڕوانێتە گەشەسەندنی ئەم پڕۆسەیەو فراوان بوونەوەی ڕەوتی ھاوئاھەنگی نەتەوەیی و قوڵبوونەوەی ئەم ڕەوتە بۆ ناوخۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستان. ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ھەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت بستێنی پەیوەندی دوولایەنە دەستەبەر بکات و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆو دەرەوەی کوردستان خۆیانی تێدا ببیننەوە.
پەیامی ڕاستەقینەی ئەم کۆنفڕانسە ڕووی لە خەڵکی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. خەڵکی کوردستان لە چەندین ئەزموون و بۆنەی وەک خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ساڵانی ڕابردوودا، بە نیشاندانی تێگەیشتنی بەرزی سیاسی خۆیان، سەلماندیان کە ھێزی نەتەوەیی لە یەکگرتندایە. کۆنفڕانس ھەوڵ دەدات بنەمای دامەزراوەیی بۆ خەباتێکی نەتەوەیی یەکگرتووانە دابڕێژێت..
کۆنفڕانسی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە ڕۆژئاوای کوردستان کەوتۆتە بەر ھێرشێکی بێ بەزەییانەو ناڕەوای تورکیا وەک داگیرکاری ناوچەیی و خەیانەتی نێونەتەوەیی. ئێمە وێڕای ھاوسۆزی و ھاودەنگی خۆمان لەگەڵ ڕۆژئاوا، سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ بەرخۆدانی بێوێنەی خەڵکی ڕۆژئاواو دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی یەکگرتووانەی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای خۆی. دەربرینی نارەزایەتی یەکگرتووانەی گەلی کورد لە ناوچەو وڵاتە جۆراوجۆرەکان دەنگی گەلی زوڵم لێکراوی کوردی گەیاندە دونیا. ھەر ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ھێزی ڕاستەقینەی کورد لە یەکگرتوویی و ھاوپشتی نەتەوەییدایە.

یەکەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە پێکهێنانی کۆمیسیونەکان و ھەڵبژاردنی بەرپرسانی ئەو کۆمۆسیۆنە کارییەکان و ھەروەھا ئەندامانی جڤاتی گشتیی، کۆتایی بە کارەکانی خۆی ھێنا. شایانی باسە ئەندامانی ھەڵبژێردراوی جڤاتی گشتیی ناوەندی نەتەوەیی لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیاندا کۆردیناسیۆنی بەڕێوەبەرایەتیی ئەرکەکانی ناوەندییان بە شێوازێکی دیمۆکراتی ھەڵبژارد.
جێی خۆیەتی سپاسی کومیتەی ئامادەکاری کۆنفڕانس بکرێت کە بە کاری ھاوبەش و بەردەوامی نزیک بە یەک ساڵ، ئامادەیی پێویستی بۆ پێکھێنانی ئەم کۆنفڕانسە کرد.
ھەروەھا سپاسی ھەموو ئەو کەسایەتیانە دەکەین کە لە وڵاتانی دوور و نزیکەوە، لە ڕەوتی پێکھێنانی ئەم کۆنفڕانسە بەشدار بوون و لە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی دا یارمەتیدەر بوون. لەم کۆنفڕانسەدا زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بەشدار بوون و بە ناردنی نوێنەر و پێشکەش کردنی پەیامی سیاسی پڕ ناوەرۆک، ھاوکات لەگەڵ ئەوەی پێشوازی گەرمییان لەو ھەوڵە نەتەوەییە کرد، ئەو ڕاستییەشیان پشتڕاست کردەوە کە ھەوڵێکی نەتەوەیی لەم چەشنە نەک لەگەڵ چالاکی و تێکۆشانی سیاسی حیزبەکان ناتەبایی نییە بەڵکوو تەواوکەری ھەوڵ و تێکۆشانی مێژوویی ئەوانە. لێرەدا جێی خۆیەتی بۆ ئەو ھاودەنگی و بەشدارییە گەرمەیان سپاسی تایبەت بکرێن.
جڤاتی گشتیی ھەڵبژێردراویی کۆنفڕانسی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە نۆییەی خەباتی یەکگرتووانەی نەتەوەیی لە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژھەڵات، بەڵێن دەدات ھەموو توانای خۆی بخاتە گەڕ بۆ بردنە پێشی ئەجێندای یەکگرتوویخوازانەی ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
کۆردیناسیۆنی ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان
٢٠١٩-١٠-٢٢

ئه‌م بابه‌ته 175 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:08:48:23/10/2019