مایک پۆپمێئۆ: بارمتەگیری دەرخەری ناوەڕۆکی ئەهریمەنی کۆماری ئیسلامی بوو

مایک پۆپمێئۆ: بارمتەگیری دەرخەری ناوەڕۆکی ئەهریمەنی کۆماری ئیسلامی بوو

مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەبۆنەی ٤٠مین ساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران لەلایەن دەست و پێوەندەکانی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە ئێران ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردووەتەوە. 
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و مایک پەمپێئۆ دا هاتووە؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ لە داگیرکردنی باڵوێزخانە و بە بارمتە گرتنی ٥٥ دیپلۆماتی ئەمریکایی بۆ ماوەی ٤٤٤ڕۆژ، لە ئێستاشدا کۆماری ئیسلامی هەروا درێژە بە بارمتەگیری و سیاسەتی بە بارمتەگرتن دەدات.
لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دوشەممە ١٣ی خەزەڵوەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، باس لەوە کراوە کە "شارۆمەندانی ئێرانی سەرەکی ترین قوربانیانی کۆماری ئیسلامی"ـن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندنەکەی مایک پەمپێئۆ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کردووە کە "بارمتەگیری دیپلۆماتە ئەمریکاییەکان لە تاران، دەرخەری ناوەرۆکی ئەهریمەنی و شەڕەنگێزی کۆماری ئیسلامی بوو و ڕایگەیاند ئەو ڕژیمە نا عەداڵەتانە بە بەندکردنی شارۆمەندانی ئەمریکایی و پشیتیوانی لە هێزە بارمتەچییەکانی سەر بە خۆی و لەوانە "حیزبوڵڵا" دەکات.
 لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە بڕیاری ئێران بۆ بەندکردنی دیپلۆماتە ئەمریکاییەکان سێبەری خستووتە سەر پەیوەندی چل ساڵە و هەروەها ئەمریکاش دەزانێت کە شارۆمەندانی ئێرانی گەورەترین و دێرین ترین قوربانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامین.
ڕۆژی دوشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، برایان هوک بەرپرسی ژووری تایبەت بە ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئەلحەری" وتی: ئێران بارمتەگرتنی ڕانەگرتووە و ژمارەیەکی زۆر لە شارۆمەندانی ئەمریکایی لە بەندیخانە و زیندانەکانی ئەو ڕژیمەدان کە بێ تاوانن و بە شێوازێکی نادادپەروەرانە زیندانی کراون. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەگەڵ ئێمە لەم بوارەدا هاوڕایە و ئێران دەبێت بێ وەستان ئازادیان بکات.
٤٠ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەردا کۆمەڵێک لە خوێندکارانی پێڕەوی خەتی خومەینی هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ ٥٥ دیپلۆماتی ئەمریکایان بە بارمتەگرد. بە پێی یاسای نێودەوڵەتی باڵوێخانەی هەر وڵاتێکی دەرەکی لە خاکی وڵاتی میواندار، وەک خاکی وڵاتی دەرەکی ئەژمار دەکرێت و دەسەڵاتی وڵاتی میواندار ئەرکە کە ئەو دامەزراوەیە بپارێزێت.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێز لێنان لەو داگیرکارییەی باڵوێزخانەی ئەمریکا کە بە "هیلانەی سیخوڕی" ناوزەد دەکرد، ڕۆژی ١٣ی ئابان (خەزەڵوەری) بە نیشانەی دەستخۆشی بۆ خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی خومەینی بە ڕۆژی "خوێندکار(دانش آموز)" ناوزەد کردووە و هەموو ساڵێک بۆ تازەکردنەوەی بەڵێن لەگەڵ بیری خومەینی منداڵانی مەکتەب دەباتە سەر شەقام و دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکایان پێ دەڵێتەوە.  
بە دوای ئەو بارمتەگیرییە پێوەندییە دیپلۆماتییەکانی ئەمریکا و ئێران بچڕاون.

ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:32:05/11/2019