ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوادەکات نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل کردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێراندا مەحکووم بکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوادەکات نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل کردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێراندا مەحکووم بکات
ئەمێنێستی ئێنترناشیوناڵ (ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە دانیشتنی داهاتووی شۆڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە بڕیارە ڕۆژی  ٩ی نوامبر بەڕێوە بچێت، ڕاشکاوانە دۆخی قەیراناوی مافی مرۆڤ لە ئێران مەحکووم بکات.
ئەم ڕێکخراوەی پشتیوان لە مافەکانی مرۆڤ هەروەها جگە لە ڕێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، وێڕای بەشداری کردن لە دانیشتنی تاوتوێ کردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئەوانیش پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێڕاندا کە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتەوە بەڕێوە دەچن، مەحکووم بکەن.
"فیلیپ لۆتێر"، بەرپرسی ژووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکووری ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وتی؛ بە شێوازێکی تایبەت "ڕیژەی تۆقێنەری لە سێدارەدانەکان"،" ئازار و سزای داکۆکی کارانی مافی مرۆڤ"، "هەڵاواردنێکی زۆر بەرامبەر بە ژنان و کەمایەتی و کەمینەکان" و"تاوانەکان بە دژی مرۆڤایەتی" نیشان دەری "تیاچوونی تووندی" باروودۆخی مافی مرۆڤن لە ئێران.
ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دوایین جار ساڵی ٢٠١٤ دا بارودۆخی مافی مرۆڤی لە ئێران دا تاوتۆ کردبوو.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە گونجاندنی شەریعەتی ئیسلامی، ئایینزای شێعەی ئەسناعەشەری (١٢ ئیمامی) باوەڕمەند بە ویلایەتی فەقیهی موتڵەقە لە یاسای بنەڕەتی وڵاتی ئێران و جێ بە جێ کردنی ئەو یاسایانە کە دژی کەمایەتییە ئایینی، ئیتنیکی و نەتەوەیی، ڕگەزی و ... پێشێلکاری سەرەکی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤە لە جیهاندا.

ئه‌م بابه‌ته 203 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:55:07/11/2019