دۆستێکی دێرینی کۆمەڵە لە شاری کامیاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد

دۆستێکی دێرینی کۆمەڵە لە شاری کامیاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد

بەداخەوە ئاگادار کراینەوە، کاک "خوسرەو پەرەندە" دۆستی دێرینی کۆمەڵە لە شاری کامیاران ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.

کاک خوسرەو پەرەندە خەڵکئ ئاوایی "بزڵانە"ی سەر بە شاری کامیاران و دۆست و لاینگری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ یەکێک لە کەسایەتییە خۆش ناوەکانی ئەو ناوچەیە بوو کە لە ساڵی ٦٣ تا ٦٥ی هەتاوی بە هۆی چالاکی بۆ کۆمەڵە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ماوەی ٣ ساڵ زیندان دا بوو. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا گەلێک ئەشکەنجە و جەزرەبەی بینی و سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی ئەو ئەشکەنجانەوە دوو گورچیلەی لە دەست دا، وەک گۆمی مەند، وەک بەردی سندووقی نهێنییەکانی کۆمەڵەی پاراست.

هاوڕێ خوسرەو تا دوا ساتەکانی ژیانی بە کۆمەڵە و ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی وەفادار مایەوە.

بە ناوی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی پەرەندە، موعزی، ئەحمەدی و سەرجەم بنەماڵەو کەسوو کاری کاک خوسرەو پەرەندە دەکەین و خۆمان بە شەریکی غەم و پەژارەیان دەزانین.

کاک خوسرەو نموونەی خەباتکارێکی ڕوو سووری بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و شۆڕشی چەوساوەکان بوو. یاد و بیرەوەری و فیداکاری و خۆنەویستییەکانی بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندووە.


ئه‌م بابه‌ته 62 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:52:17/11/2019