فاکس نیوز: ئێران خەریکی دامەزراندنی توونێل بە مەبەستی کاری نیزامی لە سنوورەکانی سووریە و عێراقە

فاکس نیوز: ئێران خەریکی دامەزراندنی توونێل بە مەبەستی کاری نیزامی لە سنوورەکانی سووریە و عێراقە
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز، هەواڵنێری فاکس نیوز لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاند، حکوومەتی ئێران خەریکی دامەزراندنی توونێل بە مەبەستی شوێنگیر کردنی موشەک و کەرەستەی نیزامی دیکە لە سنووری سوریە و عێراقە.
ئەم هەواڵنێرە بنەمای ڕاپۆڕتی خۆیی وێنەی نوێی ماهوارەیی و "سەرچاوەکانی زانیاری ڕۆژئاوایی" ناو بردووە کە بە وتەی فاکس نیوز ئەم وێنانە لە لایەن سەرچاوە زانیارەییەکان لێکۆڵینەوەیان لێکراوە و پەسەند کراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆڕتە، یەکەمین وێنە ماهوارەییەکان کە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەردا گیراون، ڕەوتی دامەزراندنی توونێل دەبیندرێت و لە دووهەمین وێنەدا کە دوو حەوتە دوای ئەوە گیراوە، ڕێگای چوونە ژووری توونێلەکە لە دەرەوە داپۆشراوە بەڵام هەڵقەندنەکان درێژەی هەبووە.
بە وتەی فاکس نیوز، لێکۆڵینەوەی زانیارییەکان کە لە لایەن چەندین سەرچاوەوە ئەنجام دراوە نیشان دەدات کە ئەم توونێلە بە زوویی دادەمەزرێت.
ڕۆژنامەی ئەمریکایی نیۆیۆرک تایمز حەوتەی پێشوو لە ڕاپۆڕتێکدا نووسی کە ئێران بە شێوازی نهێنی خەریکی گواستنەوەی سەدان سارووخی کەم مەودا بۆ عێراقە. 
بەوتەی نیۆیۆرک تایمز، دەتواندرێت بە مەبەستی هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل، عەرەبستان و یا هێزە ئەمریکاییەکانی ناوچەکە کەڵک وەربگیردرێت.

ئه‌م بابه‌ته 163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:22:11/12/2019