لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی: بەندکردنی لانیکەم ٢٤٠داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٩

لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی: بەندکردنی لانیکەم ٢٤٠داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٩
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆیدا کە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕێبەندان بڵاوبووەوە بە ڕەخنەگرتن لە "باروودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران" ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی دا لانیکەم ٢٤٠کەس لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەند کراون.
ئەم کەسانە لە بوارەکانی ژنان، کرێکاران، ژینگەپارێزان، کەمایەتییەکان و ...چالاکی دەکەن و بە شێوازی سەربەخۆیانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەندکراون.
لەم ڕاپۆڕتەدا ئاماژە بە بەردەوام بوونی بەندکردنی چالاکانی مافی مرۆڤ، هەڵاواردن بە دژی ژنان، گوشار لەسەر کەمایەتییە ئاینییەکان، ئەشکەنجە لە بەندیخانەکان، لەسێدارەدانی منداڵان لە ئێران وەکوو چەندین بابەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە باسی لێکراوە.
هەروەها لەم ڕاپۆڕتەدا ئاماژە بە خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی مانگی خەزەڵوەر کراوە کە تێیدا بە دەیان منداڵ و هەروەها مێرمنداڵ کوژراون بە چەندین هەزار کەسیش بەند کراون زۆر کەسیش بە شاراوەیی قۆڵبەست و ڕفێندراون.
بە پێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا، بەند کراوان لەبەر هەڵسووکەتی نە مرۆیی و لەژێر ئەشکەنجەدا بوون و هەروەها ئەم ڕێکخراوە ئاماژەی بە چەندین ڕاپۆڕت کردووە کە چەندین کەس لە بەندکراوانی خۆپیشاندانەکان لە بەندیخانەکانی ڕژیم گیانیان بە هۆکارە جۆراوجۆرەکان لە دەست داوە.

ئه‌م بابه‌ته 138 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:06:18/02/2020