ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ڤیرووسی مەترسیداری کرۆنا

ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
بە بۆنەی ڤیرووسی مەترسیداری کرۆنا
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو ڤیرووسێک لە گرووپی ڤیرووسە تاج دارەکان سەرەتا لە چین و ئێستاکە لە ٦٧ وڵاتی جیهان دا بڵاو بۆتەوە کە بە ڤیرووسی کرۆنا ناسراوە. یەکێک لەو وڵاتانەی کە بە شێوەیەکی بەرین ئەم ڤیرووسە بڵاو بۆتەوە و تووشبووانی لە زیاد بوونە و ڕۆژانە قوربانی دەگرێت وڵاتی ئێرانە.
دیاره‌ كۆماری ئیسلامی به‌ هۆكارگه‌لی جیاواز و یه‌ك له‌وانه‌ هێنانی جه‌ماوه‌ر بۆ سه‌ر سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگ دان و به‌ڕێوه‌ بردنی شانۆی هه‌ڵبژاردنی پارڵمان، گیرۆده‌ بوونی كۆمه‌لێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی ئێرانی شارده‌وه‌ و به‌ بێ له‌ به‌ر چاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌لامه‌تی خه‌ڵكی ئێران به‌ درێژه‌ پێدانی گه‌شته‌كانی نێوان ئێران و چینی شیركه‌تی ماهان ئه‌ویش له‌ كاتێكدا كه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا ئه‌م گه‌شته‌نه‌یان راگرتبوو بووه‌‌ هۆكاری په‌ره‌ سه‌ندنی هه‌ر چی زیاتری ئه‌م ڤیرووسه‌ مه‌ترسیداره‌ كوشه‌نده‌یه‌. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌‌ هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هیچ ئامارێكی راست و دوروست و باوه‌ر پێكراو له‌ تووشبووان و گیان له‌ده‌ست داوانی ئه‌م كاره‌ساته‌ له‌  لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی را به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌دراوه‌ . 
لێکدانەوە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ئەگەری زۆرە ئەم ڤیرووسە ببێتە چێرنۆبیلێکی دیکە بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵدەگرین بۆ کات و ڕاگەیاندنێکی دیکە، بەڵام پێویستە بە خەڵکی ئازادیخواز و ژیاندۆستی کوردستان ڕابگەیەنین کە تکایە بە پێی ڕێنماییە پزشکی و تەندرووستییەکان بجووڵێننەوە و تا دەتوانن خۆیان لە تووش بوون بەم ڤیرووسە مەترسیدارە بە دوور بگرن.
لە وەها دۆخێک دا کە دەوڵەت و دەسەڵاتەکان بە ئەرکی سەرەکی خۆیان کە پارێزگاری کردنە لە شارۆمەندان و هاوڵاتیانی وڵاتەکەیانە هەڵناستن، ڕۆڵی چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕووناکبیران لە هەموو کات زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە و لە ئێستاش دا هەموو لەم قۆناغەدا ئەرکی گەورەیان لە سەر شانە. 
جێی خۆیەتی هەر لێرەوە سپاس و پێزانینی خۆمان بۆ هەوڵ و ماندووبوون و خۆنەویستی هەموو ئەو پزیشک و پەرەستارانە دووپات بکەینەوە کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە بەرەی یەکەمی جەنگ دژی ئەم ڤیرووسەن و هیوا سڵامەتی و بەردەوامییان بۆ دەخوازین.
خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان
بە ئاگاداریتان دەگەیەنین کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش بە دوای هەواڵەکانی بڵابوونەوەی ئەم ڤیرووسە لە ئێران و ئەگەری گواستنەوەی بۆ عێراق، لیژنەیەکی بۆ بەرەنگاری و خۆپارێزی لەم ڤیرووسە پێک هێناوە و ماوه‌ی ١٢ رۆژه‌ كه‌ هێنان و قه‌بووڵ كردنی خوازیارانی پێشمه‌رگایه‌تی ڕاگرتووه‌ وئه‌م بڕیاره‌  تا روون بوونه‌وه‌ی ته‌واوی بارودۆخه‌كه‌ درێژه‌ی ده‌بێت.  له‌ هه‌مان كاتدا سه‌ردانی میوان بۆ مه‌قه‌ر و باره‌گاكانی كۆمه‌ڵه‌ راگیراوه‌ و هه‌موو ڕی و شونێكی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و وفیرووسه‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ پێی ستاندارده‌ ناسراوه‌كان گیراونه‌ته‌ به‌ر و دواتریش جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كوردستان له‌ هه‌موو گۆرانكارییه‌كان له‌م بواره‌دا ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌.
بە هیوای سڵامەتی و تەندرووستی بۆ هەموو لایەک و تێکشاندنی ڤیرووسی مەترسیداری کرۆنا!

لیژەنەی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ڤیرووسی کرۆنا

٣/٣/٢٠٢٠

ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:46:10/03/2020