بەڕێوەچوونی یادی ١ی مەی و پەیوەست بوونی پەلێکی دیکە لە لاوانی خەباتکار بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە +وێنە

بەڕێوەچوونی یادی ١ی مەی و  پەیوەست بوونی پەلێکی دیکە لە لاوانی خەباتکار بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە
+وێنە
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنخشەممە ٣٠ی ئاوریلی ٢٠٢٠ی زایینی بە بۆنەی ١ی مەی (ڕۆژی جیهانی کرێکاران) ڕێورەسمێک لە لایەن "کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران" لە بەرزاییەکانی "قەراغ" بە بەشداری کادر و ئەندامان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە  لەژێر چاودێری لێژنەی چاودێری بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڤیرووسی کۆرۆنا و ڕەچاو کردنی ڕێنماییە پزشکییەکان بەڕێوەچوو کە هاوکات لە ڕێوڕەسمەکەدا پەلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێر ناوی پەلی شەهیدانی "دەشتی دارێ" بە شێوەی ڕەسمی بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوون. 
ڕێوڕەسمەکە لە دوای بەخێربایی بەشداربووان لە لایەن پێشکەشکاری ڕێورەسمەکە هاوڕێ "ژیلا دانشوەر" بە سروودی "بانگەواز" سروودی ڕەسمی کۆمەلە و چەند ساتێک بە بێدەنگی وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی خەلکی کوردستان دەستی پێکرد.
هاوڕێ "عەبدوڵڵا ئازەربار" ئەندامی دەفتەر سیاسی کۆمەڵە و بەرپرسی کومیسیۆنی نیزامی کۆمەڵە وتارێکی  پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
هاوڕێ عەبدوڵڵا لە وتەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە بە بۆنەی سەرکەوتووانە تێپەڕکردنی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە، ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی بە بۆنەی ١ی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانی پێشکەش کرد. جێی ئاماژەیە خوێنەرانی بەڕێز دەتوانن دەقی ڕاگەیاندنەکەی کۆمەڵە لە ماڵپەڕی کۆمەڵە و ماڵپەڕی ئاسۆی ڕۆژ بخوێننەوە. 
 پاش پێشکەش کردنی سروودێکی کرێکاری و خوێندنەوەی ژیاننامەی شەهیدانی "دەشتی دارێ" هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە کارت و چەکی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەیان لە دەستی هاوڕێ "مەولوود یۆسفی" یەکێک لە بەرپرسانی فێرگەی سیاسی نیزامی کۆمەڵە وەرگرت.
هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە دوای وەرگرتنی کارت و چەکی پێشمەرگایەتی وەک وەفا بۆ ڕێبازی عەداڵەتخوازانە و پشیتوانیکارانەی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی کرێکاری، سروودی "کرێکارین کرێکارن"ـیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
پاش کۆتایی هاتنی ڕێ و ڕەسمەکە، لە ژێر ڕۆشنایی ڕێنماییە پزشکییەکان، پیرۆزبایی و بەخێرهاتن بە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە کرا.

ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:34:30/04/2020