داواکاری ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کووژراوانی خۆپیشاندانی خەزەڵوەری٩٨ی هەتاوی

داواکاری ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کووژراوانی خۆپیشاندانی خەزەڵوەری٩٨ی هەتاوی
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ڕۆژی چوارشەممە٣١ی گوڵان، ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا سەبارەت بە کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لێکۆڵینەوە بکات.
خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ساڵی پێشوو لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری کووتوپڕی دەوڵەت بۆ زۆر کردنی ٢٠٠لە سەدی نرخی بێنزین لە سەرتاسەری ئێران دەستی پێکرد، بەڵام لەگەڵ سەرکووتی هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو ڕوو بووەوە.
ناوندە ئەمنیەتیی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ سەرکووتی خۆپیشاندەران، کەرتی ئینتەڕنێتیان بۆ ماوەی یەک حەوتە لەسەرتاسەری ئێران پچڕاند.
لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک وتی بەڵگەگەلێکی لەبەر دەستداتە کە نیشان دەدات لانیکەم٣٠٤پیاو، ژن و منداڵ لە سەرکووتی خۆپیشاندانەکانی بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکان کوژراون.
ڕێکخراوی ناوبراو ئیزافەی دەکات: "زۆرینەی ئەم کەسانە بە شێوازی نایاسایی بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکان کوژراون و هیچ بەڵگەیەک لەسەر چەکداربوونی خۆپیشاندەران یان هەڕەشەی گیانی ئەوان لەبەر دەستدا نەبووە.
فیلیپ لۆتێر، یەکێک لە بەرپرسانی ئەم ڕێکخراوە دەڵێت: "شەش مانگ لە دوای ئەو ڕووداوانەم بنەماڵەی قوربانیان بە بوونی ئازار و بی ڕێزی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە، بە تێکۆشانی خۆیان بۆ ڕاستی و دادپەروەری درێژە دەدەن، پاڕیزراو بوونی گشتی و ئاسایی هێزە ئەمنیەتییەکان ئەگەری دووبارەی سەرکووتی نەیاران لە ئێران بە هێزتر دەکات."
لیخۆشبوونی نێونەتەوەیی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژەی بە دەستێوەردانی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنیەتییەکان کردووە کە سەرقاڵی تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەرانن."
پێشووتر هەواڵنێری ڕووییتێرز ڕایگەیاندبوو کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا زیاتر لە ١٥٠٠ شارۆمەندی ئێرانی بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون.
تا ئێستا هیچ یەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوانی ئەم خۆپیشاندانەی ڕانەگایاندووە و هیچ کەسێکیش بە تاوانبار نەناسراوە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ڕایەگیاندبوو کە لە کوشتنی ناڕازییانی خەزەڵوەری ٩٨ ئێمە تاونبار نەبووین و تەنانەت هەڕەشەی لە بنەماڵەی کوژراوان کردوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک باسی کوشتنە ڕۆڵەکانتان بکەن و تەنانەت لە هەندێ حالەت دا گوشاریییان خستوەتە سەریان بۆ وتووێژی زۆرە ملێ لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ڕێکخراوەیەکی مافی مرۆڤی ڕایگەیاند؛ ناونیشانی ٤٨ کەس لە گیانبەختکردووانی ئەو ناڕەزایەتییانەمان لایەن کە کۆماری ئیسلامی بەڵینی پێدانی پوڵ و بە شەهید ناساندنی ڕؤڵەکانیان لە جێگای ناساندنی بکوژان و دادگایی کردنیان بە بنەماڵەکانیان داوە.


ئه‌م بابه‌ته 107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:20:21/05/2020