ڕۆییتێرز: سێ بەرپرسی ئێرانی دەڵێن تەقینەوەکەی نەتەنز بە هۆی هێرشی سایبێری بووە

ڕۆییتێرز: سێ بەرپرسی ئێرانی دەڵێن تەقینەوەکەی نەتەنز بە هۆی هێرشی سایبێری بووە
هەواڵنێری ڕۆییتێرز لە زمانی سێ بەرپرسی ئێرانی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند: ئاور و تەقینەوەکەی سایتی ناوەکی نەتەنز بە هۆی هێرشی سایبێری بووە.
یەکێک لەم بەرپرسانە بە ڕۆییتێرزی ڕاگەیاندووە ئەم هێرشە سایبێرییە، واحیدی مۆنتاژی سانتریفیووژەکانی کردووەتە ئامانج.
ڕۆییتێرز لە زمانی ئەم دوو کەسە ڕایگەیاندووە کە ئەگەری هەیە ئیسڕائیل لە پشتی ئەم هێرشە بێت بەڵام ئەم کەسانە بەڵگەیەکیان بۆ وتەکانی خۆیان پێشکەش نەکردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، بەرپرسانی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران ڕایانگەیاند: یەکێک لەو سوولانەی کە خەریکە ئامادە دەبێت، کارەساتێک ڕووی داوە بەڵام ئەم کارەساتە زیانێکی بە چالاکییەکانی سایتی ناوەکی نەتەنز نەگەیاندووە.
هاوکات ڕۆژی هەینی، ١٣ی پووشپەڕ، ڕۆژنامەی تایمز ئاوی ئیسڕائیل بە ئاماژە بە ڕاپۆڕتی بڵاوکراو لە ڕۆژنامەی ئەلجەریدەی کوەیت نووسی: "هێرشی سایبری ئیسڕائیل هۆکاری ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوەی ڕۆژی پێنجشەممە لە دامەزراوەی پیتاندنی ناوەکی لە نەتەنز بووە."
ڕۆژنامەی تایمز ئاوی ئیسڕائیل هۆکاری تەقینەوەی حەفتەی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی تارانی بە هێرشی ئیسڕائیل زانی و نووسی حەفتەی پێشوو "جێتە ئێف-٣٥"ەکان، سایتێکیان کە گوومان دەکرێ دامەزراوەی بەرهەم هێنانی مووشەک بێت بۆردوومان کردووە.
کەیوان خوسرەوەی، وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئەمنیەتی نیشتمانی ئێران، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هۆکاری ئەم کارەساتە لە نەتەنز بۆ ناوەندە کانی کۆماری ئیسلامی بە دروستی ڕوونە بەڵام بە هۆی تێبینی ئەمنیەتی لە ئێستادا ڕاناگەیەندرێت.

ئه‌م بابه‌ته 189 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:08:09:04/07/2020