دوو زیندانی سیاسی کورد بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزای ئیعدام ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران

دوو زیندانی سیاسی کورد بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزای ئیعدام ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران
ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، دوو بەندکراوی سیاسی کوردی مەحکووم بە سێدارە بە ناوەکانی "سابیر شێخە عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ رەسووڵزادە" لە بەندی ١ و ٢ی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گواستنەوەی لە ناکاوی ئەو دوو بەندکراوە بۆ ژووری تاکەکەسی بۆتە هۆی ناڕەزایەتی زیندانیانی دیکە و بەرپرسانی زیندان بۆ بەرگری لە دروست بوونی کێشە لە لایەن بەندکراوان، ئیزنی کۆبوونەوەی بەندکراوانیان لە ساڵۆنی زیندان نەداوە. هەر وەها بەرپرسێکی زیندان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو دوو زیندانییە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە.
سابیر شێخە عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە ڕێکەوتی ١٢ی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی "حسێن عوسمانی” خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستگیر کران و ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی سێدارە لە بەرچاوی خەڵکیان بەسەردا سەپا.
ناوبراوان بە تۆمەتی تەقینەوەیەکی دەستکرد لە شاری مەهاباد کە دەستی کۆماری ئیسلامی تێدابوو و هەروەها ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە.
سزای سێدارەی حسێن عوسمانی لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشێندراوە و مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو (٧ی ١٣٩٨ی هەتاوی) بە ٣٠ ساڵ زیندان گۆڕدرا و پەروەندەی دیاکۆ و سابیر نێردرا بۆ دادگایی شۆڕشی شاری ورمێ.
سابیر شێخە عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵزادە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بۆ جاری دووهەم و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "چابۆک"، بە تۆمەتی "دژایەتی لەگەڵ خودا" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، سزای ئیعدامیان بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات پەسەند کرا و بە مەبەستی جێبەجێ کردن نێردراوەتە ناوەندی جێبەجێکردنی حوکمەکان.
سابیر شێخە عەبدوڵڵا، لە کاتی دەستگیرکردنیدا، خوێندکاری ساڵی کۆتایی زانستگای تەباتەبایی تاران بووە.

ئه‌م بابه‌ته 187 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:29:13/07/2020