#کولبر_نکشید لە توێتێر بووبە ترەندی یەکەمی ئێران

#کولبر_نکشید لە توێتێر بووبە ترەندی یەکەمی ئێران
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تویتێر" بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی کۆڵبەران، هاشتەگی #کولبر_نکشید (#کۆڵبەر_مەکوژن) بوو بە ترەندی یەکەمی ئێران.

ئەو شەپۆلە تویتێرییە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، بۆ پشتیوانی کردن لە کۆڵبەران بە درووشمی "کوشتنی کۆڵبەران دەبێ ڕابوەستێت" دەستی پێکرد. بە پێی ئامارەکان تەنیا لە مانگی ڕابردوودا ٦ کۆڵبەر کوژراون و ١٤ کۆڵبەریش بریندار بوون.

بە پێی ئامارەکان لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوییەوە تا بەفرانباری ٩٨، لانیکەم ٢٤٩ کۆڵبەر کوژراون. 
خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە بەهۆی بێکاری و نەبوونی دەرفەتی پیشەیی و سەرچاوەیەک بۆ داهات و دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان ڕوویان کردووەتە "کۆڵبەری". 

"کۆڵبەری" پیشەی مرۆڤێکی ئەم سەردەمە نییە. ئەمە جیا لە زەحمەت بوونی ئەم پیشەیە، هێزە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران بە ناوی بەگژ داچوونەوەی "قاچاغ" ڕاستەوخۆ تەقە لەو کۆڵبەر کوردە هەژارانە دەکەن و دەیان کوژن. 

هەڵمەتی تویتێری بۆ پاراستنی گیانی کۆڵبەران و ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی بە ئەنقەستی ئەو کۆڵبەرانە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێكخرا کە شەوی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ بوو بە ترەندی یەکەمی ئێران.

ئه‌م بابه‌ته 161 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:39:04/08/2020