"مستەفا ساڵحی" لە سێدارە درا

"مستەفا ساڵحی" کە لە خۆپیشاندانەکەی بەفرانباری ساڵی ٩٦ دا دەستبەسەر کرا بوو، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی "دەستگرد"ی شاری ئیسفەهان لە سێدارە درا.

بە پێی ڕاگەیەندراوی قوەی قەزاییە و بە وتەی پەیوەندییە گشتییەکانی دادگای ئۆستانی ئیسفەهان، سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، حوکمی لە سێدارەدانی "موستەفا سالحی" کە لە خۆپیشاندانەکەی ساڵی ٩٦ لە شارۆچکەی "کەهریزسەنگ" سەر بە شاری "نەجەف ئاباد"ی ئۆستانی ئیسفەهان دەستبەسەر کرابوو، جێ بە جێ کرا.

دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٩٦ لە شاری مەشهەد  ٨ی بەفرانبار بوو، کە بە خێرایی گڕیخستە شارەکانیترەوە و بەدەستتێوەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ڕووی لە ئاڵۆزی و توندووتێژی نا.

بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی و نێودەوڵەتی و هەندێک لە هەواڵنێرییەکان زیاتر لە ٥ هەراز کەس دەستگیر کران و لانیکەم ٢٥ کەس کوژران. 

جێ بە جێ کردنی حوکمی "مستەفا ساڵحی" لە کاتێک دا ئەنجام درا کە هەموو لێکدانەوە و شرۆڤەکان باس لە ئەگەری هەڵگیرسانی خۆپیشاندانی جەماوەری بەرین لە ناوخۆی ئێران دەکرێت و مەبەستی سەرەکی کۆماری ئیسلامی لە جێ بەجێ کردنی ئەم حوکمە چاوترسێن کردنی خەڵکە لەوەی کە خۆیان لە دەربڕینی ئیعتراز و خۆپیشاندان ببوێرن.

ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:57:05/08/2020