ئەدەبیاتی نوێی کوردی و پلانەکانی کۆماری ئێسلامی

ئەدەبیاتی نوێی کوردی و پلانەکانی کۆماری ئێسلامی

سەیدەوان شەفیعی

ئەدەبیات وەک سەرەکی ترین مێدیۆمی هەر گەل و نەتەوەیێک هەمیشە جێگای بەرباس دانی ئامانجەکان و ئاواتەکانی گەلان بووه و گەلانی جیاواز لەو ڕێگاوە دوو چەمکی ئەمری واقێع و ئەمری حەقیقیان نیشان داوە و ئەدەبیات وەک چەمکێکی ئێتۆنۆم و سەربەخۆ هەمیشە لایەنەکانی تریشی لەبەرچاو بووه.

دیارە لەم ڕۆژانەی ڕۆژهەڵات دا که کۆماری ئێسلامی لە ڕێگەی ئیدارەی ئێرشادی ئیسلامییەوە دەستی بەسەر کارە هونەری و ئەدەبیەکانەوە گرتووە و دەستگاکەلی سانسۆڕ بە چڕ و پڕی خەریکی دەستێوەردان لە کاری شاعێران و نووسەرانن.

ئێدارەی ئێڕشاد وەک مەکۆی هەموو کارە فەرهەنگییەکان دیارە بەشێکی هەرە گرنگی سیاسەتەکانی کۆماری ئێسلامی لە شارەکانی کوردستان پیادە دەکات. پلانێک هەر گرنگی ئەم ئێدارە کە بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە ئیزنی کاریان بە کەس نەدەدا پەروەردەی تاقمێک لە بە ناو نووسەر و شاعێرە کە ناڕاستەوخۆ خەریکن بە شێوازێکی ناشیانە و بەدوور لە مۆڕاڵی نووسەرانە هێز و وزەی خەڵک بە تاڵان دەبەن چون بە تێڕوانینی ڕەخنەیی دەبینین که ئاستی ئەو شێعر و چیرۆک گەلە کە کەسانی راسپێردراوی ئێرشاد دەیان نووسن زۆر نزم و بێ کەیفیەت و بە دوور لە هەموو بنەماکانی ئێستاتیکا و جوانیناسییە و تەنیا لە حەدی دروشم دایە و بۆ گەمە کردن بە ئامانجەکانی گەلی کورد و زمانی کوردییە وەگەرنە لە هیچ قۆناغێک دا ئەدەبیاتی ئێمە ئاوا سست و بێ بنەما نەبووە.

ئیدارەی ئێرشاد وەک پلانگێڕی سەرەکی ئەم بابەتە و بە ڕێگە پێدان بە نووسەرانی لاواز و ئاست نزم و تەنانەت کەسانی کانفۆڕمیست و پۆپۆلیست بە تێکڕایی گەرەکییە بەردەنگی کورد و چاوەڕوانی ئەو بۆ کاری جیددی لە ناو بەرێت و نەهێڵێ دەستیان به کارە ئۆرجیناڵەکان و هەرە باشەکانی ئەدەبیاتی کوردی بگات چونکا ئەوان باش ئەدەبیات دەناسن و باشیش هەست بە مەترسیدار بوونی ئەو دەکەن.

ئەدەبیاتی کوردی لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵات کە خەریکە دەبێتە قوربانی پلانەکانی ئێرشاد و هەندێک بە ناو نووسەر، بە دڵنیاییەوە ناتوانێ بە ئاستێکی باشی ئافراندن و گەیشتن بە ئێپیستمەی تایبەت بەو ئەدەبیات و زمانه بگات و لە حەدی کارگەلی ماوەدار تەنیا بۆ شەوە شێعرێک یا فستیڤاڵێک بە کار دێن. ئەمە له حاڵێک دایە ئەدەبیات دەتوانێ دنیا و جیهان بینی ئێمە بگۆڕێ هەر بۆیە دەبێ ئەو کەسانەی کاری جیددی دەکەن و خاوەن شێواز و ستایلی تایبەتی ئەدەبین و یا لە ئەدەبیاتی کوردی دا گۆڕانکارییان کردووە بێنەوە گۆڕەپان و پلانەکانی ئێرشاد و نووسەرەکانی پووچەڵ وەکەن.

دەبێ ئێمە ئەوە بزانین ئەگەر شاعێرێک یا نووسەرێک لە نووسراوەکانی دا باسی کوردستان و ئازادی و... بکات هەموو کات بە مانای ئەوە نییە کە فڵانی کەسێکی شۆڕشگێڕە و ئەدیبێکی نەتەوەییە چون دەبێ سەرچاوەی فیکری و ماڵی ئەو نووسەرە یا ئەو شوێنانە کە هاتووچووی دەکات وەک ئەنجۆمەن و بنکەکانی ئێرشاد بناسرێت چون ئەو کەسە دیارە کانفۆڕمیستە ئەڵبەتە نە تەواوی ئەو کەسانەی هاتووچووی ئەو ئێدارە دەکەن، بەڵام زۆرینەی سەرکردە و دەبیرەکانی بنکەکانی ئێرشاد وان و خەریکی پەروەردەی نووسەرانی لاواز و بێ سەوادن.

ئەگەر ئەدەبیاتی کوردی سەردەمانێک کەسانێکی وەک «هێمن» و «گۆران» و و... بووە ئەلانیش کەسانێکی هەن کە چالاکییان کردووە و بە ناسینی مێتۆد و سەرچاوەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و هزری سەردەم توانیویانە خزمەتی باش بە ئەدەبیات بکەن هەرچەند ناویان دیار نییە و خەڵکانێکی کەم دەیان ناسن و ئەوەش بە هۆی نووسەرە بەکرێگیراوەکانە کە گوێی خەڵکی ئێمەیان بە دروشم و درۆ کەڕ کردووە.