بۆ دەبێ بەردەوام بین؟ دۆڕاندوومانە یاخود سەرکەوتووین؟

بۆ دەبێ بەردەوام بین؟ دۆڕاندوومانە یاخود سەرکەوتووین؟
بۆ دەبێ بەردەوام بین؟ دۆڕاندوومانە یاخود سەرکەوتووین؟



وەحید کەمالی ئیلامی

لەم بابەتە دەمەوێت بە شێوازێکی زۆر خۆمانەو عامیانە و بەشێوەیەک کەھەموو خوێنەرانی لە ھەر ئاستێکی خوێندن و تێگەیشتندا بتوانن لە مەبەستی ئەم نووسینە و ناوەڕۆکی بابەتەکە تێبگەن ئاماژە بە پرسیار و بابەتێکی گرینگ بدەم کە ڕەنگە لە ناخ و مێشکی ھەموو مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و تێکوشەری کورد دروست بووبێت یان ببیتەوە!
زۆر جار کە بە دیداری ھاوڕێیانی ئەندام و کادێر و پێشمەرگەی حێزبی لەھەر پلەو پایەیکی حێزبی دابن یاخود ھاوڕێیانی قەڵەم بە دەست و خەباتکاری مەدەنیم شاد دەبم و دادەنیشین و قسەوباسێک لەسەر دۆزی نەتەوەی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژھەڵات و ھەلومەرجی ئێستای حێزبە کوردییەکان و داھاتوو و چارەنووسی میللەتەکەمان دەکەین بەجۆرێک لەجۆرەکان تێکەڵاوێک لە ھیواو بێ ھیوایی، سەردەرگومی، ھەستکردن بە ماندووبوون، ملکەچبوون و تەسلیم بوون بە قەزاو قەدەری سیاسی، پەشیمانی لە ھاتن بۆ ناو حێزبەکان یان ڕێبازی شۆڕش، ھەستکردن بە بێ واتا بوونی ژیانی حێزبی، دابڕان و لەدەستدانی ژیانی ئاسایی کۆمەڵایەتی، گلەیی و گازندە لەم و ئەو، تووشبوون بە فەلسەفەی چاوەڕوانی (انتظار)، بیرکردن بۆ خۆ دەرباز کردن بەرەو وڵاتێکی ئۆرۆپایی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە و ...و چەندین شتی نەباشی (منفی) دیکە لە ھەڵسوکەوت و وتار و کرداریان دەبینم. واتە بەشێکی زۆری ئەم ھاوڕێیانە تەنھا بە ھۆکاری ئەوەیکە ناچار ماون و دەسەڵات و ئیمکانیان نییە درێژە بە ژیانی حێزبی دەدەن و ئەگەر بۆیان بڕەخسێت زۆر بە ئاسانی ھەمووشت بەجێ دەھێڵن بەرەو ئایندەیەکی نادیار و کەم بایەخ...!
ڕاستە بە دەیان ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی و ھیتد بوونە بە سەبەبی زەمینگیر بوون و لاوازبوون و کەمتر کاریگەر بوونی حێزبە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵات لە چاو چاوەڕوانییەکان و تێکوشانی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵات تووشی زۆر نەھامەتی نەخوازراو بووەتەوە و حێزبەکان بە ھۆکاری جۆراوجۆر لە کەسی (شخێی) بگرە ھەتا حێزبی و ناوچەیی و ... نەیانتوانیوە ئەرکی مێژووی خۆیان پێکبھێنن و پەیوەندی ڕاستەقینەی نیوان خەڵک و ھێزە سیاسییەکان وەک پێویست نییە و کەس نازانێت ئاراستەی ڕووداوەکانی داھاتوو بەرەو کوێیە و چی بەسەرمان دێت و ... بەڵام...! و دوبارەی دەکەمەوە «بەڵام» !
بەڵام تاک بەتاکی ئێمە دەبێ چەند پرسیاری جێددی و سەرەکی و بە واتا لەخۆمان بکەین.
دەبێ زۆر بە بێ تعاروف لەخۆمان بپرسین کە ئێمە کێن؟ چی بوو بە ھۆکاری ئەوەیکە بیر لە گوڕینی چەشنی ژیان و دابڕان لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا بکەین؟ بۆچی و بەدوای چی ھاتووین؟ بۆ لێرەین؟ واتای ھەبوونمان لە ڕیزی حێزبە سیاسییەکان یا لەچوارچێوەی خەباتی مەدەنی سەرەڕای ئەو ھەموو کێشەوگرفت و زەحمەتی و مەحرومییەتانە چییە؟ شۆڕش و خۆ بەدەستەوەنەدان (تسلیم نشدن) لەچی و لە کوێی و لەکییەوە دەستپێدەکات؟ سەرکوتن و شکست چین و واتایان چییە؟ ئێمە خۆمان و ژیانمان بەختی نەتەوەو خاکێک کردووە یان ئەوان دەبێ بەختی ئێمە ببن؟ پێشینیانمان بۆ ھەمووشتیان لەم ڕێگایەدا دا، بەڵام وازیان نەھێنا ؟! بۆ دەبێ بەردەوام بین؟ دۆڕاندوومانە یان سەرکەوتووین؟ ئەمانەوێ لە لاپەڕەکانی مێژوودا ون  ببین یا ھەمیشەیی بین؟ ئەرکی مێژوویی مرۆڤ لەبەرانبەر ھەبوونی خۆی و کۆمەڵگاو ئایندە چییە؟ ئایا قەت بیرمان لە «فەلسفەی تەکلیف» کردووتەوە؟
بێگومان ھەرکام لە ئێمە ڕەنگە وەڵامی جیاواز یان یەکسانمان ببێت بۆ پرسیارەکانی سەرەوە و زۆر ھۆکار ھەن کە کاریگەرن لەسەر مانەوە یان نەمانی مرۆڤەکان لە ڕیزی شۆڕش، بەڵام ئەو شتانەی کە سەرەکین لە شکان و ڕۆخانی کەسایەتی شۆڕشگێڕ و ماندووبوون و وازھێنان و بەلاڕێ چوون لە تێکوشان ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم : تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی ژیان 
دووھەم: زاڵبوونی چەمکی (مفھوم) بەرژەوەندیخوازی کەسیی(شخێی)
سێھەم : تێنەگەیشتن لە واتای شکست و سەرکەوتن
چوارەم : بیرنەکردن یان تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی تەکلیف
پێنجەم : تووشبوون بە شیرپەنجەی فەلسەفەی چاوەڕوانی (ئینتیزار)
شەشم : تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی ڕەنج و میرات سازی
ھەر مرۆڤێک کە دێتە جەرگەی شۆڕش و پێ دەنێتە مەسیری موبارزە سەرەڕای ئەوەیکە دەبێ لەسەر ئەساسی عەقڵانییەت و بڕواو بە لانیکەم تێگەیشتنێکی ڕێژەیی(نسبی) ئەم ڕێبازەی ھەڵبژاردبێت، دەبێ بزانێت ئەم چەشنە ژیانە دوو ڕەھەندی (بوعد) سەرەکی ھەیە کە یەکێکیان ڕەھەندی کەسیی خۆیە (بوعدی حەقیقی) و ئەوی دیکە ڕەھەندی موبارزاتی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە واتە (بوعدی حقووقی). جا کە وابێت دەبێ باش بیر لەم دوو چەمک و پێناسەیە بکەین تا بتوانین باڵانسێک لەنێوانیان دروست بکەین کە ببێتە ھۆی ئەوەیکە لە ھەر ھەلومەرجێک چی کاتە خوشەکان و چی کاتە سەخت و دژوارەکان توانای ئەوەمان ببێت بەردەوام بین و کۆڵ نەدەین.
بەڕاستی چوون دەتوانین ئەم تایبەتمەندییانە لە ناخی کەسایەتی خۆمان بەھێز بکەین تاکو زیاتر تێکەڵی کرداری موبارزاتی ببین و بە عەقڵ و دڵ و گیان و ژیان پەیوەندییەکی توندوتووڵ لەنیوان خۆمان و بیرۆکەی شۆڕش دروست بکەین؟
وەڵامی ئەم پرسیارە و زۆر پرسیاری گرینگی دیکە لە دڵی ئەو شەش خاڵەیە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا بۆیە لە خوارەوە تیشک دەخەمە سەر دانە بە دانەیان و زیاتر شییان دەکەمەوە :

-فەلسەفەی ژیان : 
لە سەرەتای دروست بوونی مرۆڤ ھەتاکو ئێستاکە بە دەیان میلیارد مرۆڤ پێناونەتە سەر خاکی زەوی و لە داھاتووشدا بە دەیان و... میلیاردی دیکە دێنە دونیا و دەمرن. لەکۆی ئەو ھەموو مرۆڤە چەنێکیان مرۆڤایەتی و کۆمەڵگاکانی بەشەری لە ھەموو بوارەکانی ژیان گەیاندوونەتە ئەم ئاستەی کە ئێستا مرۆڤایەتی تێدا دەژی ؟ چەنێکیان توانیویانە ھۆکار و ھاندەری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بن بۆ بڕینی قۆناغەکانی ژیان بەرەو پێشکەوتن و تەکامول و ئایندەیەکی گەش تر و مودێرن تر و ...؟ بێگومان ڕەنگە ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێشەنگ و داھێنەر و کاریگەر بوونە لە سەر چوونیەتی و چەندایەتی ژیانی بەشەر و دونیای مرۆڤیان گەیاندووتە ئەم ئاستە، یەک لە ھەزاری کۆی حەشیمەتی مرۆڤ لە سەرەتاوە تا ئێستا نەبووبن. ئەمانە ئەو کەسانە بوونە کە توانیویانە باڵانس و پەیوەندییەکی زانستی دروست بکەن لەنیوان ژیانی حەقیقی و حقووقی خۆیان و ببن بە بنیاتنەری خوڵقاندن لە بوارە جیاوازەکان و بەم شێوەیە ھەم واتا و مەعنا بدەن بە ژیان و ھەبوونی خۆیان ھەم ناو و ناوبانگی خۆیان لە میژوو و دەفتەری ناسنامەی مرۆڤ هەرمان بکەنەوە. ئێمەش دەتوانین وەک ئەو دەیان میلیاردەی دیکە کە ناویان ون بووە لە میژوو و بوون و نەبوونیان وەکو یەکە بڕۆین بەدوای یەک ڕەھەندی ژیان واتە ژیانی شەخسی و بەھرەمەند ببین لە زۆر کات و ساتی خوش و وەک بوونەوەرێکی بەکاربەر (مەسرەفچی) ژیانمان بگەیینین بە کۆتایی و ھیچ بەرھەمێکی دیاری و هەرمانمان نەبێت بۆ مرۆڤایەتی و دوای نەمانمان لە بیرۆکەی مرۆڤ و مێژوو نەمێنینەوە و ھەر ئێنسانێک بۆی ھەیە و دەتوانێت ئەمە ھەڵبژێرێت. بەڵام مادام ڕێگایەکی دیکەمان ھەڵبژاردووە و ھاتووین تا واتایەکی گەورەتر و بە مەعناتر بدەین بە ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتیمان دەبێ بزانین فەلسەفەی ژیان واتە «مانەوەو و ماندگاری». ھەرچەندە ڕێگای هەرمان بوونیش زۆرن بەڵام ئێمە ڕێگای خەبات و موبارزە بۆ ڕزگاری مرۆڤەکان و نەتەوەیەکمان ھەڵبژاردووە بۆ مانەوە و ماندگاری و لە ڕاستیدا یەکێک لە سەختترین و ئەستەم ترین ڕێگاکانمان بژاردووتەوە بۆ خۆمان و دەبێ ڕۆژانە و دەم بە ساعەت بیر لەم فەلسەفەیە و واتاکانی بکەین و ھەوڵ بدەین تا دەتوانین پەرەی پێبدەین و بەچێژتر و پڕ واتاتری بکەین.

-زاڵبوونی چەمکی بەرژەوەندیخوازی کەسیی:
ھەموومان لە واتای وشەی بەرژەوەندی دەزانین و لێی تێدەگەین. لێرەدا دەمەوێ بە تیشک خستنەسەر ناکۆکییەکی ئایدولوژیک سەبارەت بە چەمکی بەرژەوەندی ئەوە دەربخەم کە بۆ ئەم مەفھوومە لەگەڵ ژیانی شۆڕشگێڕانەی تاکەکەسیی ناگونجێت و بووە بە ھۆی ئەوەی زەربەی زۆر لە ھەیکەلی خەباتی نەتەوەیی و حیزبیمان بکەوێت. وەک دەزانین پێناسەی سیستەمی سەرمایەداری بۆ بەرژەوەندی «ڕەسەنایەتی (اصالت )دانە بە بەرژەوەندی تاک «لەحاڵێکدا لە بیروکەی سوسیالیستی و چەپ، ڕەسەنایەتی بە بەرژەوەندی کۆ» دەدرێت و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ئێمەی کورد چی وەک تاک و چی وەک حیزب لەسەر ئەساسی ڕێباز و بیرۆکەی چەپ  بناغەی خەبات و شۆڕشمان داڕشتووە، ئەگەر بێت و لەم بابەتە باش تێنەگەین یاخود نەتوانین ھاوسەنگییەک لە مەفھوومی بەرژەوەندی دروست بکەین بێگومان ھەم لە کەسایەتی خۆمان زەربە دەدەین ھەم لە ھەیکەلی حیزب و خەباتی نەتەوەییمان، بۆیە جیاواز لە خوێندنەوەی تئۆریک و ئیدئۆلۆژیک دەبێ پێناسەیەکی ڕاستەقینەمان ھەبێت دەربارەی سنوورەکانی بەرژەوەندیخوازی لەکەسایەتی خۆمان جا لەھەر پلەوپایەیەکی سیاسی و حیزبیش ببین. واتا تاکی خەباتکار و شۆڕشگێر دەبێ ئاست و سنووری مافی خۆی سەبارەت بەم چەمکە بۆخۆی دیاری بکات و لەژیان و لەکرداری ڕوژانەشی بەکردەوە پێکی بھێنێت. لە ڕاستیدا دەبێ پێناسەیەکی پێچەوانە بە وشە و چەمکی بەرژەوەندی بدات واتە ئەگەر بابەتی بەرژەوەندیخوازی دەبێتە ھۆی ئەوەیکە ھەرمرۆڤێک ھەوڵی زیاتر بۆ بەدەستخستنی سەرمایە و ئیمکانات بۆخۆی و...بدات، دەبێ ھەوڵی زیاتری مرۆڤی شۆڕشگێڕ بۆ ئەوە بێت کە بتوانێت بەرژەوەندی و بەھرەمەندی زیاتر بۆ چواردەوری خۆی و حێزبەکەی و نەتەوەکەی دابین بکات. ئەگەر لە ڕێبازێکی نەتەوەیی و حێزبێکی شۆڕشگێڕ بەرژەوەندە شەخسییەکان زاڵ ببن بەسەر بەرژەوەندی گشتی و سنووریان بۆ دیاری نەکرێت و مودیریەتی بەرژەوەندییەکان ناکارامە بن شکێ تێدا نییە کە ھەم تاکی خەباتگێڕ و ھەم حیزب و ھم ڕێباز تووشی زۆر نەخوشی سیاسی و موبارزاتی دەبن و واتای شۆڕشیش دەکەوێتە خزمەتی تاکە کەس و باند و مافیای سیاسی و لە درێژخایەن مرۆڤەکان یان واز لە خەبات دھێنن یان گوشەگیر و بێکەڵک دەبن یان دەبنە ئامێری دەستی نەیار و خزمەتی بەرژەوەندی داگیرکەران دەکەن. 

-تێنەگەیشتن لە واتای شکست و سەرکەوتن :
ئایا تا ئێستا بە وردی لەسەر ئەم بابەتە بیرمان کردووتەوە کە ئایا پێناسەی سەرکەوتن یان شکست بۆ کەسانێک وەک ئێمە و لەژیانێکی تایبەت و جیاوازدا لەگەڵ واتایان بۆ کەسان و خەڵکانێک کە لە ژیانێکی ئاساییدان یەکێکە یان جیاوازیان ھەیە؟! بە دڵنیاییەوە واتایان زۆر جیاوازە چوونکە فەلسەفە و بیرۆکە و واتای ئەم دوو چەشنە ژیانە جیاوازە و بۆیە زۆر سرووشتییە کە واتای سەرکەوتن و شکست لە ژیانێکی خۆنەویستانە لەگەڵ ژیانێکی ئاسایی کۆمەڵایەتی جیاوازیی ھەبێت. بەڕای من تاکی شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ھەر لەو کاتەی بڕیار دەدات کە تێکەڵی خەبات و ڕێبازی شۆڕش ببێت بەیەکجاری لەگەڵ چەمک و واتای شکست ماڵئاوایی دەکات و مەسیرێک دەگرێتە بەر کە ھەر لە سەرەتاوە ھەتاکو کۆتایی ژیانی شۆڕشگێڕانەی ھەمووی مەسیری سەرکەوتنە! بۆچی وا بیر دەکەمەوە و ھۆکاری ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە چییە؟ 
سەرەتا بڵێم بۆ دەبێ بیر بکەین کە شکستخواردووین؟ ھەر ئەوەندەی تاکی خەباتکار بیر لە شکست بکات بێ ھیوایی لەناخی بەھێز دەبێت و لێرەوەیە کە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی شۆڕشگێڕ لە وجودی بەرەو لاوازی و کاڵبوونەوە دەچن. جا ھەر بۆچی دەبێ بیر لە شکست و پەشیمانی بکات؟! مەگەر بە ھاتن بۆناو جەرگەی شۆڕش چ شتێکی بەنرخی لەدەستداوە جگە لەوەی ڕزگاری بووبێت لە ژیانێکی کوێڵایەتی و بێ واتاو بێ نرخ لە ژێر سێبەری دەسەڵاتێک کە ھەموو تاک و کۆمەڵگاو ڕەھەندەکانی ژیانی گەیاندووتەوە نزمترین ئاست و کەسایەتی شەخس و کۆمەڵگای پێکەوە داڕماندووەو وێران کردووە... بۆیە ھیچ جێگا و دەرفەتێک نییەو نابیندرێت بۆ گونجاندنی واتاو وشەی شکست بە پێچەوانە ئەوەی دەبیندرێت ھەمووی ھێمای سەرکەوتنن و ھەنگاو ھەڵگرتن بەرەو ژیانێکی ئازاد.
جا بۆیە ھەر ئەوەندەی بڕیاری داوە کە خۆی ڕزگار بکات لەژێر دەسەڵاتی سیستەمێکی داپڵۆسێنەر و دواکەوتوو و نامرۆڤانە و بە ھەمووشێوەیەک «نا»یەکی گەورەی وتووە بە درێژەدان بەژیان لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەر ئەمە یەکەمین سەرکەوتنی گەورەیە بۆی، ئەوەندەی کە پشتی کردووە بە کولتوور و دابونەریت و فەلسەفە و ئیدئۆلۆژی دەسەڵاتی زوڵم و زورداری ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە، ئەوەندەی کە خۆی یان بنەماڵەکەی و منداڵەکەی دوور خستووە لە بن کاریگەری پەروەردەی فیکری و ئاموزشی دەسەڵاتێکی ماوەبەسەرچوو ئەمە خۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە، ئەوەندەی کە دوورکەوتووە لە زۆر پرسی خرابی ئەخلاقی و فسادی کۆمەڵایەتی و دەتوانێ خۆی و کەسایەتییەکەی وەکو ئەوەی خۆی دەیھەوێت پەروەردە و کونتروڵ بکات ئەمە خۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە، ئەوەندەی کە تا ئەو ئاستە بەھێز و بە ئیرادە بووە کە ڕێگای ململانی و دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتێکی فاسد و گەندەڵ و دژە مرۆڤ ھەڵببژێرێت و خۆی داھاتوو و چارەنووسی خۆی دیاری بکات ئەمە خۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە، ئەوەندەی کە بڕیاری داوە لە چوارچێوەو قاڵبێکی شەخسی ژیان و بەرژەوەندی شەخسی و حەقیقی بێتە دەرەوەو پێناسەیەکی گەورەو بە واتا و حقووقی لەخۆی و ژیانی بکات ئەمە خۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە، ئەوەندەی کە بڕیاری داوە واتا و مەعنای ماندگاربوونەوە بدات بە ژیان و ھەبوونی و ھەمیشەیی و ھەتاھەتایی ببێت ئەمە خۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە، ئەوەندەی کە خۆی کردووە بە خشتێک لە دیواری خۆڕاگری و ھیوای نەتەوەیەک ئەمە خۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە و دەیان سەرکەوتنێکی دیکە ...دەبێ باش لەمە تێبگەین کە «لەم ڕێبازە شتێک بە نێوی شکست ھەبوونی نیە «! ئێمە دەمێکە سەرکەوتووین چوونکە ھێشتا دەتوانین بەو شێوەیەو لەو ڕێبازەی کە ھەڵمانبژاردووە بەردەوام بین و ئەگەر ڕۆژێکیش نەگەین بە مەبەست ئەمە بە واتای شکست و دۆڕان نییە بەڵکۆ درەنگێک یان دەست ئەندازێک یان کێشەیەک ڕوویداوە کە بە ئێمە چارەسەر نەکراوەتەوە بەڵام ئێمە بە ھیوایەکی گەورە ھەموو ھەوڵی پیرۆزمەندانەی خۆمان داوە لەو پێناوەو بە بێ شک جیلی داھاتوو  ئەمانگەینن بە مەبەست و مەقسەد.
- بیرنەکردن یان تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی تەکلیف :
ھەموو مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ لەڕاستیدا دەبێ لەوە تێبگات کە لەکاتی ھەڵبژاردنی ڕێگای خەبات و موبارزە، زیاتر لە ھەڵبژاردنی ڕێبازێکی سیاسی، چەشنێک لە ژیان ھەڵدەبژێرێت کە داب و نەریت و کولتوور و فەلسەفەی تایبەت بەخۆی ھەیە و ئەم بژاردەیە بە واتای ئەرکێکی کاتی یان مەودادار نییە، یان پرۆژەیەک نییە کە لە کاتێکی دیاریکراو تەواو ببێت و دوای ئەوە ھەرکەسەو بڕوات بەدوای ژیانی خۆی..!
موبارزەو خەبات و تێکوشانی شۆڕشگێڕانە فەلسەفەو مەعنای قووڵ و تایبەت بەخۆی ھەیە کە ھەرکەسێک زیاتر لێ ورد ببێتەوەو زیاتر لێ تێبگات ھەرئەوەندەش دەتوانێت تێدا بەردەوام ببێت .لێرەدا مەبەست لە دەربڕینی وشەو مەفھوومی تەکلیف لە ڕوانگەی ئایینی و مەزھەبی نییە بەڵکو کەڵک وەرگرتن لە واتای ئەم چەشنە تێڕوانینەیە لە ژیانێکی شۆڕشگێڕانەو خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بەو مەعنایە کە ھەر تاکێکی موبارز دەبێ فەلسەفەی ھەبێت بۆ ژیانی سیاسی و موبارزاتی خۆی و ھەبوونی خۆی لە جەرگەی شۆڕش وەکو «ئەرک و وەزیفەیەکی مێژوویی» پێناسە بکات و لە بەرانبەر سەختی و دژوارییەکانی ژیانی شۆڕشگێڕانە خۆڕاگر و دڵفراوان و کۆڵنەدەر بێت. لەکۆمەڵگای کوردیدا ئامانجێکی گشتی ھەیە کە ئەویش سەربەستی و ڕزگاری نەتەوەو خاکی کوردستانە و چەندین دەیەیە کە جیلە لەدوای یەکەکانی نەتەوەی کورد ھەوڵی بێ وچانی بۆ ئەدەن و بە ھەزاران گیانی پاک و بەنرخ لە پێناو ئەم ئامانجە بەخت کراوەتەوەو ھەنووکەش ھەزینەی بۆ دەدرێت . تایبەتمەندی داگیربوونی خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد و ئەو ھەلومەرجەی کە بەسەر کوردوکوردستان سەپێندراوە جیاوازی زۆری ھەیە لەگەڵ نەتەوە بندەستەکانی دیکەی دونیا بۆیە ڕێگاو شێواز و بەرنامەکانی تێکوشان و خەباتی نەتەوەیی کوردیش زۆر جیاوازترە لەوەی کە نەتەوە بندەستەکانی دیکە بە درێژایی مێژووی چەمکی ئازادیخوازی لەپێناو ڕزگاربوونیان کردوویانە.  تاکی موبارز و بەشدار لە ڕەوتی شۆڕشی کوردی دەبێ لەمە تێبگات کە ناتوانێت و ناکرێت وەکو خزمەتی دوو سێ ساڵەی سەربازی بۆ دەوڵەتێک و یان ئەرکێکی کاتی سەیری ئەندامبوون یان بەشداربوون یان پێشمەرگەبوونی خۆی لە خەباتی نەتەوەیی بکات و ماوەیەکی کورت تێکەڵی ببێت و دوایی وازی لێبھێنێت یان خانەنشین ببێت.بە پێچەوانە دەبێ وەکو ئەرکێکی ھەمیشەیی و ژیانێکی درێژخایەن لێ بڕوانێت و ڕەنگە ھەموو تەمەنیشی بەختی ئەم ڕێبازە بکات ھەر بەو شێوەیە کە جیلەکانی پێشوو کردیان و لەم پێناوە ئەوەی لە توانایان بوو و لە دەستیان ھات کردیان و تەنانەت بەشێکی زۆریشیان گیانیان بەخت کرد و ئەمە وەکو وەزیفەو دەین و قەرزی خۆیان بینی لەپێناو سەربەستی خاک و نەتەوەکەیان .بێگومان ئەگەر ئەوان جیاواز لە فەلسەفەی تەکلیف و وەزیفەی مێژوویی بیریان لەم بابەتە کردبایە ئەم میراتە نەدەگەیشتە جیلی ئێستا و داری ئازادیخوازی نەتەوەی کورد دەمێک بوو کە وشک ببوویەوە.بۆیە ھەرتاکێکی شۆڕشگێڕ ھیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لەوەی وا بیر بکاتەوە کە تێکوشان و شۆڕش واتە وەزیفەو ڕساڵەتێکی مێژوویی و دەبێ بە بێ تەوەقوع ھەموو تواناو ژیانی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکات.
 - تووشبوون بە شیرپەنجەی فەلسەفەی چاوەڕوانی (ئینتیزار) :
یەکێکی دیکە لەو نەخوشیانەی کە لە درێژماوە دەبێتە ھۆی بێ ھیوایی،ساردبوونەوە و لە کۆتاییدا دابڕان و دوورکەوتن لەخەبات و تێکوشانی شۆڕشگێڕانەو نەتەوەیی ، تووشبوونەوەیە بە فەلسەفەی چاوەڕوانی کردن و ئینتیزار کە بەداخەوە ئەم دیاردەیە تا ڕادەیەکی بەرجەستە لە سیمای تاکی موبارز و حێزبەکوردییەکان خۆی نیشان دەدات .زۆر ھۆکار ھەیە لە جێگربوونی ئەم چەمکە لە بیر و ژیانی تاک و حێزب و تەنانەت کۆمەڵگا.سەرەکی ترین سەرچاوەی دروست بوونی مەفھوومی چاوەڕوانی لەکەسایەتی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و چەشنی پەروەردەی تاک لە کۆمەڵگاو لە ژێر چەتری دەسەڵاتی دواکەوتوو و ئایین سالار کە بە کەڵک وەرگرتن لە بیرۆکەی چاوەڕوانی لەپێناو ملکەچ کردنی ئێنسانەکان و کۆمەڵگا بەردەوامی بە دەسەڵاتی خویان دەدەن . مرۆڤ و کۆمەڵگای گوش کراو بە فەلسەفەی چاوەڕوانی بۆ چارەسەر بوونی کێشەکانی ژیان یاخود پێشبردنی پیلان و بەرنامەکانیان بەردەوام چاوەڕێ کەس یان کەسانێکی ڕزگارکەر (مونجی) دەکەن.بۆیە دەبینین زۆرینەی تاک و کومەڵگا زەمین گیر بوونەتەوەو پێان وایە دەبێ کەسێک یان لایەنێک یان ھێزێکی دەرەکی بێت و لەو ھەلومەرجە نالەبارەی کە تێدان ڕزگاریان بکات.کە جوان سەرنجی ئەو کۆمەڵگایانە بدەین کە تووشی فەلسەفەو چەمکی چاوەڕوانی بوونەتەوە لە زۆرینەی بوارەکان و تەقریبەن ھەموویانیش ئەو کۆمەڵگایانەن کە ساختار و کولتوری ئایینیان ھەیە بە ئاشکرا دەبینین کە یان کۆمەڵگایەکی دواکەوتوون یان داگیرکراون وەک کورد یان ئەگەریش گەیشتبن بە ڕزگاری نەتەوەیی و وڵات و دەوڵەتیشیان ھەبێت دیسان تووشی دەسەڵاتی دواکەوتوو و دیکتاتورەکان بوونەتەوەو دووبارە ھەر چاوەڕێن کەسێک بێت و ببێتە ڕزگارکەریان ...!
تاکی شۆڕشگێڕ و حێزبە کوردییەکانیش بە ھۆی ئەوەیکە ھەرچوون بێت ھەڵقوڵاوی دابونەریت و کولتوور و پەروردەی کۆمەڵگای ئایین سالار و چاوەڕوان بووینە و کەوتووینەتە بن کاریگەری پەروەردەی فیکری و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەپەیوەندی لەگەڵ پەرەپێدانی ئەم فەلسەفەیە بۆیە دەبینین زۆرینەی تاک و مرۆڤی خەباتکاری سیاسی و حێزبی و تەنانەت خودی حێزبەکانیش بەسەختی تووشی ئەم نەخوشیە بوونەتەوەو بەساڵانە چاوەڕێ ئەوە دەکرێت کە «ڕزگارکەرەکە» بگات و ڕێگامان بۆ خوش بکات و تەنانەت ڕێکمانیش بخات ...ئەوەی کە دەبینین زۆرێک لە خەباتکار و تێکوشەرانی کورد و حێزبەسیاسیەکان ھەڕ ڕۆژەو پاشکۆی کەس و لایەنێک دەبن و پەنا بۆ دیگەران دەبەن ئەمە خۆی لەنیشانە بەھێزەکانی تووشبوون بە چەمکی چاوەڕوانیە .لەناو حێزب و کادرەکانی حێزبیش ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی زۆری ھەیە واتە کادر و پێشمەرگەی حێزبی تا فەرمانێک پێ نەدرێت بۆ خزمەت و پێشبردن و پێشخستنی بوارەکانی ژیانی تێکوشەرانەو حێزب و شۆڕشی نەتەوەیی،داھێنان و خەلاقییەت لە خۆی نیشان نادات و ئەگەر ماوەیەکی دوور و درێژیش لەناو حێزب بێ سازمان بێت خەمی نییەو ژیان بە فێڕوو دەدات و چاوەڕوانی ئەوەیە تاکو لەسەرەوە بۆ ئەرک یان دەورە یان کارێک فەرمانێک پێ بدرێت .
ھەبوونی تایبەتمەندییەکانی فەلسەفەی چاوەڕوانی لە ناخ و کەسایەتی تاکی موبارز و حێزبی شۆڕگێڕ دەبێتە ھۆی زەمین گیر بوونەوە، گۆشەگیری فەردی و حێزبی، دوورمانەوە لە داھێنان و خەلاقییەتی فیکری و فەردی و حێزبی، پاشکەوتوو بوون لە زۆرینەی ھاوکێشە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکان، بێ ھیوایی لە تێکوشان و موبارزە، لاوازبوون و نەمانی ھێزی ڕیسک کردنەوە، ونبوون و نەمان لە چوارچێوەی ھاوکێشە سیاسی و ژیئۆپۆلۆتیکەکانی وڵات و ناوچەکە،خەریک بوون بە بابەتە بێھودە و بچووک و بێ دەرەنجامەکانی ژیانی شەخسی و حێزبی وچەندین خراپەی دیکە کە لەدەرەنجامی ھەموو ئەمانە تاکی موبارز  ڕۆژ بەدوای ڕۆژ لە خەبات و تێکوشان سارد دەبێتەوەو واز لە تێکوشان دەھێنێت.
بۆ ڕزگار بوونەوە لەم نەخۆشییە یان بەلانی کەم کاڵ کردنەوەی ، ھەم حێزبی شۆڕشگێڕ و ھەم تاکی تێکوشەر چی حێزبی و سیاسی و پێشمەرگە بێت یاخود چالاکی مەدەنی  دەبێ ھەوڵ بدرێت کە کەسایەتی تاک و کەسایەتی حێزبی بەھێز بکرێت و بەردەوام ئاپدەیت (بەڕۆژ) بکرێتەوە .حێزبی سیاسی پێویستە بیر لە ھاوکێشەسازی تازە بکات لە ھەموو بوارەکاندا بەتایبەت لە پەرەپێدان بە جوغرافیا و ڕووبەری چالاکییەکانی چی لەبواری  ئێنسانی و چی لە ڕووی ناوچەو شوێنی خەبات ، واتە حێزب و ڕێبەرایەتی حێزبی نابێ قانیع بن بەوەی کە ھەیانەو دەبێ بەردەوام بیر لە گەورەبوونەوە بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش کادری لێھاتوو و چالاک و بە ئیدعا پەروەردە بکرێت و ئەرک و مەعموورییەتی مەیدانیان پێ بدرێت . بەھێز کردنی چەمکی دیالکتیک و گوڕانکاری بەردەوام لە ژیانی شەخسی و حێزبی کادرەکان و پوویایی کەسایەتی سازمانی بە کەڵک وەرگرتن لە مێتود و بەرنامەی پەروەردەی مودێرن و سەردەمی بە شێوازی بەردەوام دەتوانێت ھاندەری تاکی موبارز لە بەردەوامی مانەوەو تێکوشانی سیاسی و حێزبیی بێت.

- تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی ڕەنج و میرات سازی :
یەکێک لەو شتانەی کە شەخسییەت و واتا و ھیوا و ھێز و ھەستی خاوەندارێتی و جسارەت دەدات بە مەوجودییەتی مرۆڤەکان بەتایبەت مرۆڤی شۆڕشگێر « ڕەنج و کەد و ئەمەکە»و ھەرئێنسانێک بۆ ھەر شتێک زەحمەت و ڕەنجی ڕاستەقینەو دڵسووزانەی کێشابێت ، لە ھەر ھەلومەرجێک ھەوڵدەدات خاوەندارێتی لێبکات و بیپارێزێت تەنانەت جاروبار ئەگەر تەنانەت گیانیشی لەپێناوی بەخت کردبێت .لە ئەنجامی ھەر چەشنە ڕەنجێک مێراتێک لەدایک دەبێت واتا « ڕەنج دان و زەحمەت کێشان دایکی میراتە و میرات دەخۆڵقێنێت» و میرات بەھەر واتایەک و لە ھەربوارێک بۆ مرۆڤەکان سەرمایەو دەستمایەیە .تێگەیشتنی تاکی موبارز لە فەلسەفەی ڕەنج دان و  مەسەلەی بەرپرسیارییەتی لە بەرانبەر میراتی بەدیھاتوو خاڵێکی گرینگە بۆ ئەوەی کە تاکی تێکوشەر ھەموو کاتێک گرێدراو بێت بەو ڕێبازەی کە لە پێناوی سەختی و ڕەنجی کێشاوەو ژیان و تەمەنی بۆ تەرخانکردووەو دەبێ پارێزگاری لێبکات و ھیچکات وازی لێنەھێنێت و پشتی پێ نەکات.
سەبارەت بەم بابەتەخاڵێک ھەیە کە گرینگی تایبەت بەخۆی ھەیە و ئەویش ئەوەیە کەدەبێ بزانین « ڕەنج و میراتەکان کۆن و ماوەبەسەرچوو دەبن». ئەڵبەتە ڕەنگە ھەموو ڕەنج و میراتێک وا نەبن، بۆ وێنە گیانبەختکردنی مرۆڤەکان و شەھیدانی ڕێگای ئازادی کە ھەمیشەیی دەبن و لە مێژوو و داھاتووی جیلەکان ھەر ماندەگارن بەڵام کاریگەری بەشێکی زۆری میراتەکانی دیکە قۆناغ بە قۆناغ کاڵ دەبنەوەو ڕەنگە ئێتر کارایی و کەڵکیان نەمێنێت بۆیە بیرکردن لە پرۆژەی «میرات سازی لە بوارە جیاوازەکاندا بەگوێرەی پێویستی کات و مەرحەڵەی تێکوشان» یەکێکە لەو زەرووریاتەی کە ھەم حێزبی شۆڕشگێڕ و ھەم تاکی خەباتکار دەبێ لەبەر چاوی بگرن و بەرنامەو پیلانی ھەمیشەییان بۆی ببێت.دەبێ بزانین کە لەدایکبوونی میراتەکانن کە دەبنەھۆی ھەنگاوھەڵگرتن بەرەوە پێشەوە و نزیک بوون و گەیشتن بە ئامانجەکان .» ئەرکە لەسەرحێزبی سیاسی شۆڕشگێڕ کە کادر و پێشمەرگەکانی بەباشی لە فەلسەفەی ڕەنج و میراتسازی و پاراستنی بەھاکان تێبگەینێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت کە ئەوانیش بتوانن ڕەنجەدری ڕاستەقینەو مێعماری خوڵقاندنی میراتی تازە بن».
لەکۆتاییدا باشە دووبارە بەبیری خۆمان بێنینەوە کە مادام ئەرکە لەسەرمان کە تێبکوشین لەپێناو بەدیھاتنی ئاواتەکانی نەتەوەیەکی بندەست و ماف خوراو و زوڵم لێکراو و مادام ئەم ڕێگایەو ئەم چەشنە ژیانەمان ھەڵبژاردووتەوە، «دەبێ باش بزانین ھیچ ڕێگایەکمان نییە جیا لە بەردەوامبوون و دەبێ دڵنیا بین کە کۆتایی ڕێبازی سەرکەوتن ھەر سەرکەوتنەو واتای شکست بۆ تاکی شۆڕشگێڕ ئەو کاتەیە کە بە واز ھێنان لە تێکۆشان بگەڕێتەوە سەر خاڵی سەرەتایی و مەسیری ژیانێکی ئاسایی و ڕێبازی شکست ھەڵببژێرێت».

کۆتایی