لاوان و قەیرانی بێکاری لە کوردستانی رۆژهەڵات






فواد محەممەدی



ریشە سەرەکیەکانی بێکاری لە کومەڵگا
بێکاری یەکێک لە دیاردەکانی سیستەمی بازاڕ یان سیستەمی سەرمایەداریە کە لەو بابەتەو تیوریگەلێکی جیاواز بوونی هەیە. لە نێو ئەو تیوریانە سێ تیۆری خاوەن گرینگیێکی تایبەتن. تیۆری یەکەم تیوریگەلی کلاسیکە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئادام ئیسمیت و کەسانیتر کە لە ماوەی 250 تا 300 ساڵی رابردوو هاتوونەتە ئاراوە. لەم تیوریە بێکاری پەێوەندی بە رێژەی حەق دەستەوە هەیە. هەر چەند حەق دەست بڕواتە سەر بەو رێژەیە بێکاری دەتوانێت هەڵکشان بە خۆیەوە ببێنێت. لە راستیدا تیوری دارێژان هەوڵیان داوە پەیوەندیک لە نێوان بێکاری و میزانی حەق دەست بدۆزنەوە. ئەوان دەڵێن: ئەگەر حەق دەستەکان کەم بکرێتەوە هێزی کار هەرزانتر دەبێت. کاتێ کە هێزی کار هەرزانتر بوێت، هێزێکی کاری زۆرتر دادەمەزرێن و رێژەی بێکاری کەم دەبێتەوە. تیوری دووەم بۆ ساڵەکانی 1930 دەگەرێتەوە. لەو سەردەمەدا کینز، ئابووری ناسی ناوداری ئینگلیسی، تیوریکی لە بابەت بێکاری هێنایە ئاراوە. ناوبراو لەو باوەڕدا بوو ئەگەر لە بازار دا داواکاری دابەزێت، بێکاری زۆرتر دەبێتەوە. لە راستیدا ئەم تیوریە هەوڵ ئەدات پەیوەندی نێوان داواکاری و بێکاری پەیدا بکات. ئەگەر لە سیستەمی بازار دا بە هەر هۆکارێک داواکاری کەم بێتەوە، بێکاری زۆرتر دەبێت. ئەگەر کومەڵگای بکۆشێت بێکاری کەم کاتەوە دەبێ دەوڵەت دخاڵەت بکا و دەست بداتە سەرمایەگوزاری کردن و لەم رێگەوە نرخی بێکاری لە کومەڵگادا کە بە هۆی دابەزینی رێژەی داواکاری بۆ کاڵا و کەلوپەل زۆرتر بووەتەوە، کەم دەبێتەوە و کومەڵگای دەگەڕێتەوە سەر هەلومەرجی پێشووی خۆی. تیوری سێهەم، تیوریکە کە کارڵ مارکس هێناویەتە ئاراوە. بە پێ ئەم تیوریە بێکاری دیاردەیکە کە ناکرێت لە سیستەمی سەرمایەداری جیابکرێتەوە. لە راستیدا سیستەمی سەرمایەداری هەموو کات بێکاری لەگەڵ خۆی بەرهەم دێنێت. هەر بەم هۆکارە سیستەمی سەرمایەداری هەوڵ ئەدا هێزی پاشکوی کار کە بێکارانی کومەڵگان، بهێڵێتەوە تاکوو میزانی حەق دەستەکان بەردەوام بێنێتە خوارەوەو کەمی بکاتەوە. ڕای مارکس ئەوە بوو کە هێزی کاری مرۆڤ لە سیستەمی سەرمایەداری دا، کاڵایکە وەکوو کاڵاکانیتر کە لە کومەڵگادا دەکڕێت و دەفرۆشرێت. سەرمایەداری بە واتای سیستەم هەوڵ ئەدا تا ئەم کاڵایە لە بازار دا زۆرتر بێتەوە. کاتێکە ئەم کاڵایە لە بازار دا زۆرتر بێتەوە، دەتوانێت کاریگەری لە سەر نرخی هێزی کار ببێت یان نرخی هێزی کار لە رێژەیکی کەم و هەرزان دا رابگرێت. ئەم تیۆری گەلە هەرکام بە شێوازێک کێشەی بێکاری یان هەڵسەنگاندووە. هەموویان خاڵگەلیًکی پوزێتیڤ و سەرەنج راکێشیان هەیە و لە هەمان کات دا وەکوو هەر تیوریکیتر بە شێوەیکی سرووشتی کەم و کوڕیشیان هەیە، بەڵام تا جێگایک کە بۆ بێکاری دەگەڕێتەوە ئەم سێ تیوریە لە تیوریەکانیتر گرینگترن.

هۆکارە سەرەکیەکانی بێکاری لە ئێران و کوردستان
دەتوانین بڵێن لە نێوان بێکاری لە ئێران و کوردستان و تیوری گەلێک کە باسمان کرد، پەیوەندیکی تایبەت نابێنرێت. چونکوو کێشەی بێکاری لە ئێران و کوردستان سەرچاوەکەی بۆ دەستێوەردانی راستەوخۆی سیاسەت لە ئابووری دا دەگەڕێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا هەوڵی داوە هەموو لایەنەکانی ئابووری بە سیاسەت گرێ بدات. ئابووری لە خزمەتی سیاسەت دا، یەکێک لە ریشە سەرەکیەکانی بێکاری لە ئێران بەگشتی و کوردستان بە تایبەتیە. واتا ئابووری کەرەسەێک بۆ بە هێز کردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بووە و هیچ کات ئەوە لەبەرچاو نەگیراوە کە ئێران خاوەن کۆمەڵێک پوتانسییەڵی تایبەتی ئابووریە کە دەبێت لە خزمەت گەشەسەندن دا بەکار بهێنرێت. ئەوەیکە بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئارادا بووە، دابین کردنی ئامانجە سیاسیەکان لە رێگەی تواناییە ئابووریەکانی وڵات بووە.
کێشەی هەژاری و بێکاری وەکوو یەکێک لە کێشە و گرفتە سەرەکیەکانی کوردستان بە گشتی و لاوانی کورد بە تایبەتی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی زۆرتر بووەتەوە و هەموو ئامارە فەرمی و نافەرمیەکان دەرخەری ئەم راستیە تاڵەن

 هەروا کە دیارە ئابووری ئێران بە تووندی لە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی رژیمی ئیسلامی لە راستای دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی و بوون بە هێزێکی گەورەی نیزامیە لە ناوچەکە دا. لە ساڵانی رابردوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە کوردستان لە هەلومەرجێکی ئابووری تایبەت دا رابگرێت. بە ڕای کۆماری ئیسلامی کوردستان ناوچەێکە کە دەتوانێت دەس بە دەس بکرێت، بەم بۆنەوە سیاسەتگەلێکی تایبەت لەوانە پەرەپێدان بە هەژاری و بێکاری لە کوردستان رەچاو دەکات. لە ئاکام دا ئەگەر بە ئامارگەلێک کە حکومەت خۆی راێدەگەێنێت( ئامارێک کە بە هیچ جۆر باوەڕپێکراو نین بەڵام بۆ دەرخستنی بەشێک لە راستیەکان بەکەڵکن) بڕوانین دەبینین کە کوردستانی ئێران لە زۆربەی بوارەکان دا لەوانە، رێژەی بێکاری، داهاتی کەسیەتی(درامد سرانە) و رێژەی سەرمایەگوزاری لە نزمترین ئاستی خشتەی ئابووری ئێران دا جێگیر بووە. بۆ نموونە دەتوانین بڵێن ئاستی سەرمایەگوزاری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران نیهایەت 3 تا 4 لەسەد زۆرتر نیە. ئەم ئاستە لە سەرمایەگوزاری لە ئاستێکی زۆر کەم لە کوردستان، ئامانجگەلێکی سیاسی دیاریکراوی لە پشتە. کۆماری ئیسلامی، کوردستانی وەکوو ناوچەێکی گەشە نەسەندوو هێشتووەتەوە و ئەمەش کاریگەریکی زۆر قوڵی لە سەر ئاستی بێکاری لە کوردستان داناوە. بە جورێک کە نەبوونی سەرمایەگوزاری رێژەی بێکاری لە کوردستان دا زۆر بردووەتە سەرەوە.


لاوان و قەیرانی بێکاری
هەر وا کە ئاماژەمان پێکرد کێشەی هەژاری و بێکاری وەکوو یەکێک لە کێشە و گرفتە سەرەکیەکانی کوردستان بە گشتی و لاوانی کورد بە تایبەتی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی زۆرتر بووەتەوە و هەموو ئامارە فەرمی و نافەرمیەکان دەرخەری ئەم راستیە تاڵەن. پاش هاتنە سەرکاری حکومەتی ئیسلامی لە ئێران و بە فەرمانی خومەینی لە سەردەمی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق گەڵاڵەی بەرگری لە زیاد بوونی حەشیمەت ولانرا و خەڵک هاندران بۆ ئەوەیکە منداڵی زۆرتریان ببێت. بە قسەی خومەینی، دەسەڵاتدارانی ئیسلامی دیانەویست ئەرتەشی 20 ملیونی پێکبێنن و بیریان لەوە نەکردبوو کە ئەو شەڕە هەتا، هەتایی نیە و لە قوناغێک دا دەبێت کۆتایی پێبێنن. ئەمە بوو بە هۆی تەقینەوەی نرخی گەشەی حەشیمەت لە ئێران دا، بە جۆرێک کە ئێستا پاش سی ساڵ زۆرتر لە 70% لە خەڵکی ئێران تەمەنیان ژێر 35 ساڵە و لە هەر چوار نەفەر لە ئێران یەک نەفەریان لاوێکی 15 تا 29 ساڵ تەمەنە. کەمترخەمی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و بیر لە دوارۆژی وڵات نەکردنی ئەوان و ئەوەێکە لە کاتی شەڕ و ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەوان تەنیا لە بیری بەرژەوەندی بەرتەسکی حکومەت و لایەنگەرانی خۆیان بوون و هەن و هیچ بیریان لە داهاتوو و رەخساندنی هەلی کار و ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ منداڵانی ئەو کات و لاوانی ئێستای ئێران(کە لاوانی کوردستانیش دەگرێتە بەر) نەکردبوو. هەنووکە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی قەیرانی بێکاری شێوەێک لە پێناسە کردنی بێکارییان هەڵبژاردووە کە تا جێگایک کە دەکرێت رێژەی بێکاری کەمتر پیشان بدرێت. هەر بۆ ئەم مەبەستە لە یاسای کاری ئێران هەر کەسێک کە تەنیا 2 کاتژمێر لە هەفتەدا کار بکات بێکار ناێتە ئەژمار. تەنانەت بە پێ ئەم پێناسە و دوایین ئامارەکانی خودی حکومەت، 2 ملیون لاوی تەمەن 15 تا 29 ساڵ لە ئێران و کوردستان دا بێکارن و بەشێکی بەرچاویشیان خوێندنیان لە زانکۆ تەواو کردووە. لە ساڵی 2005 ی زایینی (1384 هەتاوی) گوڤاری لێکوڵینەوەکانی ئابووری رۆژهەڵاتی ناوەراست(میس) لە راپورتێکی تێر و تەسەلی تەحلیلی لە سەر کێشەی بێکاری لە ئێران نووسی: "قەێرانی بێکاری 40 لە سەدی ئێران کە 28 ملیون کەس دەگرێتە بەر، حەشیمەتی گشتی وڵاتی بە شێوە رێژەی و نیسبی تووشی هەژاری ئابووری کردووە". ئەمە لە کاتێک دایە کە رێژەی بێکاری لاوانی ئێران زۆرتر لە 50 لە سەدە و هەر بەم پێیەش و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی بە درێژایی مێژوویی پێکهاتنی دەوڵەتی مودێرن لە ئێران، دەتوانین بڵێن کە بە دڵنیایەوە ئەم رێژەیە لە کوردستانی ئێران زۆرتر و بەرچاوترە. بە واتاێکیتر لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بە تایبەتی بێکاری بووەتە قەێرانیکی کومەڵایەتی، بە جورێک کە لە هەر سێ لاوی کورد دوو کەسیان بێکارە و ئەمەش ئاکامی زۆر رووخێنەری هەیە بۆ پێکهاتەی بنەماڵە و زۆر بوونی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان. ئەم راستیە تاڵانە لە کاتێک دایە کە کوردستانی رۆژهەڵات خاوەنی پوتانسییەلی بەرچاو لە بواری کشتوکاڵ، سەرچاوەی ئاوی فراوان، هاوسنوور لەگەڵ سێ وڵاتی کۆماری ئازەربایجان، تورکیە و عێراق، سرووشتی گەشتیارپەسەند، کانگای زۆر و زۆر بوونی رێژەی توێژی خوێندەوارە و هەموو ئەمانە لە پارامێترە سەرەکیەکانی هەر کومەڵگاێکە بۆ گەشەی ئابووری و پێشکەوتن.


سەرچاوە: رۆژنامەی ژمارە(86)ی ئاسۆی رۆژهەڵات

PM:09:20:07/12/2012




ئه‌م بابه‌ته 1453 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌