پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشیی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی کارەساتی دڵتەزێنی شاری سنەوە

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان

بنەماڵەی قوربانیانی کارەساتی دڵتەزێنی شاری سنە

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی تەمەنی خۆی، بەهۆی ناکارامەیی و نالایەقییەوە ڕۆژ نییە نەبێتە هۆی خولقاندنی کارەسات و ڕووداوی دلتەزێن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵگای ئێران بەگشتیی و کوردستان بەتایبەتی.

بە پێی دانپێدانانی بەرپرسانی ناوەند و لایەنەکانی ئامارگیری، ڕێژەی قوربانیانی ڕووداوی رێگەوبان زۆرترە لە قوربانیانی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق؛ ئەمە لەحاڵێکدایە کە سەرچاوەی هەمووی ئەو ڕووداوانە ئەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرکی:
- ناستاندارد بوون
ی رێگەوبان و نزمبوونی ئاستی کوالیتەی ئامرازەکانی گواستنەوە
- ڕەچاونەکردنی
مەرجە توند و تۆڵەکان و بەسەرچوونی تەمەنی کارکردنی ئامرازەکانی گواستنەوە
- کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی بنەماڵەکان و ئەو گوشارە رۆحی و دەروونیانەی کە ڕووبەڕووی خەڵک و بەتایبەت شۆفیرەکان دەبێتەوە؛ سەرچاوەی ئەم هۆکارانە کە بووەتە خولقاندنی نەهامەتییەکانی کۆمەڵگا، خودی کۆماری ئیسلامیە.

لەم نێوانەدا لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران، کوردستان دۆخێکی تایبەتی هەیە و ئاستی ڕووداوی هاتوچۆ بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە، لەلایەک ئاوەڵا هێشتنەوەی دەستی هێزە سەربازیی، ئەمنییەتیی و ئێنتزامییەکان بۆ تەقەکردن لە خەڵک و ماشینەکان و لە لایەکیترەوە نالەباربوونی جادەکان و لەبەرچاونەگرتنی ئەمنیەتی خەڵک لە جادەکان بەردەوام قوربانی لێ دەکەوێتەوە.

ئەو ڕووداوانە چ بە ئەنقەست و چ بەهەڵکەوت کاریگەرییەکی وێرانکەری لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و تەنانەت تێکدانی ژینگە بووە. لەهەموو شوێنێکی جیهاندا، ئەو تانکەرانەی کە مادەی ژەهراویی، یان سووتەمەنی و بەگشتیی مادەی مەترسیدار، دەگوازنەوە، نابێت لە جادە گشتییەکاندا هاتووچۆ بکەن. بەڵام هەروەها کە دەبینین تا ئێستە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی جادەی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەکردووە و ئەمە یەکەمجاریش نییە کە لە کوردستاندا هاتووچۆی تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوت، قوربانی لێدەکەوێتەوە.

خەڵکی کوردستان لە بیریان نەچووەتەوە کە ساڵانی پێشووتر، چەند جار تانکەری هەڵگری مەوادی ژەهراوی و شیمیاییان ، ڕژاندە نێو بەنداوی سنە یان هەر بەدرێژایی ئەم ساڵانە شاهیدی ڕوودانی کارەساتی هاتووچۆ یان وەرگەڕانی تانکەری نەوت و سووتەمەنیەکانی دیکە بووین کە راستەوخۆ کاریگەری ڕووخێنەریان لە سەر کار و ژیان و گیانی خەڵک بووە.

دوو ساڵ لەمەو پێش، خەڵکی شاری مەریوان بۆ نارەزایەتی دەربرین بە هاتووچۆی ئەم تانکەرانە لەجادەی مەریوان - سنە نارەزایەتییان دەربڕی، پێوسیتە خەڵکی کوردستان پەرە بەو چەشنە ناڕەزایەتییانە بدەن و لە بەرانبەر ئەم چەشنە ڕووداوانەدا بێدەنگ نەبن.

وێڕای دەربڕێنی هاوخەمی و سەرەخۆشی لە جەماوەری خەڵکی کوردستان بە گشتیی و خەڵکی شاری سنە و بنەماڵە و کەس و کاری قوربانیان بە تایبەتیی، خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان ئەزانین و ڕا یدەگەێنین کە بەرپرسی راستەقینەی ئەو ڕووداوە کارەساتبار و ناخ هەژێنانە، کۆماری ئیسلامی و دام و دەزگا و دەست و پێوەندەکانین.

سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندیی

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧

١١/٧/٢٠١٨


 



AM:11:48:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌