داهاتووی ئێران بە چییەوە بەندە؟

بیژەن قوبادی
چل ساڵی ڕەبەقە کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی باس لە کۆماری ئیسلامی، تاوانەکانی و دژایەتی و دوژمنیی ئەو دەسەڵاتە لەگەڵ مرۆڤایەتی و سەرکی‌ترین و ئاسایی‌ترین پێوەر و بنەما ناسراوە ئینسانییەکان دەکەن و لە ئێران و وڵاتانی ناوچە و جیهان، بە هەر بیانوو و پاساوێکەوە لە ئاست ئەو حکومەتە خۆیان کەڕ و کوێر و لاڵ کردبوو. ئێستا و پاش ئەو ماوە دوور و درێژە دەس‌بردنی ئێران بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەوان و ئاشکرا بوونی فێڵ و تەڵەکە و فریوکاریەکانی لە لایەکەوە و لە لایەکی تریشەوە ڕوون بوونەوەی ڕواڵەتی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی بۆ جەماوەری دانیشتوانی ئێران و شکانی سومعەی خۆساختە و دژە ئینسانی و داماڵینی دەمامک و ڕووبەندەکەی و دەرکەوتنی ڕواڵەتە راستەقینەکەی، لە هەموو لایەکەوە کەوتۆتە بەر نەفرەت و بێزاریی جەماوەری.
بزووتنەوەی کوردستان بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەر مافە ڕەوا و ئینسانیەکانی خۆی پێداگری کردووە و مەینەتی کێشاوە و قوربانیی داوە. لەو لایەنانەی تا دوێنی بە پاساوی ڕەنگاوڕەنگ و لە پشت چاویلکەی ڕەش و سپی پاڵیان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیەوە دابوو، ئەمڕۆ زۆر شەرمێونانە هەوڵ دەدەن متمانەیەک بۆخۆیان دەستەبەر بکەن و لە ژێر دەمامکی ئیرانچێتیدا هێرش دەکەنە سەر هەموو لایەنە مافخوازەکان و خۆیانیان لە گشت کەسێک پێ شۆڕشگێڕترە. هەر ئەو شێوازە بیر کردنەوەیە کاتێک ناخی دەخوێنیتەوە، هەر هەمان بۆچوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە بەرانبەر بە کۆمەڵگای فرەچەشنی ئێران و تەنیا بڕێک جار بە گۆڕێنی بڕێک دەستەواژە و نە هێچیتر و بڕێک جاریش تووندتر لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئەو بۆچوونە داگیرکارانە و پاوانخوازە باش لەو ڕاستیە گەیشتووە کە ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی ئێرانێکی بە تەواوەتی جیاوازە بۆیە بە هەموو بارێکدا هەوڵ دەدەن ڕێگر بن لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. بابەتێکیتر کە زۆر جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ماویەکە دەستەواژەیەکیان هێناوەتە کایەوە و خۆیان پێدا هەڵواسیوە و ئەویش ئەوەیە کە دەسەلاتی کۆماری ئیسلامیان گرێ داوەتە ئێرانەوە. واتە لە قامووسی ئەواندا کۆماری ئیسلامی یەکسانە لەگەڵ ئێران و بە پێچەوانەشەوە ئێران یەکسانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. بەواتایەکی تر و زۆر ڕاشکاو دەڵێن: ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە واتای ڕووخانی ئێرانە و ئێران بە بێ کۆماری ئیسلامی هیچ واتایەکی نییە. ئینجا هەم پارێزەرانی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی و هەم پاوانخوازانی پان ئێرانیست لەم گرتەیەدا هاو ئاواز و هاو دەنگن. هەر بم هۆیەوەیە کە پێویستە ئەوانەی بڕوایان بە پاراستنی ئەو قەوارەیە دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن کە پاراستنی ئەو قەوارەیە تەنیا بە ڕازی کردن و تێگەیشتن لە زمانی پێکهاتە جیاوازەکانیئەو پانتایەی بە ناوی ئێرانەوە دەناسرێت خواست و ویست ڕازی بوونی ئەوانە تەنیا زامنی پاراستنی ئەو پانتاییە.
بەدرێژایی مێژوو گشت دەسەڵاتداران ئەوەیان تاقی کردۆتەوە کە بە زەبر و زەنگ و پەنا بردن بۆ کوشتن و سەرکوت و نکۆڵی لێکردن و کەتمان و هەوڵدان بۆ سڕینەوە فەرەچەشنیی کۆمەڵگای ئێران، بەڵام هەمیشە ئاکامی پێچەوانەیان دەسکەوتووە و خۆیان پاڵنەر و هاندەری خۆ دۆزینەوە و هەوڵدان بۆ بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆیان بوون و ڕۆژ لە داوی ڕۆژ پانتایەکی بەرینتر دەتەنێتەوە و دەنگ مافخوازیی نەتەوە بن‌دەستە حاشا لێکراوەکان بەرز و بەرزتر بۆتەوە.
بیانووی" جیایی‌خوازی" کە بنێشتە خۆشەی سەرزاری ئەو لایەنانەیە بۆ هەڵخڕاندنی هەستی کۆمەڵێک خەڵکی بێ ئاگا، تەنیا و تەنیا بیانوویەکە بۆ سەرکوتی هەر بانگێکی مافخوازنە. با بڕێک واقێع بین بن و تێبگەن کە جیایی‌خوازی لە چی؟ مەگەر بیابانە سویر و وشک و لماویەکانی یەزد و کرمان چیی تێدایە تا بەهەشتی پڕ لە سامانی و ئاو و ئاوەدانیی کوردستان، ئازەربایجان، لورستان، چوارمەحاڵ و تورکەمەن سەحرا و وڵاتی هەمیشە بەهاری مازندەران و گیلان و بەندەرە پڕ خێر و بێرەکانی بەلووچستان و هورموزگان و بۆشێهر و هەروەها سامانی نەوتی خووزستان بکەن بە قوربانی و لە مافی سرووشتی و ئاسایی و یاسایی خۆیان چاو پۆشی بکەن؟
لە ڕاستیدا ئەگەر جیایی خوازێک هەیە، ئەوە ئەوە بۆچوونە داخراو و پاوانخوازیە کە خۆی لە بینینی ڕاستیەکان کوێر و کەڕ دەکات و بە کردەوە خەریکی جیاکردنەوەی ئەو خەڵکانیە لە مافی سرووشتیی خۆیان و هانیان دەدات بۆ بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆیان. پێویستە لێرەدا و بۆ هەمیشە ئەو شێوازە تێڕوانینە پاوانخوازانەیە لە یەک بابەت تێ بگات ئەویش ئەوەیە کە ئێران بە گشت نەتەوە و پێکهاتەکانیەوە ئێرانە و بەدر لەوە "ئێران"ێک بوونی نییە. گشت سامان و داهاتی وڵاتی ئێران ئەگەر لە بەرچاو بگرین و پاشان بەشی نەتەوە پەراوێز خراوەکان لە کۆی ئەو بابەتانەی لێ دەر بکەین، پاشماوەکەی چییەوە و چەندەیە؟ ئینجا پێویستە گشت ئەو بابەتانە لە هەموو ڕەهەندەکان سفتەواڵەیی و نەرمەواڵاییدا لە بەرچاو بگیردرێن، ئەوسا دەردەکەوێت کە خاوەنی ڕاستەقینەی ئێران کێن.
ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە و کۆماڵگای ئێران بە گشت پێکهاتەکانیەوە بە ئاستێک لە خۆ دۆزینەوە و وشیاریی نەتەوەیی گەیشتوون کە چیتر مل بە دەسەڵاتی ملهوڕانە نادەن و نە بە پاسای "دین" و نە بە بیانووی "یەک وڵات و یەک نەتەوە" و نە هیچ ڕووبەند و دەمامکێکی تر ڕازی نابن چۆن بە درێژایی دەسەڵاتە ناوەندییەکان لە ئێران، مافیان پێشێلکراوە و پەراوێز خراون و متمانە بە هیچ بەڵێنێک ناکەن. بۆیە داهاتووی ئێران لە گرەوی ئەوەدایە کە پێویستە ئەو ڕاستیە بزانن موزائێکی ڕەنگینی ئێران بە گشت پێکهاتەکانیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی مافی یەکسان و بەرانبەر، دانپێدانانی کرداری و پەسەند کردنی یاسایەکی گشتگیر و ئەوڕۆیی و مل کەچ بوون بە ئەو یاسایانە، ئەو موزائێکە جوانتر دەمێنێتەوە و جوانتریش دەبێت. جیا لەوە، بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی ئەو پشیلە خرپنە هێچ ڕێگایەک نامێنێتەوە جگە لە پەنا بردن بۆ تێغی نەشتەرگەری و پاش ئەو نەشتەرگەریە پشیلەیەک نامێت بۆ مەزنخوازیی پان ئێرانیستی.



PM:08:38:05/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 1543 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌