وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە مامۆستایانی بەشدار لە مانگرتنی گشتیی مامۆستایانی ئێران

ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر، لە سەر بانگەوازی کۆمەڵگای فەرهەنگی و سینفی مامۆستایانی ئێران، مامۆستایانی زۆرێک لە قوتابخانەکانی شارەکانی ئێران و بە تایبەت کوردستان لە ناڕەزایەتی بە ناکارایی سیستەمی پەروەردە، زیندانی کردنی مامۆستایان، نەدانی حەقدەستی مامۆستایانی خانەنشین کراو و گرانی، مانگرتنی گشتییان بەڕێوەبرد.

بۆ لێکدانەوەی زیاتری ئەم پرسە، ئاسۆی ڕۆژهەڵات وتووێژێکی تایبەتی لە گەڵ یەکێک لە مامۆستایانی بەشدار لە مانگرتنە ئەنجام داوە.

پرسیار: سەرەتای پرسیارەکانم بەوە دەست پێ دەکەم، ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی ئیعتراز و دەربڕینی ناڕەزایەتی و تەنانەت مانگرتنی مامۆستایان لە ئێران بووین. جیاوازی لە نێوان تەحەسوون و یان مانگرتنەکەی ئەمساڵ لە چاو ساڵانی پێشووتر هەیە؟ ئەگەر هەیە چییە یان چین؟ 
وڵام: هەروەک ئاماژەتان پێدا ئەم رەوتە واتە داواکردنی رەوای مافەکان بە شێوازی مەدەنی دەستی پێکردووە و ئیمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو مامۆستایان دەستیان داوەتە مانگرتنی مەدەنیانە و هەڵبەت جیاواز لە ساڵی پار، ئیمساڵ خودی خوێندنگەکان بوونەتە جێی مانگرتن و بۆ یەکەم جار ئامانجی مانگرتن و شێوازی مانگرتنی مەدەنی بۆ خوێندکاران باس کرا و خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە مانگرتنی ئەمساڵ بەربڵاوتر له ساڵی پار بەڕێوەچوو و هەروەها سەرەڕای ئەو هەموو گوشار و وەعدی دەوڵەت و هێزه ئەمنیەکان بە بیانووی دۆخی جیاوازی ئەمساڵی ئێران بە بۆنەی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بەڕێوەچوو و ئەمە پیشاندەری ئەوەیە دەربڕینی ناڕەزایەتی مەدەنی گەیشتووەتە قۆناغێکی تەواو نوێ و وەستان و ویستانی بۆ نیە.

پرسیار: داواکارییەکانی ئەمساڵ لە چاو ساڵی پار و ساڵانی پێشووتر جیاوازن؟ داواکارییەکانتان چین؟
وڵام: بەڵێ جیاواز بوو تا رادەیەک؛ ئەمساڵ باس لە حەقدەستی مامۆستایان سەرەڕای دۆخی خراپی ئابووری زۆر بەرجەستە نەبوو، باس لە لابردنی هەڵاواردن بوو، باس لە لابردنی خوێندنگە کەسی و تایبەتییەکان بوو، باس لە ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانی و هەروەها ڕێزگرتن لە کەرامەتی مامۆستایان و ئاسانکاری بۆ ئەو خوێندکارانەی وا توانایی ماڵیان نیە بۆ خوێندن بوو، هەڵبەت لە سەرووی ئەمانە داواکاری بۆ چاکسازی بواری پەروەردە کە زۆر سەقەتە و فەشەلی هێناوە، بە گشتیی دەکرێت داواکاری مامۆستایان بە دوو بەشی باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان لە بواری پێڕاگەیشتن بە مامۆستایان و حەقدەستەکانیان و هاوسەنگ کردنی داهاتیان لەگەڵ خەرجییەکانیانە و بەشێکی دیکەش تێبینی دەربارەی دۆخی چۆنایەتی و کەیفییەتی ئاموزش و پەروەردە و فێرکارییە لە سیستەمی پەروەردەی ئێران!.

پرسیار: وڵام دانەوە بە داواکارییەکانتان لە لایەن بەرپرسانەوە بەریەککەوتنێک لەم دوو تەوەرەی داواکارییەکانتان پێک ناهێنێت؟ بۆ وێنە ئێوە بە باشتر کردنی دۆخی ژیانتان ڕازی بن، بەڵام چاوپۆشی لە داواکاریتان بۆ باشتر کردنی کەیفییەتی خوێندن، بکەن؟ تا چەندە پابەندن بەو مانگرتنە لە ئەگەری جێ بە جێ نەبوونی داواکارییەکانتان؟
وڵام: بە دڵنیایەوە کاری زۆر کراوە لە پیناو پەکێجی داواکارییەکان بۆ ئەوەی گشتگیر بێت و بە دڵنیایەوە مامۆستایان سوورن بۆ درێژەی مانگرتن و هەر لە ئێستادا زۆر کاناڵ بۆ هاوبیری دامەزراوە و مامۆستایان بەردەوام خەریکی ڕاوێژن.

پرسیار: مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی پێشووی مامۆستایان، بە دەستگیری چالاکانی سێنفی مامۆستایان کۆتایی هاتووە؟ ئایا دەستگیری و زیندان دەتوانێت لە داواکارییەکانتان پەشیمانتان کاتەوە؟ 
وڵام: گومانی تێدا نیە کە ئەم رەوتە و ئەم کاروانە وەستانی بۆ نیە سەرەڕای گرتن و هەڕەشە، بڕوا ناکەم بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی ئیستە کەس بتوانیت بە هیچ شێواز و شێوەیەک مامۆستایان ڕازی بکات؛ دەبێت دەوڵەت چاکسازی بنەڕەتی بکات و لەم ڕەوتەش کانوونی مامۆستایان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت و هەڵبەت ڕۆژ بە ڕۆژیش بەهێزتر دەبێ.

پرسیار: مەرجی سەرکەوتنی هەر چەشنە جووڵەیەکی لەو شێوەیە بەردەوام بوونیەتی، تا چەندە ئەم مەرجە لە لایەن مامۆستایانەوە لە بەرچاو دەگیردرێت؟ 
وڵام: کاری زۆری بۆ کراوە، هەزینەی زۆری بۆ دراوە؛بەرپرسان ئەم ڕەوتە بەردەوام لە پەیوەندی دان و ئامراز و رێگە زۆرە بۆ درێژەی پێوەندی و بەربڵاوتر کردنی ئەم بازنە بە هێزە، ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینە بۆ خواستێکی سێنفی دیاری کراوە، ئەگەرچی پێوەندی هەیە بە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا و ئەویش قوتابیانن.

پرسیار: چاوەڕوان دەکەن و یان داواکارییەکتان هەیە لە سەر پەیوەست بوونی خوێندکاران بەو ناڕەزایەتی دەربڕێنە؟ ئەگەر بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی خۆتان داواکاری لەو چەشنەتان لە خوێندکاران نەبێت، ئەی لە باقی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا چی؟ 
وڵام: وادەزانم جارێک زووە و ئێمە ئاگادارین بە میدیاکردن و لە پێش گرتنی شێوازی باش لە دەرئەنجامدا زۆر چین و توێژی دیکەی کۆمەڵگا پەیوەست دەکات؛ دەبێت جارێک زانیاری بدرێت و مومارەسە بکرێت.

پرسیار: خۆبواردنتان لە چوون بۆ سەر کلاسی دەرس دەنگدانەوەی بەرچاوی لە میدیا و بە تایبەتی سۆسیال میدیا هەبووە، چاوەڕوانیتان لەو بارەیەوە چییە؟ 
وڵام: چاوەڕوانیمان ئەوەیە دەنگدانەوەی بە هێز و زانستی و جوانی ببێتە هۆی ئەوەی ئەم چەشنە ئیعترازە ببێتە شیوازی باوی دەربڕینی ناڕەزایەتی سەرجەم چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگا، چوون ئەم شیوازە هەزینەی زۆر کەمترە لەو هەلوومەرجەی ئێستای ئێراندا.

AM:01:09:19/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 221 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌