تیرۆر و شوناسی كۆماری ئیسلامی

سەلاح بەهرامی

ئەم شێوازە، واتە تێرۆر، كە ئێران هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە پەیڕەوی كردووە و بە سڕینەوە و تیرۆری دژبەرانی هەوڵی مانەوەی خۆی داوە ئێستا پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ و تازەوە. هەرچەندە بە ڕواڵەت ئێران لە تیرۆردا سەركەوتوو بووە و توانیویەتی سەرۆكەكانی دژبەرانی خۆی لەناو بەرێت یان سەربازە ئەمریكی یان ناوەندەكانی جوولەكە بكاتە ئامانج، بەڵام ئەوە ڕوونە كە هەرچەندە لە كورت ماوەدا ئێران توانیویەتی دژبەرانی خۆی لاواز بكات بەڵام لە درێژماوەدا دەبینین كە ڕژیمی ئێران هەموو نەتەوەكانی ئێرانی كردۆتە دوژمنی خۆی و لە ڕاستیدا جگە لە نەتەوەكانی ئێران بەرامبەر بە هەموو دونیا وەستاوەتەوە كە ئەمەش هەنگاوێكە ڕژیمی ئێران دژ بە مانەوەی خۆی دەیهاوێت .خاڵێك كە لێرەدا دەبێت ئاماژەی پێ‌بكەین ئەوەیە كە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ڕاستیدا نوێنەری هەموو نەتەوەكانی ئێرانن و ڕەنگدانەوەی  ڕەنگ و دەنگی ئەوانن.  ڕژیمی ئێرانیش بە تیرۆركردنی سەرۆكەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕاستیدا دژ بە نەتەوەكانی ئێران دەوەستێتەوە و دەبێتە هۆی نەمانی ڕەوایی و مەشروعییەتی ڕژیم لە لای خەڵك و زەمینە بۆ شۆڕش و سەرهەڵدانی خەڵك ئامادە دەكات.
تیرۆر یان قەتڵی سیاسی جۆرێكە لە قەتڵی بە ئەنقەستی كەسایەتییەكی گرینگ كە بە ئامانجی سزادان یان ئامانجی سیاسییەوە جێبەجێ دەكرێت. كەسی تیرۆركراو خاوەن پلە و ناوبانگ یان ئاراستەیەكی سیاسییە  یان بە هۆی بێ‌ڕێزی بە ڕێباز یان بڕوایەك وەكوو ئایین دەكرێتە ئامانج. تیرۆر لە وشەیەكی فەرەنسی بە واتای ترس و ترساندن  سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لە زمانی فارسیدا واتایەكی دیكەی پێدراوە و بە مانای قەتڵێكی سیاسییە لە ڕێگەی چەكەوە.
لە زمانی ئینگلیزیدا تیرۆر بە وشەی assassin هاتووە كە لە ناوی گرووپی شێعەی فارسی نزارییەی حشاشین سەرچاوەی گرتووە كە لە لایەن حەسەن سەباحەوە بونیاد نراوە. ئەم گرووپە لە نێوان سەدەكانی هەشت تاكوو چواردەی زایینی لە بەشە ناوەندییەكانی ئێراندا چالاك بوون و بە ئامانجی سیاسییەوە دژبەرانیان لەناو دەبرد. بەو جۆرە كە دەڵێن، بكوژانی ئەم گرووپە لە كاتی كوشتندا حەشیشیان كێشاوە.  یەكەم جار ئەم وشە لە زمانی ئینگلیزیدا لە شانۆنامەی مەكبێس لە لایەن ویلیام شكسپیەر لە ساڵی 1605 بەكار هێنراوە .
هەرچەندە كە ڕژیمی ئێران پاش تێپەڕبوونی چل ساڵ لە تیرۆر و تۆقاندن لەناونەچووە، بەڵام مانەوەی تێچووی زۆری هەبووە بۆ نموونە لە دادگای میكۆنۆسدا عەلی خامنەیی و ڕەفسەنجانی و ولایەتی بە تیرۆر تاوانبار كران و پاش ئەوە زۆربەی وڵاتانی ئۆرووپایی نوێنەرانی خۆیان لە ئێران بانگهێشت كردەوە و ئەمە وەك خاڵێكی ڕەش لە پێشینەی ڕژیمدا ماوەتەوە. لێرەدا ڕژیم ویستی بە لەناوبردنی دژبەرانی مانەوەی خۆی گەرەنتی بكات كە لە ڕاستیدا ئەنجامێكی پێچەوانەی هەبوو. ڕژیم لە دادگایەكی ناسراودا بە ڕژیمێكی تیرۆریست ناسێندرا  و هەموو جیهان ئەوەیان بۆ دەركەوت كە ڕژیمی ئێران ڕژیمێكی تیرۆریستە. ڕژیمی ئیسلامی كە ئێستا لە بارودۆخێكی لاوازدایە و دەیهەوێت بە هەر شێوەیەك بووە خۆی لەو تەنگەژە دەرباز بكات و یەكێك لەو شێوازانەی كە ڕژیم كەڵكی لێ‌وەرگرتووە بریتییە لە تیرۆر. ڕژیم لە دوو بەشی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەردەوام دەستی داوەتە دیاری‌كردن و تیرۆری كەسە چالاك و  ڕۆشنبیرەكان و هەروەها فەرماندە سەربازییە لێهاتووەكان و هەرچەندە كە ئەم جارە دەستی ئاوەڵاتر كردووە و چالاكە مەدەنی و ژینگەییەكانیشی گرتۆتەوە و تەنانەت چالاكە ئەدەبییەكانیش. بێ‌گومان ڕێژەی تیرۆرە ناوخۆییەكان بە گشتی ۸۰ كەس بوون كە بریتی بوون لە كەسانی نووسەر و وەرگێڕ و شاعیر و چالاكوانی سیاسی و شارۆمەندی ئاسایی كە بە شێوازی جۆراوجۆری وەك پێكدادانی ماشین و لێدانی چەقۆ و تەقەكردن لە دزیی چەكدارانە و لێدانی دەرزیی پوتاسیۆم بۆ لێكچوونی لەگەڵ وەستانی دڵ، تیرۆر كراون .هەروەها 260 كەس لە چالاكانی ئوپوزیسیون لە باشوور لە لایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە بە شێوازی جۆراوجۆر تیرۆر كراون .ئەو خاڵەی كە ڕژیمی ئیسلامی پێی گەشتووە ئەوەیە كە پاش ئەو هەمووە تیرۆر و تۆقاندنە، ئێستا نە تەنیا ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە چالاكی نەكەوتووە و لەناو نەچووە بەڵكوو ئیستا ئۆپۆزیسیۆنێكی چالاكتر هەیە و ئەوە ڕژیمی ئێرانە كە بەردەوام لە هەڵدێر نزیك دەبێتەوە و بەرەو نەمان دەڕوات . هەر وەك پێشتر ئاماژەمان پێ‌دا تیرۆر یەكێك لەو‌ شێوازانە بووە كە ڕژیمە ناڕەواكان پەنایان بۆ بردووە و بەو شێوە و بە خەیاڵی خۆیان كێشەكەیان سڕیوەتەوە بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە كە مرۆڤ هەڵوەدای ئازادییە و هیچ كەس و ڕژیمێك ناتوانێت جەماوەری خۆی لە چوارچێوەیەكی داخراودا ببەستێتەوە و پێیان بڵێت كە ئازادی بوونی نییە یان ئازادی بەرتەسكە، ئەوە مرۆڤە كە مانای ئازادی دەزانێت و بۆ گەیشتن بە ئازادی وچان نادات و عاشقی ئازادی و سەربەستییە .


PM:10:26:05/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 506 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌