ئاوڕێک لە دۆخی بۆمەلەرزە لێدراوانی کرماشان

بیژەن قوبادی


 

یەک ساڵی رەبەق بەسەر بۆمەلەرەزەکەی کرماشاندا تێئەپەڕێت و هەر وەکوو نۆرمی داسەپاو بە سەر ئێران لە ماوەی ئەم چل ساڵەیەدا، گۆڕانکاریی زەق و بەرچاومان بینی و ئەزموون کرد! بە پێچەوانە نۆرمی باو لە جیهاندا، ولاتی ئێران پلەی یەکەمی هەیە و ئاڵاهەڵگری گۆڕانکاریە! بەلام نازانم چ سڕێکی تیایە کە بە پێچەوانەی گشت جیهان، لە ئێراندا گۆڕانکاریەکان ئاوەژوو و بە پێچەوانەن! ولاتی ئێران و دەسەڵاتی زاڵ بە سەر ئەو وڵاتەدا بێ رکابەرە! ئەگەر وەکو کێبەرکێەکی وەرزشی و زانستی و پێشکەوتن و داهێنانەکان و .... کاولکردن و ماڵ وێرانی داتەپینی ئاستی ژیان و پەشیمان بوونە لە ژیان و هەوڵدان بۆ خۆ کوشتن و خۆسووتاندن و کەم بایەخی ئینسان و بەها ئینسانیەکان، درۆ، چەواشەکاری بەرتیل خواردن. دزی و رواووڕووت، بی هێوایی بە داهاتوو و....... کێبەرکێ و تاقیکردنەوەیان بۆ دانرابا، بێشک لە گشت بەستین و رەهەندەکان و لە هەموو خولەکاندا ئێران و دەسەلاتدارنی ئێران پلەی یەکەمیان بوو. درێژەی کاولکاریەکانی ناوچە بۆمەلەرزە لێدراوەکان، کەمتەرخەمیی بەرپرسان و دەسەڵات، هەر لە یەکەم چرکەکانەوە تا ئەمڕۆ کە ساڵێکی لێ تێپەر ئەبێت و سەرجەم نەهامەتیەکانی خەڵکی بۆمەلەزرە لێدراو ئەو راستیە تالەمان پێ نیشان ئەدات کە کەس بە کەس نیە و دەسەلات و حکومەت کێشەیان کێشەی خەڵک نیە. جا باشە لەوەها حاڵێکدا، فەلسەفەی هەبوونی حکومەت و دەسەڵات چیە؟

هەرچەندە بەگشتی دۆخی دانیشتووان و خەڵکی ئێران بە گشتی خراپ و خراپتر و بەداخەوە هەر بەرو خراپیی زۆرتر و خراپ بوونتر ئەچێت و هیچ هیوایەک بۆ باشتر بوون بە دی ناکرێت، دۆخی خەڵکی بۆمەلەرزە لیدراو چەند قات خراپترە.

هەر بە بڵاو بوونەوەی هەواڵی بۆمەلەرزەکە، تێکڕای خەلکی کوردستان هەر لە سۆمارەوە تا سۆما و پارچەکانیتری کوردستان و زۆرێک لە ناوچەکانیتری ئێرانەوە خەلک بە بێ گوێدانە حکومەت و سەرەڕای کێشەو گرفتەکانی خۆیان کە بەرپرسی راستەقینەی هەموو نەهامەتیەکانی خەلکی ئێران و تەنانەت ولاتانی ناوچەکەش کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە، هاتنە مەیدان و کاروانی یارمەتی گەیاندن و خەڵکانی خۆبەخش بۆ یارمەتیدان روویان لەو ناوچانە کرد. بەبێشک خەڵک ئەرکی ئینسانی و نەتەوەیی خۆیان بە جێ هێنا و ئەگەر ئەو بەهاناوەهاتنەی خەلک نەبوایات، دۆخی ژیان و باری دەروونی لێقەوماوانی بۆمەلەرزە چەندین قات لەوەی کە هەیە، قورستر و گرانتر ئەبوو. جێگای پێزانین و رێزو ستایشی ئەو خەڵکەیە کە بە هەموو شێوازێک کە بۆیان لوابێت و دەرەتانیان هەبێت، لە هەموو کارەساتاکاند بە هانای یەکترەوە ئەچن.

خاڵی جێگای سرنج ئەوەیە لە حالێکا دەسەڵات و حکومەت و دام و دەزگاکانی کە ئەبێ لە وەها دۆخێکدا بەهانای خەڵکی لیقەماوە بچن و جەماوەر بۆ یارمەتی گەیاندن هان و بدەن و رێکیان بخەن، لەمپەر و کۆسپی سەر رێگای خەڵک بوون و هەن. بە دانانی بازگەوە کۆنترۆڵی خەڵک و کەل و پەلە یارمەتیە گشتیەکان، زۆریک لەو یارمەتیانەیان بۆ شوینی مەبەستی خۆیان گواستەوە و ئەنباریان کرد و لە خەڵکیان شاردەوە بۆ ئەوەی نەگاتە دەستی خەڵکی لێقەوماو یان لە بڕە شوینێکا کە ناچار ئەکەوتن بڕێکی زۆرکەم دابەش بکەن، بەناوی خۆیان، دامو دەزگاکانیان و سپای پاسدارانەوە دابەشیان ئەکرد و چاوەروانی ئەوەیان ئەکرد کە خەڵکی لێقەوماو بارەقەلاییان لێ بکەن.

لە حاڵێکا کە دەسەڵات و حکومەت بە ئەرکی خۆیان هەڵنەسان و یان بە پێی ئەزموونێک کە خەڵک لە دەسەڵاتیان بوو، متمانەیان بە کۆماری ئیسلامی و دام و دەزگاکانی نەکرد و خەڵکی خۆبەخش سەرەڕای گشت کارشکێنی و تەگەرە خستنەکان، چالاکانە بەشدار بوون. کۆمەڵیک خەڵکان و کەسایەتیی بەرچاو و دیاریش بەشدار بوون و لە بەر ئەوەی کە جێگای متمانەی خەلک بوون، توانیان رۆڵێکی کاریگەر بگێڕن و ئەمە خۆی بە میلی دەسەلات و دەسەڵاتدارن نەبوو و زۆریشیان پی ناخۆش بوو تا ئەمڕۆش خەریکی بەرد هاویشتەنەسەر رێگای کار و چالاکیی هەموو لایەنێکی خۆبەخش و خێر خوازن.

ئەمانە هەموو لە کاتێکان کە کۆماری ئیسلامی بە لێشاو خەریکی یارمەتی گەیاندن بە لایەنە تێرۆریستەکانی شەڕی سووریە و عێراق و یەمەن و لوبنان و فەلەستین و ئەفغانستان و ئاوەدان کردنەوە و نۆژەن کردنەوەی خێرای ئەو شوێنانەیە. لە لایەکی تریشەوە گەندەڵی گشت تان و پۆی ئەو رژیمەی تەنیوەتەوە و رۆژ و سات و ئان و کات نیە کە بیسەری هەواڵی ئاشکرا بوونی دزی و تاڵان و گەندەڵیی بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو رژیمە لە سەرجەم ئاست و دام و دەزگاکانیدا نەبین. هەر ئەمانە دەری ئەخەن کە کۆماری ئیسلامی شیاوی دەسەڵات و دەسەڵات دارەتی نیەوە. تا رۆژێک زیاتر بمێنێتەوە، بە قیمەتی لەقوڕ چەقینی زۆرتر و نەهامەتی و داروخانی زۆرتر ئەبێت لە گشت رەهەندەکانی ژیاندا تا ئاستێک کە شوێنێک بە ناوی ولات بۆ کاول کردن و کاولکاری نامێنێتەوە.


PM:02:11:12/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 1206 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌