رۆژی سێ شەممە ٢٩ی خەزەڵوەر ، مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکارانی هەفت تەپە
پێی نایە ١٦ هەمین رۆژی خۆیەوە. لە ١٦ هەمین رۆژی ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکارانی
هەفت تەپە. کرێکارەکان سەرەڕای دەستگیرکردن و هەڕەشەکردن وەک ١٥ رۆژی پێشتر لە شاری
شووش دەستیان دایە خۆپیشاندان.
کرێکارانی وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەبەرچاو نەگرتنی خواستەکانیان ،
خوازیاری ئازاد کردنی کرێکارانی دەستگیر کراو بوون. جێگەی ئاماژەیە رۆژی یەکشەممە
٢٧ی خەزەڵوەر ١٨ کرێکاری ئەم ناوەندە کرێکارییە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە
دەستگیر کران و رۆژی دواتر ١٢ کەس لەو کرێکارانە بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
هەروەها هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێ بەردەوام بن لە مانگرتن و خۆپیشاندان.
کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە رۆژی سێ شەممە ٢٩ی خەزەڵوەر لە ناو شاری
شووش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان رێک خست و خوازیاری ئازاد کردنی هاوکارەکانیان بوون.
لە ئێستەدا ٦ کرێکاری ئەم ناوەندە
پیشەسازییە لەوانە : ئیسماعیل بەخشی، موسلم ئارمەند، محەممەد حەنیفەر ، سەید حسەین
فازڵی دەستبەسەرن و تا ئێستە ئازاد نەکراون.
مانگرتنی کرێکارانی هەفت تەپە رۆژی ١٣ی خەزەڵوەر بە ناڕەزایەتی بە نەدانی
حەقدەستەکانیان و سپاردنی ئەم ناوەندە بە کەرتی تایبەت و لەبەرچاونەگرتنی خواستە
پیشەییەکانی کرێکاران دەستی پێکرد.
سەرەڕای سەرکوت کردن و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەڵام کرێکارەکان
خوازیاری گەیشتن بە مافەکانیانن.
لە چەند ساڵی رابردوودا، هەفت تەپە وەک ناوەندێکی پیشەسازی چەندین جار
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی کرێکارانی بەخۆوە دیوەو ئەتوانین ئەم ناوەندە بە یەکێک
لەو ناوەندانە بزانین کە کرێکاران سەرەڕای هەموو گوشارە حکوومەتیەکان بەڵام تێیدا
رێکخراون و سەرەڕای گوشارەکان هەوڵ دەدەن بە مافەکانی خۆیان بگەن.